رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستیی حەلەب، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لە شاری حەلەب، تاوەکو ئێستا 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 20ی دیکە برینداربوون.
عەبدولقادر فەرەح، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا لە حەلەب، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 19:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند، 3 کەس گیانیان لەدەست داوە کە دووانیان ژنن و لە دەیەی سێیەمی تەمەنیاندا بوون و کەسەکەی دیکەش تەمەنی 50 ساڵ بووە.
عەبدولقادر فەرەح گوتی، 3 برینداریان هەیە کە برینەکانیان مامناوەندە؛ دووانیان منداڵن و کاتێک لە قوتابخانە دەرچوون بریندار بوون؛ ئەوی دیکەشیان گوللە بەر چاوی کەوتووە و چاوێکی لەدەست داوە.
هاوکات دکتۆر ئازاد رەشۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی تەندروستی لە هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لای ئەوان 3 کەس گیانیان لەدەست داوە کە دوو پیاو و ژنێکن؛ یەکێک لە کوژراوەکانیش لە پێکهاتەی عەرەبە.
دکتۆر ئازاد رەشۆ گوتیشی، 18 کەسی دیکە بریندار بوون کە ژن و منداڵیان تێدایە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە بریندارەکان لە گەڕەکەکان ماون و نەتوانراوە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە.
بە گوتەی دکتۆر ئازاد رەشۆ، 3 لە بریندارەکان کە یەکێکیان منداڵە، ناتوانرێ چارەسەری پێویستیان لە نەخۆشخانەکەیان بۆ بکرێت، چونکە توانای نەخۆشخانەکە سنووردارە.
دکتۆر ئازاد رەشۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای کاژێر 14:00ی رۆژی سێشەممەوە، هەرسێ گەڕەکی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید تۆپباران کران و گەمارۆیەکی تووندیش خراوەتە سەریان، لە کاتێکدا پێویستییان بە دەرمان، خۆراک و سووتەمەنی هەیە؛ هەروەها رایگەیاند، پێویستییان بە خوێنی جۆری (O-) هەیە و هەندێک بەشی نەخۆشخانەکەش لەکار کەوتوون.
دۆخی ئەمنی لە شاری حەلەب لە بەیانیی ئەمڕۆوە بەرەو ئاڵۆزیی مەترسیدار رۆیشتووە و شەڕی قورس لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا (دیمەشق) دەستیپێکردووە. هەردوولاش یەکدی بە دەستپێشخەری لە هێرشکردن و بەکارهێنانی چەکی قورس تۆمەتبار دەکەن.
سەرەتا هەسەدە گیانلەدەستدانی ژنێک بەناوی (فاتیمە حەمادە) و برینداربوونی 17 کەسی راگەیاند؛ ئێستا ئاسایش دەڵێ، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
تەندروستیی حەلەبیش کوژرانی 3 هاووڵاتیی سڤیلی لە گەڕەکی (مەیدان) راگەیاند کە دووانیان ژن بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی حەلەب دەڵێ، 9 فەرمانبەریان بەهۆی تۆپبارانی هەسەدەوە بریندار بوون؛ بەگشتی ژمارەی بریندارانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت گەیشتووەتە 15 کەس.
بەگوێرەی ئاژانسی سانا، دانیشتووانی گەڕەکی (نیل) بەهۆی تۆپبارانەوە ماڵەکانیان چۆڵ کردووە؛ پارێزگاری حەلەبیش هۆشداری داوەتە خەڵک کە نەچنە سەنتەری شار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ