سوپای ئەمریکا: لە ئایاردا لەگەڵ هاوبەشەکانمان 38 ئۆپەراسیۆنمان دژی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە

07-06-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا دەڵێت، لە مانگی ئایاری 2023دا هێزەکانی هاوپەیمانان لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا 38 ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە.
 
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە مانگی ئایاری 2023دا، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و هێزە هاوبەشەکان 38 ئۆپەراسیۆنیان لە عێراق و سووریا دژی داعش ئەنجامداوە. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 8 چەکداری داعش کوژراون و 31 چەکداری دیکەش دەستگیرکراون."
 
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باشووری کوردستان و عێراق، سوپای ئەمریکا دەڵێت، 21 ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە کە هەموویان ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و لە ئەنجامدا شەش چەکداری داعش کوژراون و 11 چەکداری دیکەش دەستگیرکراون.
 
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، سوپای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە 17 ئۆپەراسیۆنیان لە سووریا ئەنجامداوە کە هاوبەش بوون لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و لە ئەنجامدا 20 چەکداری داعش دەستگیرکراون و دوو چەکداری دیکەی داعشیش کوژراون. 
 
ماتیۆ ماکفاڵن، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی داعش رایگەیاند، "هێزە هاوبەشەکانمان بەردەوامن لە نیشاندانی توانا و و لێهاتوویی بۆ بەردەوامیدان بە شکستپێهێنانی داعش."
 
ماکفاڵن گوتیشی، "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوامە لە هاوکاریکردن و پێدانی رێنمایی و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە گوشارخستنە سەر داعش و رێگە بگرن لە دروستبوونەوەی هەر جۆرە تۆڕێک یان رێکخراوێکی چەکداریی کاریگەر." 
 
سێنتکۆم ئاماژە بەوەش دەکات کە "سەرەڕای دابەزینی تواناکانی، داعش وەک هەڕەشەیەکی بەرچاو لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. لەگەڵ هاوبەشەکانمان پابەندین بە شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعش."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە