ئەمریکا دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر دەردەهێنێت

07-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
 
 

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاریانداوە ناوی رێکخراوی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە لیستی "رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان" دەربهێنن، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا کار بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا دەکات.
 
رۆژی دووشەممە، 7ـی تەممووزی 2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەگوێرەی ئەو بەڵێنەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە 13ی ئایاردا بۆ سووککردنی سزاكان لەسەر سووریا داویەتی، نیازی خۆم رادەگەیێنم بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستنیشانکردنی بەرەی نوسرە، کە بە دەستەی تەحریری شامیش ناسراوە، وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی."
 
بڕیارەکە لە هەشتی تەممووزەوە جێبەجێ دەکرێت. روبیۆ هەروەها گوتی، "هەنگاوەکەی سبەی دوای راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هەتەشە و پابەندبوونی حکومەتی سووریا دێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە."
 
ئەم هەنگاوە هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی سەرۆکایەتی واژۆکرد بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا، ئەوەش بەمەبەستی یارمەتیدان بۆ کۆتاییهێنان بە دابڕانی وڵاتەکە لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی.
 
دەستەی تەحریری شام، پێشتر لقی سووریای رێکخراوی قاعیدە بوو، کە بە بەرەی نوسرە ناسرابوو. لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، ئەحمەد شەرع سەرکردایەتیی دەستەکەی کرد و بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریایان لە دەسەڵات دوورخستەوە.
 
دەستەی تەحریری شامی ژێر سەرکردایەتیی شەرع چەندین ساڵ لەمەوبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە پچڕاندووە و رایگەیاندووە کە دەیەوێت "سووریایەکی گشتگیر و دیموکرات" دروست بکات.
 
شەرع و ترەمپ لە مانگی ئایاردا لە ریاز کۆبوونەوە و لەوێ ترەمپ رایگەیاند، سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا هەڵدەگرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر رایگەیاندبوو، سووککردنی سزاکان لە بەرامبەر چەند مەرجە، لەوانە دەرکردنی هەموو چەکدارە بیانییەکان لە سووریا، رادەستکردنی ئەو کەسانەی واشنتن بە "تیرۆریستی فەلەستینی" ناویان دەبات و یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
ئەمریکا پێشتریش دوای ئەوەی شەرع دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەو خەڵاتەی سڕییەوە کە بۆ دەستگیرکردنی دانرابوو.
 
دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان 
 
رۆژی هەینی، سووریا رایگەیاند ئامادەیە لەگەڵ ئەمریکا هاوئاهەنگی بکات بۆ دووبارە جێبەجێکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل بۆ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەنێو خاکی سووریا. 
 
ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لەدوای دەستبەکاربوونی شەرع وەک سەرۆکی کاتی، هەنگاوی خێرایان ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا؛ رۆژی شەممەش بەریتانیا دوای زیاتر لە دەیەیەک پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دیمەشق دەستپێکردەوە.
 
بەریتانیا هەروەها سزاکانی سەر وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سووریا و چەندین گرووپی میدیایی، دەزگای هەواڵگری و هەندێک کەرتی ئابووریی هەڵگرتووە.
 
ئەم پشتیوانییە نێودەوڵەتییە لە کاتێکدایە کە سەرکردە نوێیەکانی سووریا هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بووژاندنەوەی ئابووری دەدەن، کە هەردووکیان بەهۆی ململانێ و سزاکانەوە وێران بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە