رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە چەند دیمەنێکی عەفرین دەبینن کە لەلایەن هاونیشتمانییەکەوە سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ رووداو نێردراون، بەو دیمەنانە بێت عەفرین پڕ بووە لە کەمپ و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ عەرەب و تورکمانە هاوردەکان.
لێکۆڵینڤانێکی خەڵکی جندرێس قسەی لەسەر نیشتەجێکردنی عەرەب و تورکمانی هاوردە بۆ رووداو کردووە و دەڵێت، سەرانسەری عەفرین بووەتە کەمپ و کۆمەڵگە بۆ نیشتەجێکردنی هاوردەکان.
زۆرینەی خێزانەکانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەگەڵ عەرەب و تورکمان هاوردەکانیش چوونەتە نێو ئەو ماڵانەی کە خەڵکەکەی ئاوارە بوون.
بە پێی زانیارییەکانی رووداو کە لە چەند سەرچاوەیەک لە عەفرین وەریگرتوون، 10 کەمپ لە ناحیەی ماباتا هەن و تێیاندا 875 خێزانی هاوردە نیشتەجێکراون. چوار کەمپ لە ناحیەی بلبلێ دروستکراون و 450 خێزانیان تێدا دەژین. هەروەها لە ناحیەی شەرا 7 کەمپ دروستکراون. هاوکات لە سێ کۆمەڵگەیان هەزار و 600 خانوو بۆ نیشتەجێکردنی هاوردەکان دروستکراون.
رێکخراوە کۆمەکبەخشەکانی فەلەستین، کوێت و قەتەر هەشت کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان لە عەفرین دروستکردووە.
د. وەلید شێخۆ، سیاسەتڤان و لێکۆڵینڤانێکی خەڵکی شارۆچکەی جندرێسە لە عەفرین بەدواداچوون بۆ دۆخی دەڤەرەکە دەکات. ئەو بە کورتی و بە کوردی رووداوی گوت، سەرانسەری دەڤەری عەفرین بووەتە کەمپ و کۆمەڵگە بۆ نیشتەجێکردنی هاوردەکان.
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێیەکان جگە لە کەمپ و کۆمەڵگەکان. لە سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکانی عەفرین، خێزانی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و عەرەب و تورکمانە هاوردەکان لەنێو ئەو ماڵانە نیشتەجێبوونە کە خەڵکەکەی لە دوای هێرشی تورکیا ئاوارەبوونە. بەگوتەی ئەو سەرچاوانە ئێستا لە هەندێک گوند ژمارەی عەرەب و تورکمانی هاوردە لە دانیشتووانی رەسەنی ناوچەکە زیاترن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ