رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا شار لە دوای شاری سووریا بە هێرشێکی خێرای ئۆپۆزسیۆن دەکەوت، هێزە ئێرانییەکان و دیپلۆماتەکان، کە بۆ ساڵانێک پشتیوانێکی سەرەکیی بەشار ئەسەد بوون، نووسراوی سەر دیواریان خوێندبووەوە و چەند رۆژێک پێش رووخانی، بە نهێنی پشتیان تێکرد و وڵاتیان بەجێهێشت.
ئێران، لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا کە لە ساڵی 2011ـەوە دەستیپێکرد، "یەکێک بوو لە گەورەترین پشتیوانەکانی دیمەشق و راوێژکاری سەربازی و هێزی لە سوپای پاسدارانەوە بۆ دەنارد. چەکدارانی هاوپەیمانیی ئێران؛ بەتایبەتی لە حیزبوڵڵای لوبنانی، عێراق و ئەفغانستان شوێنە گرنگەکانیان کۆنترۆڵ کردبوو، بەڵام لە بەرامبەر هێرشە خێراکەی هێزە ئیسلامییەکاندا بەرەو پایتەخت، وەک خوێ توانەوە."
ئەمانە قسەی ئەفسەرێکی پێشووی سووریایە کە لە یەکێک لە بارەگا ئەمنییەکانی سوپای پاسداران لە دیمەشق کاری کردبوو. ئەفسەرەکە دەڵێ، رۆژی 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرپەرشتیارە ئێرانییەکەی بە ناوی (حاجی ئەبوو ئیبراهیم) بۆ کۆبوونەوەیەکی "گرنگ" بانگێشتی کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزیکەی 20 ئەفسەر و سەربازی سووریایی ئامادە بوون، حاجی هەواڵێکی شۆکهێنەری پێ راگەیاندبوون: "لە ئەمڕۆوە، چیدیکە سوپای پاسداران لە سووریا نامێنێت. ئێمە دەڕۆین. هەموو شتێک کۆتاییهات. لە ئەمڕۆوە، چیدیکە ئێمە لە ئێوە بەرپرس نین."
ئەفسەرەکە گوتی، فەرمانیان پێکرابوو هەموو بەڵگەنامە هەستیارەکان بسووتێنن و هاردی [بیرگەی] کۆمپیوتەرەکان دەربهێنن. بەگوتەی ئەفسەرەکە، هەرچەندە دەیانزانی دۆخەکە خراپە، "بەڵام نەک تاوەکو ئەو رادەیە." یەک مانگ مووچەی پێشوەختەیان پێدرابوو و نێردرابوونەوە ماڵەوە. دوو رۆژ دواتر، هێزە ئیسلامییەکان بەبێ شەڕ چوونە ناو دیمەشقەوە، ئەمە دوای ئەوەی ئەسەد بۆ رووسیا هەڵات.
قەرەباڵخیی سنوور و کۆنسووڵخانەی چۆڵ
دوو کارمەندی پێشووی کۆنسووڵخانەی ئێران لە دیمەشقیش، چیرۆکی هەڵاتنە خێراکەی ئێرانییەکانیان پشتڕاستکردەوە. ئەوان گوتیان، ئێوارەی رۆژی 5ـی کانوونی یەکەم، کۆنسووڵخانەکە بە تەواوی چۆڵ کرابوو و دیپلۆماتە ئێرانییەکان لە سنوورەوە بەرەو بەیرووت هەڵاتن. چەند کارمەندێکی سووریایی کە "وڵاتینامەی ئێرانییان هەبوو، لەگەڵ ئەفسەرە باڵاکانی سوپای پاسداراندا رۆیشتن."
لە دەروازەی سنووریی جەدیدە یابوس کە دەکەوێتە رۆژئاوای سووریا و هاوسنووری لوبنانە، شۆفێرانی تاکسی و کارمەندانی پێشوو باسیان لە قەرەباڵخییەکی بێوێنە کردبوو لە رۆژانی 5 و 6ـی کانوونی یەکەمدا، کە چاوەڕوانی بۆ پەڕینەوە لە سنوور گەیشتبووە هەشت کاژێر. هەردوو کارمەندەکەی کۆنسووڵخانە گوتیان، ئێرانییەکان بە کارمەندە سووریاییەکانیان گوتبوو لە ماڵەوە بمێننەوە و سێ مانگ مووچەیان پێدابوون. بەیانیی رۆژی 6ـی کانوونی یەکەم، باڵیۆزخانە، کۆنسووڵخانە و هەموو پێگە ئەمنییەکانی ئێران چۆڵ کرابوون.
کشانەوە لە حەلەب و بەجێهێشتنی پاسپۆرت
عەقید محەممەد دیبۆ، کە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەددا کردبوو و ئێستا لە سوپای نوێی سووریادا خزمەت دەکات رایگەیاند، کاتێک شاری حەلەب لە سەرەتای هەڵمەتەکەدا کەوت، "ئێران وازی لە شەڕکردن هێنا" و هێزەکانی "دوای داڕمانی خێرای" سوپای ئەسەد، ناچار بوون بە پەلە بکشێنەوە.
لە ناو ئەو بارەگا چۆڵکراوەی کە شوێنەواری درووشمەکانی ئێران و حیزبوڵڵا و وێنەی شمشێرێک کە ئاڵای ئیسرائیل دەدڕێت، پێوەی مابوو، دیبۆ گوتی، "نزیکەی 4,000 کارمەندی سەربازیی ئێرانی لەڕێگەی بنکەی حمێمیمی رووسیاوە گواسترانەوە." ئەوانی دیکەش لەڕێگەی وشکانییەوە بەرەو عێراق و لوبنان هەڵاتن.
کشانەوەکە ئەوەندە بەپەلە بووە کە "کاتێک چوینە ناو بنکەکانیان" لە پارێزگای حەلەب، "پاسپۆرت و ناسنامەی ئەفسەرە ئێرانییەکانمان دۆزییەوە کە تەنانەت دەرفەتی ئەوەشیان نەبووبوو بیانبەنەوە."
ئەفسەرە پێشووەکەی سوپاکەی ئەسەدیش رایگەیاند، رۆژی 5ـی کانوونی یەکەم، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئێران بە ناوی (حاجی جەواد) و چەند سەرباز و ئەفسەرێکی ئێرانی، گواسترابوونەوە بۆ بنکەی حمێمیمی رووسیا لەسەر کەناری دەریای نێوەڕاست، لەوێوە چووبوونەوە بۆ تاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ