یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی 'هێرشی پاشماوەکانی ئەسەد بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی دیمەشق' دەکات

09-03-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی ئەورووپی بۆ کاروباری دەرەوەی سەر بە یەکێتیی ئەورووپا بڵاویکردەوە، یەکێتیی ئەورووپا "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی پاشماوەکانی ئەسەد بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا دەکات" و داوای پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلیش دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 9ی ئاداری 2025، ئاژانسی ئەورووپی بۆ کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا راگەیێندراوێکی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "یەکێتیی ئەورووپا بە تووندترین شێواز سەرکۆنەی هێرشەکانی پاشماوەکانی ئەسەد بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا و هەموو تووندوتیژییەکان دژی هاووڵاتییانی سڤیل دەکات". 
 
لە رۆژی پێنجشەممەوە، هەردوو پارێزگای لازقیە و تەرتووس کە دانیشتووانەکەی زۆرینە عەلەوین، رووبەڕووی پێکدادانێکی قورس و خوێناوی بوونەوە. شەڕ لە نێوان دەسەڵاتی نوێی سووریا و چەند گرووپێک روویدا، کە دەگوترێت لایەنگری دەسەڵاتی ئەسەدن. 
 
ئاژانسە ئەورووپییەکە دەڵێت: "پێویستە بەگوێرەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی لە هەموو دۆخێکدا هاووڵاتییانی سڤیل پارێزراوبن". ئەمە لەکاتێکدایە بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، تائێستا زیاتر لە 700 هاووڵاتیی سڤیلی عەلەوی کوژراون. 
 
یەکێتیی ئەورووپا داوا لە لایەنە دەرەکییەکانیش دەکات بەتەواوی رێز لە سەروەری، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگرن. هەروەها، یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری، گواستنەوەی ئاشتییانە و رێزگرتن لە هەموو سووریاییەکان سەرکۆنە دەکات. 
 
دوێنێ، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا راگەیێندراوێکی سەبارەت بە تووندوتیژییەکانی رۆژئاوای سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە "دڵنیایی لە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بدرێت کە ببێتە هۆی ئاشکراکردنی راستییەکانی پشت ئەو تاوانانە". دەشڵێت، "دەبێت تاوانباران سزا بدرێن". 
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی نەمسا لە ئێکس داوا لە هەموو لایەنەکان کرد، گرژییەکان کەمبکەنەوە و تاوانبارانیش دادگایی بکەن. راشیگەیاند: "دەسەڵاتی دیفاکتۆی سووریا دڵنیایی لە گواستنەوەیەکی سیاسی گشتگیر و ئاشتییانە بدەن."
 
عەلەوییەکان کەمینەیەکی ئاینیین و بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەش لە خۆیان بوو. لە 23.5 ملیۆن دانیشتووی سووریا نزیکەی دوو بۆ سێ ملیۆنیان عەلەوین. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێنجشەممەی رابردووەوە هەزاران کەس بەهۆی پێکدادانەکانەوە دەربەدەر بوون، جگە لە عەلەوییەکان بەشێکیان کریستیان بوون. 
 
تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری راستەقینەی رووداوەکان چی بوون و چی لایەنێک دەستپێشخەر بووە؛ بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی نوێی سووریا هۆکارەکەی بۆ کوژرانی 15 ئەفسەری ئاسایش و پۆلیس لە بۆسەیەکی گرووپە چەکدارەکان لە پارێزگەی لازقیە گەڕاندەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە