ئەحمەد شەرع پێش سەردانەکەی بۆ واشنتن، یاریی باسکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی کرد

09-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا پێش سەردانە مێژووییەکەی بۆ کۆشکی سپی و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، یاریی باسکە دەکات.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ڤیدیۆیەکی شەرعی لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی سەربازیی ئەمریکی لەکاتی یاریی باسکەدا بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیوە، "کۆڵنەدەرانە کار بکە؛ کۆڵنەدەرانەتر یاری بکە."
 
ڤیدیۆکە لەلایەن شەیبانییەوە لە ئینستاگرام بڵاوکراوەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت، ئەو و شەرع لەگەڵ جەنەراڵ کیڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) یاریی باسکە دەکەن.
 
پۆستەکە هاوکاتە لەگەڵ سەردانە مێژووییەکەی سەرۆکی سووریا بۆ واشنتن. رۆژی هەینی، سزاکانی پەیوەندیدار بە قاعیدە و داعش لەسەر شەرع هەڵگیران و رۆژی شەممە گەیشتە ئەمریکا. 
 
شەرع کە هێزەکانی لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەو کاتیان لە دەسەڵات لابرد، بڕیارە سبەی دووشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.
 
لە دوای سەربەخۆبوونی وڵاتەکەوە لە ساڵی 1946، ئەمە یەکەم جار دەبێ، سەرۆکێکی سووریا سەردانی کۆشکی سپی بکات. 
 
شەرع بۆ یەکەمجار لە مانگی ئایار لە ریازی پایتەختی سعودیە، لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە، لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا بە گەشتێک لە ناوچەکە بوو. 
 
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، پێشتر لەم مانگەدا رایگەیاندبوو، چاویان لەوەیە شەرع رێککەوتنێک بۆ چوونەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش واژۆ بکات.
 
بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی بۆ دەرکردنی ناوی شەرع لە لیستی تیرۆر، چاوەڕوانکراو بوو.
 
تۆمی پیگت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، حکومەتی شەرع داواکارییەکانی ئەمریکای جێبەجێ کردووە، لەوانەش کارکردن بۆ دۆزینەوەی ئەمریکییە ونبووەکان و نەهێشتنی هەر پاشماوەیەکی چەکی کیمیایی.
 
پیگت گوتی: "ئەم رێوشوێنانە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشکەوتنەیە سەرکردایەتیی سووریا دوای رۆیشتنی بەشار ئەسەد و زیاتر لە 50 ساڵ سەرکوتکاری لەژێر فەرمانڕەوایی رژێمی ئەسەد نیشانیان داوە."
 
پیگت هەروەها باسی لەوە کرد، دەرکردنی ناوی شەرع لە لیستی تیرۆری ئەمریکا "ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی گشتگیر، بە سەرکردایەتی و خاوەندارێتیی سوورییەکان، بەهێز دەکات."
 
گۆڕانکاری
گەشتەکەی شەرع بۆ واشنتن دوای ئەوە دێت کە مانگی ئەیلوول سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد کە یەکەمجار بوو پێ بخاتە سەر خاکی ئەمریکا و تێیدا بووە یەکەم سەرۆکی سووریا لە دوای زیاتر لە نیو سەدە گوتار لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێشکێش بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، واشنتن سەرکردایەتیی دەنگدانێکی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر شەرع. 
 
دەستەی تەحریری شام، کە لە لایەن شەرعەوە سەرکردایەتی دەکرێ، پێشتر سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو. لە مانگی تەممووزی رابردوودا لەلایەن واشنتنەوە لە لیستی تیرۆر دەرکرا.
 
چاوەڕوان دەکرێ شەرع داوای هاوکاریی دارایی بۆ سووریا بکات کە دوای 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ، رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورەی ئاوەدانکردنەوە بووەتەوە.
 
لە تشرینی یەکەمدا، بانکی جیهانی، تێچووی ئاوەدانکردنەوەی سووریای بە 216 ملیار دۆلار خەمڵاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە