رووداو دیجیتاڵ
سیدنایا، ئەو زیندانەی تا پێرێ مۆتەکەی هەموو سووریاییەک بوو، ئێستا چۆڵە و سەرجەم بەندکراوەکانی نێوی رزگار کراون.
لە 08-12-2024 حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری پێشووی سووریا بە دەستی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام – هەتەشە رووخێنرا؛ بەشێکی زۆری سووریاییەکان لە رێگەی گەڕان یان هەواڵ چاوەڕێی دۆزینەوە و شادبوونەوەن بەو کەسانەی لە زیندانی سیدنایا دەستبەسەر بوون.
زیندانەکە لە سەرەتای 1980ـەکان لە شارۆچکەیەکی بچووک لە دووریی 30 کیلۆمەتر باکووری دیمەشقی پایتەخت دروستکرا. سیدنایا ئەو شوێنەبوو کە ماڵباتی ئەسەد دژبەرەکانی خۆیانی لێ دەهێشتەوە.
لە سووریا گرتووخانەکە بە "کوشتارگە" ناودەبرێت. لە 2011ـەوە ئەو زیندانە هەزاران کەسی تێدا دەستەبەسەر کراوە، ئەشکەنجە دراوە و لەسێدارە دراوە.
پێشتر هەرگیز وێنەی بەشەکانی ژوورەوەی سیدنایا نەگەیشتبوونە دەرەوەی زیندانەکە، تەنیا لە رێگەی مانگی دەستکردەوە، لە ئاسمانەوە وێنەی گیرابوو. هەموو ئەو زانیارییەی لەسەر ئەو گرتووخانەیە هەیە، لە چاوپێکەوتنی دەستبەسەرەکانی ئەوێ دوای ئازادکردنیان، یان پاسەوانەکان وەرگیراون.
کوشتارگەیەکی فراوان
سیدنایا بۆ ماوەی چەندین دەیە لەلایەن سوپا و هەواڵگریی سووریاوە بەڕێوەدەبرا. یەکەمین کەس کە وەکو زیندانی برابێتە ئەو گرتووخانەیە لە ساڵی 1987 بوو، ئەوکات 16 ساڵ بوو حافز ئەسەد، باوکی بەشار ئەسەد لەسەر حوکم بوو.
گرتووخانەکە لە دوو باڵەخانە پێکدێت، یەکێکیان پێیدەگوترێت (باڵاخانەی سپی) و ئەوەی دیکەش (باڵاخانەی سوور) کە زیندانە سەرەکییەکەیە.
بەگوێرەی گرووپە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، باڵاخانەی سپی تایبەت بووە بە دەستبەسەرکردنی فەرماندە سەربازییەکان یان ئەو سەربازانەی گومانی دڵسۆزییان لێدەکرا، لە بەرامبەر حکومەتی ئەسەدی باوک. باڵاخانەی سپی لەسەر شێوەی پیتی (L)ـی ئینگلیزییە و لە خوار باڵاخانە سەرەکییەکەیە.
باڵاخانەی سوور لەسەر شێوەی پیتی (Y)ـی ئینگلیزییە و دەگوترێت، بۆ هێشتنەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بەکاردەهات، کە گومانی پەیوەندیکردنیان بە گرووپە ئیسلامییەکان لەسەر بووە.
بەگوتەی چەند بەندکراوێکی پێشتر کە ئێستا ئازادکراون و قسەیانکردووە، هەردوو زیندانەکە جێگەی 10 بۆ 20 هەزار کەسیان تێدا دەبێتەوە. دوای رووخانی بەشار ئەسەد و بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆییەکی نێو زیندانەکە لەلایەن چەکدارەکانەوە، دەردەکەوێت زیندانەکە چەندین ژووری تێدایە و هەمووشیان کامێرای چاودێرییان هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ کە لە 2017 بڵاوکراوەتەوە و لەسەر زاری چەند پاسەوانێک بڵاویکردووەتەوە کە پێشتر لەوێ کاریان کردووە: "دوای ئەوەی جەنگی ناوخۆی سووریا لە 2011 دەستیپێکرد، حکومەت هەردوو زیندانەکەی بەتاڵ کردن بۆ ئەوەی جێگە بۆ ئەوانە بکاتەوە کە دژی حکومەت خۆپیشاندانیان دەکرد."
ئەفسەرێکی دیکەی ئەو زیندانە بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکەی گوتووە: "لە دوای 2011، سیدنایا بووە زیندانی سەرەکیی سیاسی لە سووریا."
لەژێر بینا سپییەکە "ژووری لەسێدارەدان" هەبووە، کە زیندانییەکانی بینای سوور دەگوازرانەوە و تێیدا لە سێدارە دەدران."
بەگوتەی پاسەوانێکی پێشوو، لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆ لیستێک لە ناوی ئەوانەی لەسێدارە دەدران، دەگەیشت. پاسەوانەکان ئەو کەسانەیان دەستنیشان دەکردن کە ناویان لە لیستەکە هەبوو، شەوانە لە نێوان کاژێر 12:00 بۆ 3:00ـی شەو دەیانگواستنەوە ژووری لەسێدارەدان، کە جێگەی نزیکەی 100 کەسی تێدا دەبووەوە.
بەگوتەی ئەو پاسەوانە: "شەوانە پاسەوانەکان زیندانییەکانیان چاوبەست دەکرد و دەیانبردنە ژێر باڵاخانەی سپی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی باڵاخانەکە. دواتر، زیندانییەکانیان دەبردە سەر سەکۆیەک کە مەترێک بەرزبوو و 10 شوێنی لەسێدارەدانی هەبوو."
بەگوێرەی راپۆرتی ئەمنستی، لە ساڵی 2012 ژووری لەسێدارەدان فراوانکرا و سەکۆیەکی دیکەی لەسێدارەدانی بۆ زیادکرا کە 20 پەتی زیاتری پێوەبوو.
بەگوێرەی کۆمەڵەی زیندانییان و بێسەروشوێنبووەکانی سیدنایا (AMDSP)، لە ساڵی 2011 تاوەکو 2018، زیاتر لە 30 هەزار کەس لەو زیندانە لەسێدارەدراون یانیش لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها، لە نێوان 2018 تاوەکو 2021 نزیکەی 500 کەس لەسێدارەدراون.
'فڕنی سووتاندنی تەرم'
لە ساڵی 2017، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەواڵێکی جیاوازی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە باڵاخانەی سپیی سیدنایا، حکومەتی سووریا فڕنێکیان دروستکردووە بۆ ئەوەی تەرمی بەندکراوە لە سێدارەدراوەکان و ئەوانەی گیان لەدەستدەدەن بسووتێنن."
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەرپرسان ئەو فڕنەیان بۆ ئەوە دروستکرد، تاوەکو "کۆمەڵکوژییەکانیان لە سیدنایا بشارنەوە."
ئەمریکا چەند وێنەیەکی سەتەلایتی بڵاوکردەوە و شوێنی فڕنەکەی لەسەر پیشاندا. بەرپرسان رایانگەیاند، چاودێرییان کردووە "بەفر لەسەر باڵاخانەکە تواوەتەوە."
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: "رۆژانە لانیکەم 50 کەس لە سیدنایا لەسێدارە دراون."
لەماوەی مێژووە خوێناوییەکەیدا، سیدیانا بە تووندی چاودێری دەکرا. رۆژانە 200 سەربازی سوپای سووریا لە دەرەوەی زیندانەکە پاسەوانییان دەکرد، جگە لەوان 250 سەربازی هەواڵگری و پۆلیس لە ژوورەوە پاسەوانییان دەکرد، ئەمەش بەگوێرەی راپۆرتێکی AMDSP لە ساڵی 2022.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ