مەسەدە: سەرکەوتنی رێککەوتنەکە بەندە بە پابەندبوونی لایەنەکان بە گۆڕانکاریی راستەقینە

11-03-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، باڵی سیاسی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، سەرکەوتنی رێککەوتننامەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع "بەندە بە پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە گیانی گۆڕانکاریی راستەقینە و کارکردن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیی مۆدێرن".
 
لە راگەیێندراوێکدا، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات- مەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، "لە ساتێکی چارەنووسسازدا لە مێژووی سووریا و بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، رێککەوتننامەیەک لە نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزڵووم عەبدی و سەرۆک ئەحمەد شەرع واژۆ کرا، بۆ ئەوەی ببێتە هەنگاوێکی سەرەکی بەرەو دروستکردنی سووریایەکی نوێ، دەوڵەتێکی دیموکراتی فرەیی کە رێز لە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی بگرێت، و پشت بە دەستوورێک ببەستێت کە دەربڕی ئیرادەی سوورییەکان بێت و بناخەی کۆمارێکی مۆدێرن دابمەزرێنێت کە لەگەڵ ئاوات و قوربانییەکانی گەلی سووریا بگونجێت".
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. بەپێی رێککەوتنەکە، هەسەدە لەمەودوا بەشێکە لە دامەزراوەی بەرگریی سووریا.
 
مەسەدە دەشڵێت، "بەڕاستی ئەم رێککەوتننامەیە رەنگدانەوەی پێویستییەکی زۆرە بۆ قۆناخێک کە لەسەر بنەمای شەراکەتی نیشتمانی و دانپێدانانی دوولایەنە و دادپەروەری سیاسی بێت، کە تیایدا هەموو سوورییەکان، بێ جیاوازی، مافی ئەوەیان هەبێت چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن لە رێگەی بەشدارییەکی راستەقینەی سیاسییەوە کە مسۆگەری یەکسانی و کەرامەت و ئازادییە بنەڕەتییەکان بکات".
 
لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەوە، مەسەدە باس لەوە دەکات، "ئێمە لە ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، لە کاتێکدا پیرۆزبایی ئەم رێککەوتننامەیە دەکەین وەک هەنگاوێک بەرەو چارەسەری سیاسی، جەخت دەکەینەوە لەوەی کە سەرکەوتنی بەندە بە پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە گیانی گۆڕانکاری راستەقینە و کارکردن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی مۆدێرن کە رێز لە ئیرادەی گەلەکەی بگرێت و ئاواتەکانی بهێنێتە دی و بەشێک بێت لە جیهانی ئازاد کە باوەڕی بە دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ هەیە".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات دەڵێت، "سووریا بۆ هەموو سوورییەکانە، دەوڵەتێکی دیموکراتی فرەیی لامەرکەزی، کە شایستەی قوربانییەکانی گەلەکەی بێت و جێگەی شارستانی و مرۆیی خۆی لە نێوان نەتەوەکاندا بگرێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە