رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسوود دەڵێت، رێڤەبەری خۆسەر پارێزگاری لە سەقامگیریی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەکات و ناوچەکە ئارامە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ی ئاداری 2025، عیسۆ حەسەن، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شێخ مەقسوود لە بووڵتەنی کاژێر 7:00ی بەیانیدا کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، بە رووداوی گوت: "لە رۆژی 9ی ئەم مانگە، هێرشێک کرایە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە؛ ئەو هێرشە بە هاوکاریی حەمزات و عەمشات کرابوو؛ سێ شەڕڤان و هاووڵاتییەک بریندار بوون."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییەی دانیشتووی شێخ مەقسوود، هێرشەکە تاوەکو کاژێر 2:00ی شەو بەردەوام بووە.
شەوی 10ی ئاداری 2025، رێککەوتنێک لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا، واژۆ کرا. پاش واژۆکردنی رێککەوتننامەکە، خەڵک لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا ئاهەنگیان گێڕا.
عیسۆ حەسەن گوتی: "خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب بە دڵخۆشییەوە رژانە سەر شەقامەکان و دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی. تابەیانی خەڵک شاییان کرد و یاریی ئاگرینیان تەقاند."
ئەو دانیشتووەی گەڕەکی شێخ مەقسوود گوتی: "لەو دوو گەڕەکەدا خەڵکی عەفرینی، موسڵمان، مەسیحی و ئێزدی پێکەوە دەژین. هاوکات نەوەتەوەکانی دیکەی وەک عەرەبیش هەن. خەڵک دەخوازن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و خاکی خۆیان."
ئەو دانیشتووەی شێخ مەقسوود لەبارەی تەقەی خۆشی کە لەو دوو گەڕەکە کرابوون گوتی: "نەمانبینی هیچ کەسێک بریندار بووبێت؛ هاوکات پەیوەندیمان بە نەخۆشخانەی یاسینی سنوورەکەوە کرد، گوتیان هیچ بریندارێک تاوەکو ئێستا لە نەخۆشخانەکەمان تۆمار نەکراوە. رەوشەکە زۆر ئارامە."
دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە، بەشێکیان خەڵکی عەفرینن، کە لە دوای 2018 ئاوارە بوون.
لە خاڵێکی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق باس لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت. عیسۆ حەسەن، دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسوود گوتی: "خەڵک ترسیان هەیە؛ چونکە تاوەکو ئێستا خەڵکی عەفرین بۆیان روون نەبووەتەوە ئایا دەتوانن بگەڕێنەوە سەر خاک و ماڵی خۆیان یان نا؟ ئەمە روون نییە و خەڵک چاوەڕێ دەکات روون ببێتەوە. هاوکات خەڵک لە هێزەکانی حەمزات و عەمشات و تورکیا دەترسن."
لەبارەی ژمارەی خەڵکی عەفرین لەو دوو گەڕەکەوە، عیسۆ حەسەن گوتی: "پێشتر نزیکەی 600 بۆ 700 هەزار کەس لە عەفرین دەژیان. دوای هێرشەکەی سەر ناوچەی شەهبا 250 هەزار کەس لە ناوچەی شەهباوە پەڕینەوە بۆ شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. بەڵام ئێستا خەڵک وردە وردە دەگەڕێتەوە زێدی خۆی و گوێ بەوە نادات چی روودەدات؛ دەڵێن چی دەبێت با ببێت."
دەشڵێت: "کۆمەڵێک خەڵک لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ عەفرین، دوای یەک دوو رۆژ دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ