رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا پیرۆزبایی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە تورکیا دەکات و بە "ساتێکی گرنگ" بۆ ناوچەکە ناوی دەبات.
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە گوتی، "بەناوی کۆماری عەرەبی سووریاوە، پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی تورکیا دەکەم بۆ رێککەوتنەکەی ئەمدواییانە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)."
هەروەها وەزیری دەرەوەی سووریا پێیوایە، "ئەم هەنگاوە نەک تەنیا بۆ ئاسایشی ناوخۆی تورکیا، بەڵکو بۆ سەقامگیری تەواوی ناوچەکەمان گرنگە."
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
دوای بەستنی کۆنگرەی 12یان لە سەرەتای ئەم مانگە، ئەمڕۆ دووشەممە، 12-5-2025 پەکەکە بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا و رایگەیاند، بڕیارەکە "بۆ چارەسەری دیموکراتی و ئاشتییەکی دوورمەودایە."
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزرا، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم تەقەی لە دژی تورکیا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ