رووداو دیجیتاڵ
سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف) بڵاویکردەوە، پێکدادانەکانی مانگی تەممووز و ئابی ئەم ساڵ لە سوەیدا زیانی زۆریان بە خێزانەکان و منداڵان گەیاندووە. دەشڵێت، لەو ماوەیەدا 22 منداڵ کوژراون.
رۆژی چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، ئاژانسی یونسێف بڵاویکردەوە، لە تووندوتیژییەکانی مانگی تەممووز و ئابی ئەمساڵدا لە پارێزگای سوەیدا 22 منداڵ کوژران و 21ـی دیکەش بریندار بوون. دەشڵێت، شەڕەکانی ئەو ناوچەیە زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی مرۆیی ئەو ناوچانە گەیاند.
رۆژی 13ـی تەممووزی ئەم ساڵ، چەکدارە دەشتەکییەکان کە بە نزیک لە حکومەتی سووریا دادەندرێن دەستیان بە شەڕکردن لەگەڵ چەکدارە درووزەکان کرد. بە گوێرەی یونسئێف، شەڕەکە بووەهۆی ئاوارەبوونی 190 هەزار کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.
بەگوێرەی ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو شەڕانەدا هێرشکرایەسەر لانیکەم پێنج سەنتەری تەندروستی و ژمارەیەک ئەمبوڵانس. هەروەها، دوو پزیشکیش کوژران.
لە کۆتایی مانگی رابردوودا، حکومەتی دیمەشق بە هاوکاری یونسێف یەکەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکانی گەیاندە سوەیدا.
زەینەب ئادەم، جێگری نوێنەری یونسێف لە سووریا رایگەیاند: "بەهۆی پێویستییەکانی منداڵان و خێزانەکان، هەوڵەکانی دەسەڵاتی کاتی سووریا بۆ گەیاندنی هاوکاری بەو ناوچانە هەنگاوێکی پێشوازیلێکراوە".
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 14 تیمی فریاکەوتنی تەندروستی گەڕۆکیان لەو ناوچانە هەبوو، خزمەتگوزارییان پێشکێشی چوار هەزار منداڵ و ژن کرد و ئاوی خواردنەوە و سووتەمەنییان بۆ نزیکەی 30 هەزار کەس دابینکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ