رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی سووریاوە تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز، هەزار و 300 هاووڵاتیی سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. بەرلینیش بەردەوامە لە هاندانیان بۆ گەڕانەوە.
رۆژی 13ی ئابی 2025، میدیای ئەڵمانیا لە زاری وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەر و پەناخوازی سووریایی لە وڵاتەکەیانن و لە دوای رووخانی ئەسەدەوە هەزار و 300یان گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ 100 رۆژە حکومەتی نوێی ئەلمانیا پێکهاتووە کە یەکێک لە ئامانجەکانی سنووردارکردنی چوونی کۆچبەرانە بۆ وڵاتەکە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەیان بەردەوامە لە بەدواداچوونی دۆخی ئەمنیی سووریا کە ئێستا "زۆر ناسکە". بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ئەمە بۆ یەکلاکردنەوەی چۆنیەتی بڕیاردانە لەبارەی کەیسی پەناخوازان کە لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە راگیراون.
نیسانی ئەم ساڵ، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، رێگە بە گەڕانەوەی پەناخواز و پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و کورت دەدەن بەبێ ئەوەی مافی مانەوەیان لەدەست بدەن. گوتەبێژێکی ئەو وەزارەتەش دەڵێت، بڕیارەکە بەردەوامە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە هانی سوورییەکان بدەن بڕیاری گەڕانەوەی یەکجاری و خۆبەخشانە بۆ وڵاتەکەیان بدەن.
8ی کانوونی یەکەمی 2025، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا توانیان حکومەتی ئەسەد بڕوخێنن و دواتر حکومەتێکی کاتییان پێکهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ