سووریا
ئەندامێکی تیمی لێکۆڵینەوەی یوئێن لە کاتی هەڵگرتنەوەی پاشماوەی مووشەکێک لە دەوروبەری دیمەشق کە گومان دەکرێت کیمیایی بێت.
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی هەواڵگری ئاشکرایدەکات ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکەی 8ی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ سەر دەوروبەری حمس و دیمەشق لە سووریا، چەندین کۆگای چەک و تەقەمەنی کردوونەتە ئامانج، کە پەیوەندییان بە بەرنامەی چەکی کیمیایی سووریاوە هەبووە.
چەند بەرپرسێکی حکومەتەکەی ئێستا و پێشووی ئیسرائیل لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ئاشکرایان کردووە لەو هێرشەی کە تێیدا 7 سەربازی سووری کوژران و یەکێکیان فەرماندە بوو کە سووریا بە "شەهیدی قارەمان" ناویبرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سێ پێگەی چەکی کیمیاییان لە دیمەشق و حمس بۆردوومان کردووە.
بەرپرسە ئیسرائیلییەکان بە رۆژنامەی واشنتن پۆستیان راگەیاندووە، ئەو هێرشەیان بۆ سەر ئەو سێ پێگەیە بۆ رێگریکردن بووە لە هەوڵەکانی حکومەتی بەشار ئەسەد بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی.
هەر بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکە، حکومەتی سووریا ساڵێک پێشتریش رووبەڕووی هێرش بۆ سەر پێگە کیمیاییەکانی بووەتەوە، سەرەڕای هێرشەکان دیمەشق بەردەوامبووە لە بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی کە نزیکەی 8 ساڵ لەمەوبەر بەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وازهێنانی خۆی لەو چەکە کۆمەڵکوژە راگەیاند.
ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دەستیانکردووە بە دەستخستنی زانیاری لەسەر پێگە کیمیاییەکانی سووریا دوای ئەوەی دووساڵ لەمەوبەر حکومەتی سووریا لە هەوڵی هاوردەکردنی پێکهاتە پێویستەکانی دروستکردنی گازی سارین سەرکەوتوو بووە.
بەگوێرەی راپۆرتە بنکۆڵکارییەکەی واشنتن پۆست، کۆشکی سپی لە کۆتایی چاوخشاندنەوەیەکی تەواو بە سیاسەتی خۆی لە سووریا نزیکدەبێتەوە، چاوخشاندنەوەیەک چاوەڕوانی زۆری لێدەکرێت سزای قورس بەسەر بەشار ئەسەد لە بەرامبەر بسەپێنێت.
لە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتە لە 2011 و تەشەنەکردنی گرژییەکان لە سەرتاسەری وڵات، بەکارهاتنی چەکی کیمیایی بووە ئامرازێکی بەرچاو بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناهەمواری سووریا، راپۆرت هەن دەڵێن لە 2013دا لە هێرشێکی کیمیایی بۆ سەر دەوروبەری دیمەشق 1400 کەس کوژراون، کە لە وەڵامدا هێرشی ئاسمانی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکای بەدواوەهات، بەشار ئەسەد ئەوکات ناچاربوو دەستبەرداری گازی سارین بێت و رێگە بە چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بدات پشکنین بۆ ئەگەری بوونی هەر پێگەیەکی کیمیایی لە وڵاتەکەیدا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ