دوا قسەی ئەسەد بۆ سەرۆکوەزیرانەکەی پێش هەڵاتنی: دواتر قسەی لێدەکەینەوە

13-12-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ساتەوەختی رووخانی دەسەڵاتەکەی، بەشار ئەسەد بە کەسی نەگوت کە دەیەوێت سووریا جێبهێڵێت، تەنانەت بەرپرسە باڵاکان و خزمە نزیکەکانی خۆیشی.
 
بەگوتەی 14 کەس کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، چەند کاژێرێک پێش فڕین بۆ مۆسکۆ؛ ئەسەد کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ نزیکەی 30 بەرپرسی ئەمنی و سوپا کردووە و کۆبووەنەکەش لە وەزارەتی بەرگری، لە رۆژی شەممە، 07-12-2024 بەڕێوەچووە. واتا، یەک رۆژ پێش چوونی گرووپە چەکدارەکان بۆ نێو دیمەشق و رووخاندنی حوکمی بنەماڵەکەی. 
 
لەماوەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، سوپای رووسیا بە ئاراستەی بەشار ئەسەد و یارمەتیدانی، بەڕێوەبوون.
 
ئەو رۆژە، ئەسەد بە بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکایەتی گوتووە: دەچێتەوە ماڵەوە. بەڵام لەبری ئەوەی بچێتەوە کۆشکی سەرۆکایەتی، چووەتە فڕۆکەخانە. ئەسەد هەروەها پەیوەندیی بە بوسەینە شەعبان، راوێژکاری میدیایی خۆی کردووە و داوای لێکردووە بچێتە ماڵەکەی بۆ ئەوەی گوتارێکی بۆ بنووسێت. بوسەینە چووەتە ماڵی بەشار ئەسەد و کەسی لەوێ نەبینیوە.
 
نازم هوری، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی دەستپێشخەریی چاکسازیی عەرەب رایگەیاند: "ئەسەد نە شەڕی کرد و نە سوپاکەی کۆکردەوە، ئەو لایەنگرەکانی خۆی بۆ چارەنووسی خۆیان جێهێشت."
 
ئەو 14 کەسەی کە قسەیان بۆ ئاژانسە هەواڵییەکە کردووە پێکدێن لە: یاریدەدەرانی ئەسەد، دیپلۆماتی هەرێمی، کەسانی زۆر نزیک لێی، بەرپرسانی باڵای ئێرانی و بەرپرسانی سەربازی؛ هەمووشیان داوایان کردووە ناویان بڵاونەکرێتەوە. 
 
یەکێک لەو سەرچاوانە دەڵێت، ئەسەد تەنانەت بە ماهیری برا بچووکی خۆی نەگوتووە بەنیازی هەڵاتنە. بەگوتەی سێ سەرچاوە: "ماهیر بە هێڵیکۆپتەرێک چووەتە عێراق؛ دواتر بۆ رووسیا رایکردووە."
 
جێهێشتنی پوورزاکانی و کوژرانی یەکێکیان لە کاتی هەڵاتندا
 
بەگوتەی یاریدەدەرێکی ئەسەد، ئیهاب مەخلووف و ئەیاد مەخلووف، دوو پوورزاکەی ئەسەد بەجێمان. "دوو پوورزاکەی ئەسەد ویستیان بە ئۆتۆمبێل هەڵبێن و بچنە لوبنان، بەڵام لە رێگە بۆسەیان بۆ دانرابووەوە. چەکدارەکان تەقەیان لێکردن، ئیهاب کوژرا و ئەیادیش بریندارکرا." تاوەکو ئێستا کوژرانی ئیهاب مەخلووف بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
دوو دیپلۆماتی ناوچەکە گوتیان: "بەرەبەیانی 08-12-2024 ئەسەد بە فڕۆکە لە دیمەشقەوە بەرەو بنکەی ئاسمانیی حمێمیم، لە پارێزگەی لازقیەی رۆژئاوای سووریا فڕیوە، دواتر بەرەو مۆسکۆی پایتەختی رووسیا. 
لە رێگە ئامێری ئاماژەناردنی فڕۆکەکە کوژێنراوەتەوە بۆ ئەوەی رادار دەستنیشانی نەکات فڕۆکەکە بەرەو کوێ دەڕوات. هەڵاتنی ئەسەد، خۆری 24 ساڵ حوکمی وڵاتەکەی ئاواکرد و 13 ساڵ جەنگی ناوخۆی سووریای راگرت."
 
بەگوتەی سێ یاریدەدەری نزیکی ئەسەد، ئەسمای هاوژین و سێ منداڵەکەی ئەسەد، زووتر رەوانەی رووسیا کرابوون و لەوێ چاوەڕێی بەشار ئەسەدیان دەکرد. 
 
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە خەڵک لە نێو کۆشکەکەی بڵاویان کردوونەتەوە، پێدەچێت بەشار ئەسەد بە پەلەپڕووزێ ماڵەکەی جێهێشتبێت و شتەکان پەرش و بڵاو دەردەکەون. خواردنی بەجێماو لەسەر تەباخ و چەندین شتی تایبەتیش لە ژوورەکاندا بەجێماون، لەوانەش ئەلبوومی خێزانییان. 
 
ئێران و رووسیا یارمەتییان نەدا
 
نە ئێران و نە رووسیا لە رووی سەربازییەوە یارمەتیی ئەسەدیان نەدا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەسەد وردە وردە هەستبکات کە ئیدی دۆڕاوە و کاتی هاتووە. بەشێک لەوانەی قسەیان کردووە دەڵێن: "ئەسەد بە بێچارەیی داوای یارمەتی دەکرد بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە."
 
بەگوتەی سێ دیپلۆماتی ناوچەکە: "رۆژی 28-11-2024 سێ رۆژ دوای هێرشی دەستەی تەحریری شام بۆ سەر شاری حەلەب، ئەسەد سەردانی مۆسکۆی کردووە و داوای یارمەتی لێکردوون؛ بەڵام کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا لە ئاست داوکارییەکانی نابیست بوون و پێیان گوتووە کە خواستی بەشداریکردنی سەربازییان نییە."
 
فریودانی بەرپرسە سەربازییەکان
 
هادی بەحرە، سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایگەیاند: "ئەسەد کە گەڕاوەتەوە سووریا، بە هیچکام لە یاریدەدەر و کەسە نزیکەکانی خۆی نەگوتووە رووسیا رەتیکردووەتەوە یارمەتی بدات. ئەو بە فەرماندە و بەرپرسە سەربازی و هەواڵگرییەکانی گوتووە، یارمەتیمان بۆ دێت و لە رێگەیە. بەشار ئەسەد درۆی لەگەڵ ئەوان کرد، پەیامی رووسیا بۆ ئەسەد نەرێنی بوو."
 
دوای سەرهەڵدانی گرژییەکان، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملین رایگەیاند: "رووسیا هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی سووریا سەقامگیر بکاتەوە، بەڵام ئێستا خاڵی لەپێشینە بۆ رووسیا، تەنگژەکانی ئۆکراینایە."
 
ئەسەد بۆ عێراقچی: سوپاکەم لاوازە و توانای شەڕی نییە
 
دوای چوار رۆژ لە سەردانەکەی ئەسەد بۆ رووسیا، رۆژی 02-12-2024 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران خۆی گەیاندە دیمەشق و لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبووەوە. لەماوەی ئەو کۆبوونەوەیە، دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانیان حەلەبیان کۆنتڕۆڵکردبوو و بەرەو باشووری سووریا دەچوون.
 
دیپلۆماتێکی باڵای ئێرانی گوتی: "ئەسەد لە کۆبوونەوەکە نائاسوودە دیاربوو، دانی پێدانا کە سوپاکەی لاوازە و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕەی نییە."
 
دوو بەرپرسی باڵای ئێرانی ئاشکرایان کرد: "ئەسەد هەرگیز داوای لە ئێران نەکرد سەربازی بۆ بنێرن، چونکە پێیوابوو ئەگەر ئێران بچێتە سووریا، ئیسرائیل ئەمە بە هەل دەزانێت بۆ ئەوەی هێرشیان بکاتە سەر، یان هێرشی راستەوخۆ بکاتە سەر ئێران."
 
ئەسەد رووبەڕووی شکستی خۆی بووەوە
 
دوای ئەوەی بژاردەی زۆری لەدەست نەما، ئەسەد لە کۆتاییدا دانی بە شکستی خۆیدا نا و بڕیاریدا وڵاتەکە جێبهێڵێت، بڕیاریدا حوکمی بنەماڵەکەی کە لە 1971ـەوە بەردەوام بوو، ئیدی کۆتایی پێبهێنێت و بڕوات.
 
سێ ئەندامی زۆر نزیک لە ماڵی ئەسەد رایانگەیاند، سەرەتا بەشار ئەسەد ویستی بچێتە ئیمارات، ئەمەش دوای ئەوەی زانی چەکدارەکان حەلەب و حمسیان گرتووە و بەرەو دیمەشق پێشڕەوی دەکەن. 
 
ئەو سێ کەسە گوتیان: "ئیمارات رەتیکردەوە دەرگە بۆ بەشار ئەسەد بکاتەوە، چونکە لەوە دەترسا ئەگەر کەسێکی وەک ئەو، کە چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، لەلای خۆی داڵدە بدات، لەوانەیە ئەمریکا و ئەورووپا تووڕە بکات."
 
مۆسکۆ هەرچەندە گڵۆپی سەوزی بۆ بەشداریکردنی سەربازی هەڵنەکرد، بەڵام دەرگەشی دانەخست.
 
رۆژانی شەممە و یەکشەممە، 07 و 08-12-2024 سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دەوحە لە قەتەر بوو. 
 
بەگوتەی دوو بەرپرسی ناوچەکە، لاڤرۆڤ لە قەتەرەوە دەستی بەهەوڵدان کرد بۆ پاراستنی سەلامەتیی ئەسەد. "ئەو لەگەڵ تورکیا و قەتەر لە هەوڵ و کارکردندا بوو، لە رێگەی پەیوەندییەکانیان بە دەستەی تەحریری شامەوە بۆ ئەوەی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ ئەسەد بکەنەوە."
 
سەرچاوەیەکی ئەمنیی رۆژئاوا گوتی: "لاڤرۆڤ هەرچییەکی لەدەست هات کردی بۆ ئەوەی ئەسەد بە سەلامەتی بگاتە رووسیا."
 
سێ سەرچاوەی دیکە گوتیان: "قەتەر و تورکیا پەیوەندییان بە دەستەی تەحریری شام کرد بۆ ئەوەی رێگە بۆ ئەسەد بکەنەوە."
 
لەلایەکی دیکە، بەرپرسانی هەردوو وڵات ئەو لێدوانە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، ئەوان "پەیوەندییان بە هەتەشەوە نەکردووە و نییە."
 
سێ سەرچاوەی دەیکە ئاشکرایانکرد: "رووسیا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هاوئاهەنگی کرد و گوتی، فڕۆکەیەکی رووسی کە بەشار ئەسەدی لەناوە، بە ئاسمانی ئێوەدا دەفڕێت، نابێت بکرێتە ئامانج و رێگەی لێبگیرێت."
 
تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن قەتەرەوە لەسەر ئەمە نەدراوە. 
 
بەرپرسێکی حکومیی تورکیا رایگەیاند، رووسیا داوای لە تورکیا نەکردووە بۆ ئەوەی بە ئاسمانیدا تێپەڕێت و ئەسەدی پێبگوازێتەوە.
 
محەممەد جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سەردەمی ئەسەد بە میدیای عەرەبی راگەیاند: "شەوی شەممە کاژێر 10:30ـی شەو بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ بەشار ئەسەد کرد. لە تەلەفۆنی کۆتاییماندا، پێمگوت دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە و خەڵکێکی زۆر لە حمس بە ئاراستەی لازقییە ئاوارەبوونە، پشێوی و تۆقین لە شەقامەکاندا هەیە."
 
محەممەد جەلالی گوتی: "بەشار ئەسەد بەمجۆرە وەڵامی دامەوە، سبەی سبەی... سبەی قسەی لێدەکەینەوە." ئەمە دوایین قسەی بەشار ئەسەد بوو. دوای چەند کاژێرێک لە بەرەبەیان تەلەفۆنم بۆ کردەوە و هیچ وەڵامێک نەبوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گفتوگۆی نالین حەسەن لەگەڵ کەنداڵ رەمۆ

شاندێکی ئەنجوومەنی کوردانی ئێزدیی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی هەتەشە کۆبوونەوە

رەمۆ دەڵێت، شاندەکەیان سەردانی دیمەشق، حەلەب، سوەیدای کردووە و لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا، دروز، عەلەوی، کریستیانەکان کۆبووەتەوە و باسیان لە مافی کوردانی ئێزدی کردووە، "هەروەها شاندەکەمان لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانیش لە دیمەشق کۆبووەوە، نوێنەرانی وڵاتان پشتگیرییان لە داخوازییەکانی ئێمە کرد".