رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات نیگەرانی خۆی لە برینداربوونی "ژمارەیەک لە ئەندامانی ئاسایشی گشتی"ی سووریا و "سەربازانی ئەمریکی" لە پارێزگای حومسی سووریا دەردەبرێت.
ئەمڕۆ شەممە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "نیگەرانین لە برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمریکی کە لە بیابانی سووریا و لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا تەقەیان لێکرا."
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، "زیادبوونی ئەم هێرشانە پێویستی بە ویستی زیاتر و هەوڵی هاوبەشە لەسەر ئاستی نیشتمانی لە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و شانەکانی."
ئەمڕۆ شەممە ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، لە نزیک شاری تەدمور لە پارێزگەی حومس هێرش کرایە سەر کاروانێکی هاوبەشی هێزەکانی سووریا و ئەمریکا، دوو سەربازی سووریا و ژمارەیەکی دیکەی ئەمریکی بریندار بوون و هێرشکارەکەش کوژرا.
بەرپرسێکی ناونەهێندراوی ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، 4 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون.
سانا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە لە کاتی گەڕانێکی مەیدانیی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و سووریادا بووە.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەی ئەمنیی ناونەهێنراوەوە گوتی، هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا چوونە شوێنەکە لە نێوەڕاستی بیابانی سووریا و بریندارەکانیان بۆ بنکەی سەربازیی تەنەف لە نزیک سێگۆشەی سنووریی سووریا - عێراق - ئوردن گواستەوە.
سانا ئاماژە بەوە دەکات، رێگەی نێودەوڵەتیی دێرەزوور - دیمەشق لە دوای رووداوەکە بە شێوەیەکی کاتی داخرا و هاوکات "فڕۆکەکان بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ