رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل راگەیێندراوێکیان سەبارەت بە دۆخی پارێزگای سوەیدا و جوڵەپێکردنی هێزەکانی سووریا بەرەو پارێزگاکە بڵاوکردەوە و دەڵێن، جوڵاندنی هێز بەرەو سوەیدا مەترسییە لەسەر وڵاتەکەیان.
رۆژی سێشەممە، 15ی تەممووزی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل راگەیێندراوێکیان لەسەر دۆخی سوەیدا بڵاوکردەوە.
نەتەنیاهوو و کاتز لە راگەیێندراوەکەیاندا دەڵێن، "بڵاوەپێکردنی هێزی سووریا لە سوەیدا هەڕەشەیە لەسەر ئیسرائیل". گوتیشیان، "داوامان لە سوپا کردووە دەستبەجێ هێرشبکەنە سەر هێزەکانی سووریا لە سوەیدا".
بەیانی ئەمڕۆ، وەزارەتی ناوخۆی سووریا بڵاویکردەوە، هێزیان بەرەو پارێزگای سوەیدا جوڵاندووە و چوونەتە نێو شارەکەوە. ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "هەموو هێزەکانی نێو شاری سوەیدا ئاگادار دەکەینەوە، دوای رێککەوتن لەگەڵ ریشسپی و پیاوماقووڵانی شارەکە، ئاگربەستی تەواوەتی رادەگەیێنین و تەنیا وەڵامی سەرچاوەی تەقەکردن دەدرێتەوە".
نەتەنیاهوو و کاتز ئاماژەیان بەوەش کرد، "کار بۆ رێگری لە رژێمی سووریا دەکەن لەوەی زیان بە دروزەکان بگەیێنێت و ئیسرائیل پابەندە بە پاراستنی دروزەکان لە سووریا".
پێرێ، شەڕ لەنێوان هێزی دروزەکان لە سوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری دەشتەکیدا دروستبوو و هێشتا کۆنترۆڵنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ