مەحموود موسڵیت: سەرۆک بارزانی گوتی ئەگەر شتێک هەبێ بۆ سووریای بکەین ئامادەین

16-08-2025
مالیک محەممەد
مەحموود موسڵیت، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات- مەسەدە
مەحموود موسڵیت، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات- مەسەدە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات- مەسەدە رایگەیاند، دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی "زۆر دۆستانە" بووە. گوتیشی، "جەنابی سەرۆک رژد بوو لەسەر لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی سووریا و یەکێتیی سووریا."
 
مەحموود موسڵیت، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات- مەسەدە لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات میوان بوو.
 
هاوسەرۆکی مەسەدە دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان هاوڕاین، کە سووریا دەبێت بەرەو گفتوگۆکردن بڕوات، هیچ رێگەیەکی دیکە نییە، نامانەوێت بخزێینە نێو شەڕی نێوخۆییەوە."
 
لەبارەی کۆنفرانسەکەی حەسەکە باسی لەوە کرد، "تەواوکەر و بەشێک بوو لەو رێککەوتننامەیەی ئادار کە پێکهاتەکانی سووریای لەژێر سەقفی سووریادا کۆکردەوە."
 
مەحموود موسڵیت دووپاتی کردەوە، "ئێمە باوەڕمان بە یەکێتیی گەل و خاکی سووریا هەیە، ئەم بابەتە بڕاوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی توانا کار بکرێت بۆ رەخساندنی زەوینەیەکی گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکان."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و هاوسەرۆکەکەی مەسەدە:
 
رووداو: دیداری ئێوە و سەرۆک بارزانی چۆن بوو؟
 
مەحموود موسڵیت: دیدارەکە دۆستانە بوو، ئێمە رێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە، لێرەوە پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک دەکەم، هەموو ساڵێکی سەرۆک و کوردستان و گەلی کوردستانی عێراق بەخۆشی و شادی بێت. لەراستیدا دیدارەکە زۆر دۆستانە بوو، جەنابی سەرۆک رژد بوو لەسەر لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی سووریا و یەکێتیی سووریا، هیچ رێگەیەکی دیکە نییە جگە لە گفتوگۆ لەنێوان سووریاییەکاندا. وێنایەکی تەواوم دا بە جەنابی سەرۆک لەسەر دۆخی ناوچەکەمان و ئەو سەردانەمان بۆ واشنتن، هەموویم بۆ روونکردەوە، ئەو زۆر رژد بوو لەسەر یەکێتیی سووریا، هەمیشەش دەیگووت، ئەگەر شتێک هەبێت بتوانین بۆ سووریا و گەلی سووریای ئازیز بکەین، ئەوا ئێمە ئامادەین. ئەمەش بۆ جەنابی سەرۆک و سەرکردایەتی کوردستان شتێکی نامۆ نەبوو.
 
رووداو: رۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان بۆ نزیکبوونەوەی لایەنە جیاوازەکانی سووریا چۆن دەبینن؟
 
مەحموود موسڵیت: ئێمە لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هاوڕاین، کە سووریا دەبێت بەرەو گفتوگۆکردن بڕوات، هیچ رێگەیەکی دیکە نییە، نامانەوێت بخزێینە نێو شەڕی نێوخۆییەوە، چونکە خوانەخواستە، شەڕی ناوخۆیی دەمانبات بۆ دابەش بوون و شتی خراپ. وەکو جەنابی سەرۆکیش ئاگادارە، سووریا بە بارودۆخی زۆر قورسدا تێپەڕیوە لەماوەی 14 ساڵی کوشت و کوشتار و داعش و شەڕی ناوخۆیی و تائیفی، بەڵام سەرکردایەتی کورستان و رژدبوونی جەنابی سەرۆک لەسەر هاوکاری کردنی بەگوێرەی تەواوی توانای بۆ سووریا بەشێوەیەکی گشتی و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەشێوەیەکی تایبەت، هەمیشەش ئەوەی دووپات دەکردەوە، یەکێتیی سووریاییەکان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان تاکە رێگەچارەیە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە.
 
رووداو: کۆنفرانسەکەی حەسەکە هەنگاوێک بوو کە شام وەکو بیانوویەک بەکاری بهێنێت بۆئەوەی نەچێتە پاریس؟
 
مەحموود موسڵیت: سەبارەت بەو کۆنفرانسەی لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو، ئەمە تەواوکەر و بەشێک بوو لەو رێککەوتننامەیەی ئادار کە پێکهاتەکانی سووریای لەژێر سەقفی سووریادا کۆکردەوە. دەمەوێت روون بێت بۆ هەمووان، ئێمە باوەڕمان بە یەکێتیی گەل و خاکی سووریا هەیە، ئەم بابەتە بڕاوەتەوە. بەڵام بەگوێرەی توانا رەخساندنی زەوینەیەکی گفتوگۆکردن بۆ سەرجەم پێکهاتەکان، واتا ئەوەی لە کەناراوەکان و سووەیدا روویدا خوانەخواستە لە شوێنی دیکە روونەدەن، ئێمە دەمانەوێت ئاگری دووبەرەکی بکوژێنینەوە، بۆیە ئەم کۆنفرانسە زۆربەی پێکهاتەکان تێیدا بەشدار بوون، ئێمە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و لە ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات پێشوازی لە هەر کۆنگرە و کۆنفرانسێک دەکەین کە سووریاییەکان لەپێناو بنیاتنانەوەی سووریا کۆبکاتەوە. ناکرێت کە دووبەرەکی براوە بێت، بۆیە جگە لە گفتوگۆ، ئاشتی کۆمەڵایەتی و دوورکەوتنەوە لە دابەشبوونێک کە بێسوودە؛ هیچ بژارەیەکی دیکەمان نییە. سووریا بۆ هەمووانە، سووریا وڵاتی هەمووانە، ئەمە تاکە بژارەی ئێمە و هەموو سووریاییەکانە، بۆیە ئەو کۆنفرانسەی لە حەسەکە کرا، هەرچەند هەندێک کەس بە ئاراستەی دیکە وەریانگرت، بەڵام ئێمە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئەرێنی لێی دەڕوانن، لەپێناو ئەوەی کۆنفرانسی دواتر هەموو سووریاییەکان کۆبکاتەوە، لەژێر ئاڵای سووریا یەک خاکی و یەک گەلی.
 
رووداو: ئەو دانوستاندنانەی نێوان بەڕێوەبەری خۆسەر و شام، کام لایەن جیدی نین لە جێبەجێکردنی؟
 
مەحموود موسڵیت: ئەوە رێککەوتن بوو، لەراستیدا ئەم رێککەوتنە بەشێک بوو لە دەستپێشخەریی نیشتمانی سووری – سووری، هەمووانیش هاندەر بوون بۆ ئەو رێککەوتنەی ئادار کە لە نێوان سەرۆک ئەحمەد شەرع و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی کرا. بۆیە جیدی بوون هەیە، ئێمە دابەشبوونمان ناوێت، هەندێک وردەکاری هەن کە ناکۆکیان لەسەرە، بەڵام بابەتە سەرەکییەکان بۆ سووریا هەمووان کۆکن لەسەری، بەڵام هەندێک بابەت هەن کە ناڵێین ناکۆکی، بەڵام راجیاوازی لەسەر کات و هەندێک وردەکاری هەیە، بەڵام ئێمە لە کۆتاییدا سووریایین و باوەڕمان بە یەکێتیی سووریا هەیە، لەکۆتاییدا هەموو لەژێر ئاڵای سووریای یەکگرتوودا دەبین.
 
رووداو: ئەو ناکۆکییانەی کە هەن، ئەوەندە قورسن کە نەگەنە ئەنجامی دانوستاندنێکی ئەرێنی؟
 
مەحموود موسڵیت: چارەسەری هەمیشەیی و بەردەوام لە رێگەی ئەو رێککەوتنەیە کە واژۆکراوە، هەموو هاوڕان لەسەر رێککەوتنی ئادار کە دەمانبات بۆ کۆکردنەوەی هەموو سووریاییەکان، بەڵام هەندێک بابەت هەن پێویستیان بە چەند کۆبوونەوەیەک هەیە، لیژنەی دانوستاندکار هەن کە دەڕۆن، هەر بابەتێک لیژنەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە، ئێمە وەکو سیاسییەکان ناتوانین بۆ بابەتی سەربازی بڕۆین، یان سەربازییەکان بۆ بابەتی ئابووری بڕۆن. لیژنەی پێکهێنراو هەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق بەرەو ئاراستەی راست دەڕۆن، پاڵپشتی هەن، من دەبینم جەنابی سەرۆکیش پاڵپشتی لە دانوستاندن دەکات، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبیش هانی گفتوگۆ دەدەن، بەڵام هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە گفتوگۆ یەکلاکەرەوەی ئەم بابەتانە بێت.
 
رووداو: بەبڕوای تۆ، دەسەڵاتی شام دەتوانێت بە شێوەیەکی سەرکەوتوو مامەڵە لەگەڵ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکات؟
 
مەحموود موسڵیت: بژارە نییە، ئێمە ژمارەیەکی قورسین لە هاوکێشەی سووریا، ناکرێت کە ئاشتی هەبێت بەبێ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئێمە بەشێکین لەم نیشتمانە، بژارەی دیکەمان نییە و تەنیا دەبێت سووریایی بین، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هیچ رۆژێک لە رۆژان لە رێبازی نیشتمانیی راستەقینەی سووریا جیانەبووەتەوە، ئێمە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە وڵات بنیات دەنێینەوە بەرەو پارێزگاکانی دیکە، ئێمە دژی حکومەتی دیمەشق نین، ئێمە بەراشکاوی لەگەڵ حکومەتی دیمەشقن، بەڵام دەبێت هەموو پێکهاتەکان لەم حکومەتەدا هەبن، دەستوور هەموو پێکهاتەکان دەپارێزێت لە سووریا، ئێمە لەگەڵ سووریاین بە خاک و گەلەوە، ئێمە بەشێکین لەم نیشتمانە، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا قوربانی داوە لەپێناو سووریا، شەڕی تیرۆرمان کرد، نامانەوێت دابەشبوون لە سووریا هەبێت، بۆیە بەبێ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئاشتی لە سووریادا نابێت.
 
رووداو: مانەوەی هەسەدە پێویستە لەم کاتە؟
 
مەحموود موسڵیت: بەڵێ، هێشتا شانەی تیرۆریستی هەن، هێشتا کەسانێکی زۆر هەن کە دەیانەوێت دووبەرەکی بنێنەوە، نەفرەتی خوا لەوکەسەی فیتنە بەخەبەر دێنێتەوە. بۆیە هەسەدە سووری – سوورییە، زیاتر لە 75٪ی عەرەب، کریستیان، کورد و ئێزدی تێدان، ئەمە دامەزراوەیەکە بۆ پاراستنی خاک و سنووری سووریا، ئێمە ناڵێین هەسەدە نایەوێت ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا، بەڵێ دەمانەوێت، بەڵام هەندێک بابەت هەن کە دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک لە رێگەی دووبەرەکی نانەوە و ئەوانەی دەیانەوێت دابەشبوون هەبێت، ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ دیمەشق دەوێت و ئەمەش تاکە بژارەمانە، کە گفتوگۆ لە نێوان باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و دیمەشق و پێکهاتەکانی دیکەش هەبێت.
 
رووداو: حکومەتی سووریا مامەڵەکانی لەگەڵ رووداوەکانی کەناراوەکان و سووەیدا سەرکەوتوو نەبوو؟ بۆچی؟
 
مەحموود موسڵیت: ئەوەی لە کەناراوەکان روویدا، کارەساتێکی گەورەبوو، هەمان ئەوەش لە سووەیدا روویدا، ئەوان برامانن. بەڵام بەداخێکی زۆرەوە، هەندێک کەس هەبوون کە دەستوەردانیان کرد و دووبەرەکیان نایەوە، ئێمە دوورین لەوە. نامەوێت بەرەو ناکۆکییەکان بڕۆم، دەمەوێت بەرەو رێککەوتنەکان بڕۆم. خەڵکی سووەیدا و کەناراوەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا، هەموو دەیانەوێت سووریا لە خێر و خۆشیدا بێت، هەمووان دەیانەوێت کە سووریا یەکگرتوو بێت، کاتی زیاترمان پێویستە بۆ کۆکردنەوەی سووریاییەکان، کێشەکانی سووریا بە گفتوگۆ نەبێت چارەسەر ناکرێت، گفتوگۆش دەبێت هەموو پێکهاتەکانی سووریا تێیدا بەشداربن، سووریا لە هەمووان گەورەترە، سووریا لە هەمووان بەرزترە. بۆیە ئێمە لەگەڵ یەکێتیی سووریاداین، ئێمە لەگەڵ خەڵکەکەمانین لە سووەیدا، ماف هەبوون کە دەبوو بدرێت، هەندێک گەرەنتی هەبوون کە دەبوو پێیان بدرێت، بۆ خەڵکی کەناراوەکان و پێکهاتەکانی دیکەش بە هەمانشێوە، بەڵام ئەمە دەستووری نوێی سووریا کە لە داهاتوودا دەنووسرێتەوە، ئەمانە مسۆگەر دەکات.
 
رووداو: ئەم دەسەڵاتەی ئێستا هەیە، هیچ ئاماژەیەک هەیە بۆ ئەوەی کە بمێنێتەوە؟
 
مەحموود موسڵیت: ئێمە دەستمان بۆ دەسەڵاتی دیمەشق درێژ دەکەین، دەمانەوێت سەرکەوتووبێت، لەکۆتاییدا سووریا بە قۆناخی قورسدا تێپەڕی، نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ شەڕ نامانەوێت لە تاریکییەکەوە بڕۆین بۆ تاریکی دیکە، دەمانەوێت سووریا رووناکی و داهاتوو ببینێت، جارێکی دیکە خۆر ببینێتەوە. ئێمە دەستمان بۆ دەسەڵاتی دیمەشق درێژ دەکەین، ئێمە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەداین، بەڵام دەبێت هەموو پێکهاتەکان کۆبکرێنەوە، هەندێک ئەرک لەسەر ئەم دەسەڵاتە هەن، ئێمە لەگەڵ ئەم دەسەڵآتەی دیمەشق دەوەستین بۆ سەرکەوتنی. نامانەوێت بچینە ناکۆکی سەربازی و تائیفی، چونکە پێویستمان بەو ناکۆکییانە نییە.
 
رووداو: گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەنێوان شاندی بەڕێوەبەری خۆسەر و شامدا دەکرێت؟
 
مەحموود موسڵیت: دانوستاندنەکان بەردەوامن، رەنگە هەندێک بابەت ببنە رێگر، بابەتی تەکنیکی و هونەری بن، بەڵام بەردەوامین لە دانوستاندن، پەیوەندی لەنێوان لایەنەکاندا هەیە، رێگە بە بێگانەکان نادەین دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی سووریا بکەن، ئێمە سووریایین و دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین. سووپاسی هاوکاری دۆستانمان دەکەین، هاوکاری سەرکردایەتی کوردستان، بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای ئاشتیخوازی لە سەرجەم ناوچەکانی سووریادا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە