لیژنەی لێکۆڵینەوە لە شەڕەکەی سوەیدا ئەنجامی بەرایی کاری لیژنەکەی راگەیاند

16-11-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
 حاتم نەعسان، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە شەڕەکەی سوەیدا.
حاتم نەعسان، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە شەڕەکەی سوەیدا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە شەڕەکەی سوەیدا ئەنجامی بەرایی بەدواداچوونی خۆی بۆ رووداوەکانی ئەو پارێزگا زۆرینە دروزنشینەی سووریا خستەڕوو؛ هەروەها باسی هەنگاوەکانی داهاتووی کاری لیژنەکەی کرد.
 
رۆژی یەکشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2025، لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی سووریا لە گرژییەکانی سوەیدا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە دیمەشق رێکخست کە تێیدا ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادە بوو.
 
 حاتم نەعسان، سەرۆکی لیژنەکە، کورتەیەکی لەبارەی کارەکانیان و هەنگاوەکانی لیژنەکە لە سێ مانگی رابردوودا پێشکێش کرد، هەروەها وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
حاتم نەعسان رایگەیاند: "ئەوەی لە مانگی تەممووزی 2025 لە پارێزگای سوەیدا روویدا، لە رووداوە ناخۆشەکان بوو کە کاریگەری لەسەر ژیان و موڵکی گشتی و تایبەت هەبوو، هەروەها بووەهۆی ئاوارەبوون و دروستبوونی گوتاری رقلێبوونەوە".
 
حاتم نەعسان ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەکە ئەرکەکانی لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە 1287ی ساڵی 2025ی وەزیری دادی سووریا جێبەجێ کردووە و رایگەیاند: "ئەرکەکانی لیژنەکە بریتین لە دەرخستنی ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی رووداوەکان، دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر و جیدی لەسەر هەموو تۆمەت و بانگەشەیەکی پێشێلکاری گەورە، وەرگرتنی سکاڵا و زانیاری لەبارەی تاوان و پێشێلکارییەکان کە هاووڵاتیان رووبەڕووی بوونەوە، هەروەها دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی گوماناوی ئەو پێشێلکاری و تاوانانە."
 
سەرۆکی لیژنەکە گوتی: "ئەرکی لیژنەکە هەروەها بریتییە لە دیاریکردنی بەرپرسیارێتی تاکەکەسی بۆ تاوانەکان، چ راستەوخۆ بێ یان ناڕاستەوخۆ، دڵنیابوون لەوەی هیچ کەسێک بێ سزا نامێنێتەوە و هەموو ئەوانەی دەستیان تێدا هەبووە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێ؛ هەروەها دەرکردنی رێنمایی بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم جۆرە رووداو و پێشێلکارییانە لە شوێنی دیکەی سووریا دووبارە نەبنەوە."
 
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە گرژییەکانی سوەیدا گوتی: "بۆمان سەلمێندراوە کە هەندێک کەس لە چەکدارانی بیانی بە شێوەیەکی تاکەکەسی و هەڕەمەکی چوونەتە نێو هێزەکانی سوپا."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداودا سەبارەت بە ژمارەی قوربانیان و بێسەروشوێنبووان و دڵنیابوون لەوەی رووداوی هاوشێوە دووبارە نابێتەوە، حاتم نەعسان گوتی: "سەبارەت بە ژمارەکان، لێکۆڵینەوەکان هێشتا تەواو نەبوون. داوای درێژکردنەوەی ماوەی لێکۆڵینەوەکان بۆ ئەوەیە کە بگەینە ژمارەی کۆتایی. ژمارەی قوربانی و بێسەروشوێنبووان و قوربانیانی نادیارم لایە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوون. هۆکارەکە ئەوەیە کە زانیاریمان بۆ دێت کە تێیدا کەسێک بێسەروشوێنە، پاشان دەردەکەوێ کە قوربانییە یان دەڵێن کەسێک کوژراوە، پاشان دەردەکەوێ کە لە جەرەمانەیە. ئێمە دوا ئاماری تەواوەتیمان کۆنەکردووەتەوە، بۆیە ناتوانین ژمارەی تەواوتان پێ بدەین."
 
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی سوەیدا رایگەیاند: "رۆژانە کار دەکەین بۆ نوێکردنەوەی ژمارەی بێسەروشوێنبووان، قوربانیان و تۆمەتباران. زۆرجار راپۆرتمان پێدەگات دەربارەی تۆمەتبارێک کە ناوی هاوشێوەیە؛ دەزانن لە سووریا چەندین ناوی هاوشێوە هەن کە نزیکەی 8 یان 10 کەس بە ناوی هاوشێوە دەردەکەون". 
 
سەبارەت بە بەشداری چەکدارە بیانییەکان لە رووداوەکانی سوەیدا، حاتم نەعسان بە رووداوی راگەیاند: "سەبارەت بە پرسی بیانییەکان، یان ئەوانەی پێیان دەگوترێ چەکدارانی ناو سوپا، ئاماژەم بەوەدا کە ئەوان بە دەستپێشخەری خۆیان هەندێک کاریان کردووە و رێنمایی وەزارەتی بەرگری هەبوو کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەشدارییان پێنەکرێ بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان. پێویستە رەوانەی دادگا بکرێن و لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە دەستگیر بکرێن، تەنیا بەهۆی چوونە ناو شاری سوەیدا کە ئەوە دەبێتە رێگر لە بەردەم دووبارەبوونەەی."
 
"بنەمای کارکردنی لیژنەکە"
 
سەبارەت بە سەربەخۆیی لیژنەکە، حاتم نەعسان گوتی: "میتۆدی لیژنەکە لەسەر سەربەخۆیی دامەزراوە، چونکە ئەندامانی لیژنەکە هیچ رێنماییەک لە هیچ دەسەڵات یان کەسێک وەرناگرن لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیان."
 
سەرۆکی لیژنەکە رایگەیاند: "کاری لیژنەکە بێلایەنانەیە، چونکە ئەرکەکانی لەسەر بنەمای ئەرکی خۆی دامەزراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییە گوماناوییەکانی هەموو لایەنەکان بە هەمان پلەی گشتگیری، وردبینی و پیشەیی، بێ لایەنگری یان پەسندکردنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا."
 
ئەو بەرپرسە ئەوەشی روون کردەوە کە "ئەو کەسانەی لە ڤیدیۆکاندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرکەوتبوون دەستگیرکراون و رەوانەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ کراون. لیژنەکە گوێی لە 800 شایەتحاڵ گرتووە."
 
لە 31ی تەممووزی 2025، وەزارەتی دادی سووریا لیژنەیەکی تایبەتی بەناوی "لیژنەی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی سوەیدا" پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی سوەیدا، بە ئامانجی دیاریکردنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکان و رەوانەکردنی تێوەگلاوان بۆ دادگای پەیوەندیدار بەپێی رێکارە یاساییەکان. 
 
لە سوەیدا چی روویدا؟
 
رۆژی 13ی تەممووز، لە سوەیدا تووندوتیژی لەنێوان دروزەکان، کە پێکهاتەیەکی ئایینیی تایبەتن و هۆزە دەشتەکییەکان سەریهەڵدا. ئەو گرژییە زۆر بە خێرایی فراوان بوو و هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی سووریا و ئیسرائیل چوونە ناو شەڕەکەوە.
 
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی ئەو وڵاتە، زۆربەی ئەوانەی کوژران خەڵکی سوەیدا بوون و ژمارەیان 725 کەس بوو؛ زۆرینەشیان دروز بوون کە 167 کەسیان هاووڵاتی سیڤیل بوون. 
  
هەروەها، 436 کەس کە کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بوون لە شەڕەکەدا کوژران و  40 چەکداری دەشتەکیش کوژران، ئەوەش جگە لەوەی کە 15 کارمەندی حکومەت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە