رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، بە هێرشی ئاسمانی بەرپرسێکی گرووپی حوراسودینی نزیک لە رێکخراوی قاعیدەی لە سووریا کوشتووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسەی کە رۆژی شەممە لە باکووری رۆژئاوای سووریا کوشتوویانە، "بەرپرسێکی باڵای دارایی و لۆجستیی رێکخراوی تیرۆرستی حوراسودینە."
سێنتکۆم ناوی کەسە کوژراوەکەی ئاشکرا نەکردووە؛ دەڵێت، ئامانج لە هێرشە ئاسمانییەکەیان "وەستاندن و لاوازکردنی هەوڵی تیرۆرستان بووە بۆ نەخشەدانان، رێکخستن و ئەنجامدانی هێرش دژی خەڵکی سڤیل و سەربازانی" ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان.
30 کانوونی دووەم، سێنتکۆم کوشتنی بەرپرسیکی دیکەی باڵای حوراسودینی بە ناوی محەممەد سەڵاح زابر لە هێرشێکی ئاسمانیدا راگەیاند.
حوراسودین لە شوباتی ساڵی 2018 دامەزراوە. گرووپەکە تاوەکو هەڵوەشانەوەی خۆی لە مانگی رابردوو، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ قاعیدە ئاشکرا نەکردبوو.
ئەمریکا لە ساڵی 2019 حوراسودینی بە تیرۆرست پۆلێنکرد و خەڵاتی بۆ ئاشکراکردنی شوێنی ئەندامەکانی راگەیاند.
جەنەراڵ مایکڵ کوریلا، فەرماندەی گشتیی سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "کۆڵنەدەرانە بەردەوام دەبین لە راوەدونانی تیرۆرستان بۆ ئەوەی بەرگری لە نیشتمانمان و خەڵکی سەر بە ئەمریکا، هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا بکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ