لە حەلەب داعش و هێزە ئەمنییەکانی سووریا رووبەڕووی یەک بوونەوە و کوژراو هەیە

17-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی سووریا بڵاویکردەوە، لە باکووری پارێزگای حەلەب هێزەکانی ئاسایش رووبەڕووی ژمارەیەک چەکداری داعش بوونەتەوە. دەشڵێت، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژرا و ژمارەیەک چەکداری داعشیشیان دەستگیرکرد. 
 
رۆژی شەممە، 17ـی ئایاری 2025، وەزارەتی ناوخۆی سووریا بڵاویکردەوە، "بەشی ئاسایشی حەلەب بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی گشتی هەڵمەتێکیان کردە سەر حەشارگەیەک کە چەکدارانی رێکخراوی داعشی تێدا بوو". 
 
دەشڵێت، لەو ناوچەیەدا رووبەڕووبوونەوە روویدا و ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی گشتی کوژرا. هەروەها، ژمارەیەک چەکداریان دەستگیرکرد و گەڕانیش بەدوای ئەوانەی دیکەدا بەردەوامە.  
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەک "تەقەمەنی، پشتێنی بۆمبڕێژکراو و بەرگی هێزەکانی ئاسایشی گشتیدا" گرت کە لەلایەن چەکدارەکانەوە بەکاردەهێندران. 
 
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، حەشارگەکە لە گەڕەکی حەیدەرییە بووە و رووبەڕووبوونەوەکەش لەوێ روویداوە. 
 
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شام بوو، حکومەتی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکی کاتییان پێکهێنا. یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکانی ئەو حکومەتە پاراستنی ئاسایشی سووریایە. 
 
هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی سعودیەی کرد و لەوێ سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت. ئەو لە بەرامبەردا داوای لە بەرپرسانی سووریا کرد رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە