ئەحمەد شەرع: قۆناخی شۆڕش کۆتاییهات، کاتی دەوڵەتسازییە و دابەشکردنی سووریاش مەحاڵە

17-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا، لە گوتارێکدا بۆ ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئیدلب، نەخشەڕێگای قۆناخی داهاتووی سووریای خستەڕوو و رایگەیاند، قۆناخی شۆڕش کۆتاییهاتووە و دەبێت بە "عەقڵییەتی دەوڵەت" کاربکەن. شەرع دابەشکردنی سووریای بە "مەحاڵ" ناوبرد و پلانی حکومەتەکەی بۆ دۆسیەکانی سوەیدا، هەسەدە، ئابووری و ئاوەدانکردنەوە خستەڕوو.
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی باڵای کەسایەتی و ریشسپییەکانی پارێزگای ئیدلب، تیشکی خستە سەر ئەزموونی حوکمڕانی لە ئیدلب لە ساڵانی رابردوودا و بە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی سووریای داهاتووی لەقەڵەمدا. شەرع جەختی لەوە کردەوە لێکتێگەیشتن لەنێوان دەسەڵات و گەلدا کلیلی سەرکەوتن بووە و ئێستا پێویستە ئەو ئەزموونە بۆ تەواوی وڵات بگوازرێتەوە.
 
لە شۆڕشەوە بۆ دەوڵەت؛ گۆڕینی عەقڵییەت
 
سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە و چیدی کاتی کارکردن بە عەقڵیەتی شۆڕشگێڕی نییە، بەڵکو دەبێت عەقڵیەتی دەوڵەتسازی جێگەی بگرێتەوە.
 
ئەحمەد شەرع گوتی: "لە سەرەتای گەیشتنمان بە دیمەشق، گوتم کە شۆڕش بۆ ئێمە کۆتاییهات. لەوانەیە ئەمە قسەیەکی ناخۆش بێت بۆ هەندێک کەس، بەڵام مەبەستم ئەوەیە کە دەبێت کاروباری دەوڵەت بە عەقڵییەتێکی نوێ و جیاواز بەڕێوەببرێت. عەقڵی دەوڵەت عەقڵێکی شۆڕشگێڕ نییە، بەڵکو عەقڵێکی ئاشتەوایی و بنیاتنانە."
 
شەرع هۆشداریشی دا لەوەی کە "مەترسیدارترین شت ئەوەیە کە بچین بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و دەستکەوتەکان و بڵێین 'ئێمە قوربانیمان داوە و دەبێت هەموو شتێک بۆ ئێمە بێت'. ئەمە عەقڵییەتی دەوڵەتداری نییە." ئەو، جەختی لەوە کردەوە، دەبێت لە زمانی هاندانی تایفەگەری دووربکەونەوە، چونکە بنیاتنانی وڵات پێویستی بە عەقڵییەتێکی کۆکەرەوە هەیە، نەک پەراوێزخستن و تاکڕەوی.
 
"دابەشکردنی سووریا مەحاڵە"
 
سەبارەت بەو دەنگۆ و بانگەوازانەی باس لە دابەشکردنی سووریا دەکەن، ئەحمەد شەرع بە تووندی رەتیکردەوە و بە "خەون و نەزانیی سیاسی" ناویبرد.
 
ئەحمەد شەرع گوتی: "من پێموانییە سووریا مەترسیی دابەشبوونی لەسەر بێت. راستە هەندێک کەس ئارەزووی دابەشکردن و دروستکردنی کانتۆنیان هەیە، بەڵام لە رووی لۆژیکی، سیاسی و عورفییەوە ئەمە مەحاڵە رووبدات. گۆڕینی نەخشەی ئێستای جیهان زۆر قورسە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگەی پێنادات."
 
ئەو قسانەی ئەحمەد شەرع لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا حکومەتەکەی دەسەڵاتی بەسەر تەواوی سووریادا نییە.
 
شەرع روونیکردەوە کە "هەر کەسێک لە سووریا داوای دابەشکردن بکات، یان نەزانیی سیاسیی هەیە یان خەون دەبینێت، چونکە هۆکارەکانی دابەشبوون لە سووریا بوونیان نییە و کۆمەڵگەی سووریاش خۆی دابەشبوون قبووڵ ناکات."
 
چارەسەری ئاشتییانە بۆ سوەیدا و هەسەدە
 
ئەحمەد شەرع سیاسەتی حکومەتەکەی بەرامبەر بە دۆخی پارێزگای سوەیدا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد و جەختی لەسەر چارەسەری ئاشتییانە کردەوە.
 
سەبارەت بە سوەیدا شەرع گوتی: "یەکپارچەیی خاکی سووریا و کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە دوو هێڵی سوورن". ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل راستەوخۆ دەستێوەردان لە سوەیدا دەکات بۆ لاوازکردنی دەوڵەت، سیاسەتی ئێستای حکومەت بریتییە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و کارکردن بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان درووز و بەدەوییەکاندا.
 
سەبارەت بە هەسەدەش شەرع ئاشکرایکرد کە گفتوگۆی چڕ لەنێوانیان بەردەوامە و گوتی: "بۆ یەکەمجار لە 10 ساڵی رابردوودا رێککەوتنێک هەیە کە سووریا، هەسەدە، تورکیا و ئەمریکاش لەسەری کۆکن. ئێمە کار لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی دەکەین و هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی دەربڕیوە. ئومێدەوارم لە چەند مانگی داهاتوودا ئەم دۆسیەیە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت."
 
سندووقی گەشەپێدان و وەبەرهێنانی 28 ملیار دۆلاری
 
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بە دۆخی ئابووری وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، وڵاتێکی وێران و بانکێکی بەتاڵیان بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەڵام پلانیان بۆ بووژاندنەوەی ئابووری داناوە.
 
سەرۆکی کاتیی سووریا گوتی: "نەمدەویست سووریا لەسەر هاوکاری و قەرزی درێژخایەن بژی کە سەروەریی سیاسیی وڵات دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە پشتمان بە توانای سوورییەکان و سەرچاوەکانی سووریا بەستووە و دەرگامان بۆ وەبەرهێنانی بیانی کردووەتەوە."
 
شەرع ئاشکرایکرد کە "لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا، بەهای وەبەرهێنانی راستەوخۆ لە سووریا گەیشتووەتە 28.5 ملیار دۆلار" پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵ بگاتە 100 ملیار دۆلار."
 
راشیگەیاند، بەمزووانە "سندووقی گەشەپێدان" رادەگەیێندرێت کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی بەخشینە لە سوورییەکانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و یەکەم کاریشی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ناوچە وێرانکراوەکان دەبێت، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی کشتوکاڵ و پیشەسازی.
 
ئاوەدانکردنەوەی ئیدلب لە پێشینەی کارەکانمانە
 
لە وەڵامی داواکاریی شاندی ئیدلب بۆ ئاوڕدانەوە لە ناوچە رزگارکراوەکانی ئەو پارێزگایە کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوون، ئەحمەد شەرع دڵنیایی دایە ئامادەبووان کە ئەم بابەتە لە پێشینەی کارەکانی حکومەت دەبێت.
 
شەرع گوتی: "یەکێک لە ئامانجە هەرە گرنگەکانی شەڕی رزگارکردن، گەڕانەوەی خەڵک بوو بۆ ماڵەکانیان. ئێمە گەورەترین و مەزنترین دەستکەوتمان بەدەستهێنا، ئەوەی ماوەتەوە ئاسانترە. راستە توانای دروستکردنەوەی هەموو ماڵێکمان نییە، بەڵام ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوەی ژیان بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، ئامانجی ئێمەیە و پەنا بەخوا بەدی دێت."
 
ئەحمەد شەرع داوای خۆڕاگری لە هەموو لایەک کرد و رایگەیاند کە بنیاتنانی دەوڵەت پرۆسەیەکی درێژخایەنە و حەوت مانگ بۆ هەڵسەنگاندنی بەس نییە، بەڵکو پێویستی بە کات و هاوکاریی هەموو چین و توێژەکانی گەلی سووریا هەیە.
 
دەقی قسەکانی ئەحمەد شەرع، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئیدلب
 
شەرع: بەخێربێن هەمووتان، لە راستیدا من دەمەوێت گوێتان لێبگرم. دڵنیام پرسیاری زۆرتان هەیە و ئێمە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە ئیدلب راهاتووین کە هەموو ماوەیەک دانیشتنێکی گەورەی وەک ئەمە ساز بکەین و گوێتان لێبگرین و ئێوەش گوێمان لێبگرن و، هەمیشە هەوڵدەدەین جۆرێک لە هاوشانی و بەدواداچوونمان بۆ رووداوەکان هەبێت، بەتایبەتی کە وادیارە ئێمە لەگەڵ رووداوە سەختەکاندا لە یەک ریتمداین و لەگەڵ هەموو قۆناخێکدا کە پێیدا تێدەپەڕین، دووانەین. هەمیشە هەوڵدەدەین پێکەوە بەسەریاندا زاڵ بین، لە رێگەی روونکردنەوە و لێکتێگەیشتن و داهێنانی بیرۆکەی نوێ و رووبەڕووبوونەوەی تەحەدی و سەختییەکان و تێپەڕاندنی هەنگاوە دژوارەکان.
 
لە بارودۆخێکی زۆر جیاوازدا، ناتوانین ئەو واقیعەی لە ئیدلب هەبوو بە واقیعی ئێستا بپێوین، سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبردنی دیمەنەکە لە کاتی شۆڕشدا زەحمەتتر بوو لە بەڕێوەبردنی لە دەوڵەتی ئێستادا، هەرچەندە قەبارەی مەترسی و سەختییەکان کەمێک گەورەتر بوون، بەڵام لەو کاتەدا ناوچەکە نزیکەی نیمچە گەمارۆدراو و تەسک بوو. بە فەزڵی خوای گەورە توانیمان شتێکی تێدا بنیات بنێین و گەیشتینە رزگارکردنی تەواوی سووریا. بێگومان چەندین هۆکار هەبوون کە ئێمەیان گەیاندە ئەم شوێنەی ئەمڕۆ تێیداین، یەکێک لە گرنگترینیان لێکتێگەیشتن بوو لەنێوان دەسەڵات و گەل، یان یەکبوونی حاڵ لەنێوان دەسەڵات و گەلدا.
 
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز لە ئیدلب هەبوون، بەڵام ئێمە هەوڵمان دەدا ئەو ناکۆکییە بەڕێوەببەین، نەک بیبڕینەوە یان لە رەگەوە چارەسەری بکەین. هەمیشە ئەو دیمەنانەی پێیان راهاتبووین ئەوە بوو کە هەندێکجار دیمەنەکە لە چاوی کەسێکی دوورەوە تاریک و سەخت دەبینرا و پڕ بوو لە تەحەدی گەورە، بەڵام ئێمە هەمیشە هەوڵمان دەدا پشت بە شیکارییەکی لۆژیکی و واقیعییانەی دیمەنەکە ببەستین، چونکە شیکاریی دروست یەکەم هەنگاوە بۆ گرتنەبەری چارەسەری دروست. هەوڵمان دەدا شیکاری بکەین. بیرمە هەندێک جار بارودۆخێک دەهاتە پێشەوە کە پڕ بوو لە پڕوپاگەندەی گەورە، لە رووکەشدا ئازاربەخش بوو، بەڵام لە ناواخندا رەحمەتی تێدابوو. ئێمە هەوڵمان دەدا پێکەوە شیکاری هەموو ئەو دیمەن و بابەتانە بکەین کە لە واقیعی شۆڕشدا روویاندەدا و بەوپەڕی شەفافییەتەوە روونمان دەکردنەوە، سەرەڕای ئەوەی کە خەڵکی ئاژاوەگێڕی زۆر لە دیمەنەکەدا هەبوون، ئێوەش دەزانن لەوانەیە هەندێکیان ئێستا لەگەڵمان ئامادەبن. ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەمە شتێکی دەوڵەمەندکەر بوو بۆ دۆخەکە، چونکە هەندێک جار پرسیارێکی ورووژێنەر، وەڵامێکی دروست و شیفابەخشی لێدەکەوتەوە.
 
لەسەر هەمان رێچکە، ماوەیەکە چەندین ناونیشان دەبیستم، وەک ئەوەی ئەو ناوچانەی پێشتر رزگارکرابوون پەراوێز دەخرێن، دووردەخرێنەوە، لەبیرکراون و لە سەردەمی نوێشدا لەبیر دەکرێن. بێگومان ئەمە قسەی زۆرە کە لە راستیدا کاریگەری لەسەر دەروونمان دادەنێت. ئەمڕۆ، ناوچە رزگارکراوەکانی پێشوو، لە سەرووی هەموویانەوە ئیدلب و ناوچەکانی دەوروبەری، لە یادەوەریی هەموو جیهاندا نەخشێنراون. هیچ کەسێک ناتوانێت لەبیریان بکات، چونکە ئەو رووداوەی ئەوان دروستیان کرد، سەرنجی هەموو جیهانی راکێشا و رەوتی مێژووی لە ناوچەکەدا گۆڕی. بۆیە پرسی لەبیرکردن، شتێکی وا نییە. لەبارەی خزمەتگوزارییەکانەوە، من هەمیشە هەوڵم دەدا کە ئیدلب ببێتە بنکەیەک کە پشتی پێببەسترێت بۆ راستکردنەوەی رەوتی تەواوی سووریا. بۆیە هەمیشە هەوڵم دەدا بابەتە ستراتیژییەکان لەگەڵ بەڕێزتاندا تاوتوێ بکەم، بەتایبەتی کە ئێوە نوێنەرایەتیی ریشسپی و کەسایەتییەکانی ئەوێ دەکەن. پێشتر ئێمە هەمیشە هەوڵمان دەدا بابەتە ستراتیژییەکان تاوتوێ بکەین و بە شێوەیەکی هۆشیارانە و دروست شیکارییان بکەین و خۆمان لە وردەکارییە رۆژانەییەکان نەئاڵێنین کە تووشی جۆرێک لە ماندووبوون و بەهەدەردانی دەکردین. ئەمە بە مانای پشتگوێخستنی کێشە رۆژانەییەکانی ناوچەکە نییە، بەڵام هەمیشە جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرە ستراتیژییەکان، چارەسەرێکی گشتگیر دروست دەکات. بیرمە رۆژێک لە رۆژان بەلای کەمپەکاندا تێدەپەڕین کە واقیعێکی سەختیان هەبوو. هەندێک لە هاوڕێیانم کە لە دەورم بوون پێیان دەگوتم بۆچی دژی کەمپەکانین؟ ئایا باشتر نییە رێگاکە دروست نەکەین و ئەو پارەیە بەسەر کەمپەکاندا دابەش بکەین تاوەکو بە شێوەیەکی باشتر بژین؟ هەروەها سەبارەت بە هەندێک چاکسازی کە لە ئیدلب دەمانکرد، هەندێک کەس دەیانگوت باشتر بوو ئەو پارەیە بۆ کەمپەکان خەرج بکرایە. لەڕووی تیۆرییەوە قسەکە راستە، بەڵام وەک دەڵێن: "فێری راوکردنم بکە، نەک هەموو رۆژێک ماسیم بدەیتێ."
 
ئێمە هەوڵمان دەدا بەدوای چارەسەری ریشەییدا بگەڕێین بۆ دۆخی کەمپەکان لە ئیدلب. بۆیە هەوڵماندا بۆ بنیاتنانی ئەو ژێرخانەی کە سیستمی ئابووریی ناوچەکەی لەسەر دادەمەزرێت. جەختمان لەسەر دابینکردنی هەلی کار دەکردەوە بۆ خەڵک، کە لە پێشتر بوو لە یارمەتیدانیان بۆ بژێوی لە شێوەی هاوکاری. کاتێک دەڵێین بنیاتنانی کەشێکی ئابووری، ئەمە چەندین شت لەخۆدەگرێت: دادپەروەری، پەروەردە و فێرکردن، ژێرخان، رێگەوبان، شەقامەکان، گەیاندن، کارەبا و چەندین خزمەتگوزاریی تر، تاوەکو دەگەینە ژینگەیەکی گونجاو بۆ دابینکردنی کەشێکی ئابووری. ئەمە جۆرێک لە چارەسەری ریشەیی دروست دەکرد.
 
هەروەها بیرمە جارێکیان کەسێک گوتی با پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی گشتگیر بۆ هەموو کەمپەکان دروست بکەین. بێگومان ئەمە لە سەرووی توانای ئیدلبەوە بوو، چونکە ئابووریی ئیدلب تا رادەیەک سنووردار بوو، لە هەمان کاتدا قەبارەی کەمپەکان زۆر گەورە بوو، نزیکەی %40ی دانیشتووانی ئیدلب لە کەمپەکاندا دەژیان. پرۆسەی بنیاتنان، پرۆسەیەکی زۆر گەورەیە، کە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ملیۆنان کەس دروست بکەیت. ئەمە لە سەرووی توانای ئیدلبەوە بوو. من لەو کاتەدا دەمگوت ئەو خەرجییەی بۆ رزگارکردنی سووریا دەیکەین، زۆر کەمترە لەوەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەیکەین. بۆیە توانادان بە خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، لە پێشتر بوو لە بنیاتنان لە ئیدلب، سەرەڕای ئەوەی چەندین پڕۆژەی بنیاتنانی مامناوەندمان لە ئیدلب ئەنجامدا، بەڵام هەرچەندێکمان کردبێت، نەگەیشتە ئەو ئاستەی ببێتە جێگرەوەی نیشتمانی ئەسڵیی خەڵک.
 
ئێستا سووریا کێشەیەکی زۆر گەورەی هەیە و بە درێژایی مێژوو درێژەی کێشاوە. ئێمە باسی 100 ساڵی رابردوو دەکەین. سووریا بە بارودۆخی جۆراوجۆر و فرە لایەندا تێپەڕیوە کە پڕ بووە لە کێشە. هەمیشە ئەو نەوەیەی ئەرکی خۆی بە باشی جێبەجێ ناکات یان هەلی بۆ ناڕەخسێت، ماندووبوون و ژیانێکی سەخت و ئاڵنگاری دژوار بۆ نەوەی دوای خۆی بەجێدەهێڵێت. بەم شێوەیە لە 100 ساڵی رابردوودا هەر نەوەیەک سەختیی جۆراوجۆر و کەڵەکەبووی بۆ نەوەی دوای خۆی بەجێهێشتووە. جگە لەوەی کە ناوچەکە لە بنەڕەتدا بۆ ماوەی 400 یان 500 ساڵ تا رادەیەک لە سیاسەت و حوکمڕانی دابڕابوو. بۆیە سووریا میراتێکی زۆر قورسی هەیە لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتی لە 60 ساڵی رابردوودا جۆرێک لە سەختیی کەڵەکەبووی تێدابووە. ئێمە ئەمڕۆ ئەنجامی چەندین هۆکار دەژین کە لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا روویانداوە. ئەمە چەندین شت لەخۆدەگرێت، واتە تەنیا لایەنی ئابووری نییە، تەنیا لایەنی سەقامگیریی ئەمنی نییە، بەڵکو پەیوەندیی نێودەوڵەتیی زۆر و خزمەتگوزاریی زۆریش لەخۆدەگرێت. هەموو شتەکان پێکەوە بەستراونەتەوە تاوەکو لە کۆتاییدا دەگەینە دۆخ و حاڵەتێکی دیاریکراو و دەڵێین ئایا ئەم دۆخە ئەرێنییە یان نەرێنی. چارەسەرە سیحراوییەکان کە راستەوخۆ لە حاڵەتێکەوە بمانگۆڕن بۆ حاڵەتێکی تر، ئەوە چارەسەرێکی وەهمییە. چارەسەرێکی لۆژیکی هەیە، وەک منداڵێکی ساوایە کە دەتەوێت لە سێ مانگدا ببێتە سێ ساڵان، ئەمە زۆر سەختە. ئەو پێویستی بە کاتی خۆی و گەشەی سروشتیی خۆی هەیە تاوەکو پێدەگات. هەرچەندە دەتوانین هەنگاوەکان خێراتر بکەین، بەڵام ناتوانین لە ماوەی چەند مانگێکدا واقیعێکی نوێ دروست بکەین کە هەموو کێشە کەڵەکەبووەکانی سەر ژینگەی سووریا لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا چارەسەر بکات.
 
بۆیە ئێمە وەک بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی، دەبێت هەمیشە ئامانج و پلانی ستراتیژیمان هەبێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە و باسی ئەولەوییەتی چارەسەرەکان بکەین. ئەمە شتێکی گرنگە لەو میتۆدی بیرکردنەوەیەی کە بۆ بنیاتنانی وڵاتی داهاتوومان، ان شاء الله، بیری لێدەکەینەوە. هەرچەندە ئامانجەکانمان روونتر بن و رێگاکانی گەیشتن پێیان ئاسانتر بن، ئەوەندە دەستکەوتی بەرچاوترمان دەبێت لە ماوەی کورت و یەک لەدوای یەکدا.
 
کەسێک لێی پرسیم، "چەند ساڵمان پێویستە تاوەکو دیمەنی سووریا بگۆڕێت؟" گوتم، بەو شێوەیە حیساب ناکرێت. گرنگتر ئەوەیە چاودێریی هۆکارەکانی بنیاتنانی ژێرخان بکەین لە هەموو شتێکدا. مەبەستم تەنیا ژێرخانی فیزیکی نییە، بەڵکو چەندین شتی دیکەش لەخۆدەگرێت، وەک لایەنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و زۆر شتی تر. بەڵام کاتێک ئێمە لەسەر رێڕەوی ئەم بنیاتنانە دەڕۆین، دەبینین کە هەموو مانگێک شتێکی نوێمان بۆ دەردەکەوێت. بیرمە لە ئیدلب، ماوەیەک جۆرێک لە داخراوی هەبوو، دواتر لەناکاو خەڵک بینییان کە هەموو مانگێک شتێکی نوێ هەیە، هەموو مانگێک باشتربوونێک هەیە، چونکە پێشتر بنیاتنانێکی هاوسەنگ لە چوارچێوەی پلان و ئامانجی ستراتیژیی باشدا کرابوو. گەیشتینە قۆناخێک کە بنیاتنانەکەمان جێگیر بوو و دەستی بە هەستانەوە کرد. سەبارەت بە ناوچەکە بە گشتی لە ئیدلب، ئێمە چەندین ئاستمان هەیە: یەکەم، پارێزگاریکردن لەوەی لە رابردوودا پێی گەیشتووین، چونکە دۆخی ئیدلب لە دۆخی ناوچەکانی دیکە باشتر بوو، بەدەر لە کێشەکانی کۆچ و ئاوارەیی و کەمپەکان. شتێکی دیکە ئەوەیە کە بەردەوام بین لە پەرەپێدانی دۆخی ئێستای ئیدلب تاوەکو دەگاتە حاڵەتی ئاسایی خۆی. ئەمەش لەناو ئەو پلانانەدایە کە دامانناوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، پشکێک بۆ پارێزگا و شوێنەکانی دیکەش هەیە کە دەبێت ئەوانیش بە هەمان رێڕەودا بڕۆن. ئێستا چەندین پلانی ستراتیژیی گەشەپێدان لە سووریا دانراون. هەروەها پلانێک دانراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمپەکان کە هێشتا لە سووریا ماون، گەڕانەوەی خەڵک و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئەو ناوچانەی کە پێشتر رووبەڕووی بۆردومان و کۆچی بەکۆمەڵ بوونەتەوە. هەروەها پلانێک دانراوە بۆ پێشوازیکردن و گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانەی کە لە دەرەوەی سووریان و نیشتەجێکردنەوەیان لە ناوخۆ بە شێوەیەک کە کەرامەت و ئاسایشیان پارێزراو بێت. بەڵام ئەم بوارە زۆر فراوانە و بۆ پرسیاری بەڕێزتان بەجێیدەهێڵم تاوەکو جۆرێک لە گفتوگۆ و وەرگرتن و دان دروست بێت.
 
پرسیار و تێبینییەک لە میوانێکەوە: سوپاس بۆ خوا کە ئەم سەرکەوتنەی پێ بەخشین. ئەمە منەتێکی خوای گەورەیە دوای 14 ساڵ ئارامگری لە بەرامبەر هەموو جۆرەکانی بۆردومان و دەرکردن. سوپاس بۆ خوا دوای ئەم ئارامگرییە، سەرکەوتنێک بوو کە خوای گەورە پێی بەخشین. پێکەوە بەرگەمان گرت، بەڵام ئەم سەرکەوتنە دوای متمانە بە خوای گەورە هات کە سەرمان دەخات. نزامان تەنیا ئەوە بوو کە ئێمە بەکاربهێنێت و کەسی دیکە لە جێگەی ئێمە دانەنێت. سوپاس بۆ خوا ئێستا ئێمە لێرەین و خوا وەڵامی دوعاکانی داینەوە و لەم سەرکەوتنەدا ئێمەی بەکارهێنا. سەرکەوتنەکە منەتێکی خوا بوو، سوپایەکی سەرکەوتوو بوو کە خوای گەورە رەزامەند بوو بەڕێز سەرۆک ببێتە فەرماندەی. ئەگەر خوای گەورە رەزامەند بێت بەڕێز سەرۆک فەرماندەی سەرکەوتن بێت، چۆن ئێمە رەزامەند نابین ببێتە فەرماندەی بنیاتنان؟ ئێمە، شۆڕشگێڕانی ئیدلب و ئازادیخوازانی ئیدلب و تەواوی سووریا، بەیعەت بە بەڕێز سەرۆک دەدەین کە لە ئاشتی و جەنگدا لەگەڵی بین. دەزانین کە دۆسیەی گەورە و سەختی لەبەردەستدایە و گفتوگۆی سەختی هەیە، بەڵام پێی دەڵێین، ئێمە 14 ساڵ لەژێر بۆردوماندا ئاراممان گرت و ئامادەین بۆ ئاشتی یان بۆ جەنگ، ئامادەین 14 ساڵی تر یان زیاتریش ئارام بگرین، بەڵام لەسەر هەڵوێستی خۆمان دەمێنینەوە وەک ئەوەی لێمان راهاتوون. بەڕێز سەرۆک، هەر کاتێک کۆدەبووینەوە، جەختی لەوە دەکردەوە کە حەلەب و دواتریش دیمەشق رزگار دەکەین، وا ئێستا ئێمە لە دیمەشقین. خوای گەورە هەنگاو و بۆچوونەکانت سەرکەوتوو بکات و جێگیرت بکات. السلام علیکم ورحمة الله.
 
پرسیار و تێبینییەک لە میوانێکەوە: السلام علیکم ورحمة الله وبركاته. بەخێربێیت بەڕێز سەرۆک. ئێمە دەزانین کە ئێوە میراتگری نێچیرێک بوون کە لەلایەن گورگەکانەوە دەورەدرابوو. گورگەکانیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی زۆرن. بەڵام چاکبوونەوەی زووی ئەم نێچیرە... ئێمە دایکە جەرگ سووتاوەکەین، نەک شیوەنگێڕەکە، ئێمە خاوەنی منداڵەکەین و دەمانەوێت ئەم جەستەیە چاک ببێتەوە. رەوتێک دەرکەوتووە کە دەڵێت دەبێت دەوڵەت بچەسپێنرێت نەک رەنگی تاک لایەنە، بۆ ئەوەی ئەوەی لەسەری شۆڕشمان کرد دووبارە نەبێتەوە. بۆ ئەوەی بێبەشبوون لە بەشداریی سیاسی و دەسەڵات نەمێنێت و تاکڕەنگی و تاک بۆچوون نەمێنێت. زۆرێک لە ئازادیخوازان و باقیی سوورییەکان چاوەڕێی بەرهەم و ئەنجامێکی باشن لە دەستی ئێوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، چۆن دەتوانین لەگەڵ دەسەڵاتدا بوەستین بۆ ئەوەی بەڕاستی بیرۆکەی دەوڵەت بەهێز بکەین، نەک بیرۆکەی دەسەڵات و رەنگی تاک لایەنە؟ سوپاس.
 
شەرع: یەکێک لە گرنگترین شتەکان کە دەبێت وەک کۆمەڵێک بیری لێبکەینەوە، بەتایبەتی لەم وتارەدا کە ئاراستەی خەڵکی ئیدلب و ناوچە رزگارکراوەکانی پێشووە، ئەوەیە کە پشت بەوانە دەبەسترێت کە لە ریزی شۆڕشدا بوون. لە راستیدا گلەیی لەوان زیاترە و باری سەرشانیان قورسترە لەوانی دیکە، چونکە ئەوان بوون کە ناونیشانی ئەم پڕۆژەیەیان هەڵگرت، قوربانییان بۆیدا و گەیشتینە ئەوەی پێی گەیشتین. بەڵام ئەرکی ئەو کۆمەڵگەیەی لە ریزی شۆڕشدا وەستا، بە گەیشتنمان بە دیمەشق کۆتایی نایەت. مەترسیدارترین شت ئەوەیە کە بچین بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و دەستکەوتەکان و بڵێین 'ئێمە قوربانیمان داوە و دەبێت هەموو شتێک بۆ ئێمە بێت'. ئەمە دیمەنێک نییە کە گوزارشت لە عەقڵییەتی دەوڵەت بکات لە بەڕێوەبردنی دۆخی دوای سەرکەوتن. شتێکی دیکە، ئەو زمانەیە کە جۆرێک لە هاندانی تایفەگەری تێدایە. هەندێک جار ئەو کەسەی لەژێر ستەمدا بووە، جۆرێک لە ئاخ و ناڵەی خەمگین و گلەیی بریندارکەری هەیە، یان هەندێک جار زیادەڕەوی تێدا دەکات، ئەمەش مافی خۆیەتی. بەڵام عەقڵی دەوڵەت، عەقڵێکی شۆڕشگێڕ نییە، بەڵکو عەقڵێکی ئاشتەواییە، بەتایبەتی ئەگەر باسی بنیاتنان بکەین. ئێوە ئەزموونتان لەگەڵ ئێمەدا هەبوو. راستە ئێمە لە ژینگەیەکدا بووین کە حەز ناکەم تەنیا خۆم بخەمە پاڵ ژینگەیەکی سەربازی و ئەمنی، بەڵام ئێوە لەگەڵ ئێمەدا شایەتحاڵی پرۆسەیەکی هەستانەوە و بنیاتنان بوون لە ئیدلب. نموونەیی نەبوو، بەڵام بەپێی ئەو بارودۆخەی لەوێ هەبوو، لەچاو پارێزگاکانی دیکە جیاواز بوو. زۆربەی ئەو سووریانەی لەو پارچە بچووکەی ئیدلبدا بوون، کاتێک چوون بۆ پارێزگاکانی دیکە، جیاوازییەکەیان بینی. بەڵکو بە پێچەوانەوە، رووکردنێکی زۆر لە ناوچەکە کرا و خزمەتگوزاری تێدا دابین کرا. بۆیە عەقڵییەتی بنیاتنان، عەقڵییەتێکی کۆکەرەوەیە، نەک عەقڵییەتێکی پەراوێزخەر و تاکڕەوانە. سووریا لەبەردەم هەلێکی زۆر گەورە و مەزندایە بۆ ئەوەی ببێتە پێشەنگ، بەڵام سەرمایەی سەرەکیی لە یەکگرتوویی ناوخۆییدایە. زۆر لایەن، یان هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی، نایانەوێت سووریا بەهێز بێت، بۆیە لە گرنگترین بنەمای دەدەن کە یەکگرتوویی ناوخۆییەتی. ئەو کەسانەی دەبێت زۆرترین پەرۆشیان بۆ ئەم سەرکەوتنە هەبێت، دەبێت کوڕانی شۆڕش خۆیان بن. ئەوانن کە دەبێت هۆکارەکانی پاراستنی ئەم سەرکەوتنە بۆ درێژترین ماوە بەکاربهێنن. هۆکارەکانی پاراستنی سەرکەوتن پێویستە رێسای تێدابێت کە تا رادەیەک جیاواز بێت لە رێساکانی بەڕێوەبردنی ژینگەی شۆڕشگێڕی ئەو کاتە. من لە سەرەتای گەیشتنمان بە دیمەشق گوتم، شۆڕش بۆ ئێمە کۆتاییهات. راستە لەوانەیە ئەمە قسەیەکی بریندارکەر بێت بۆ هەندێک کەس، بەڵام دەمەوێت دەریببڕم کە دەبێت کاروباری دەوڵەت بە عەقڵییەتێکی نوێ و جیاواز بەڕێوەببرێت. ئەمە کەمکردنەوە نییە لە شۆڕش، بەڵام ژینگەی شۆڕش بارودۆخ و بەڕێوەبردن و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ کێشە و ئاڵنگارییەکاندا جیاوازە لە شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت. تێگەیشتن لەمە زۆر پێویستە، پێش ئەوەی هەر رووداوێکی دەوروبەر دەستپێبکات، چونکە ئاڵنگاری بۆ دەوڵەتان لە دوای سەرکەوتن هەیە. بۆ نموونە، ئێمە لە شەڕی رزگارکردنی سووریادا رژێممان رووخاند، بەڵام هێشتا شەڕێکی دیکەمان لەپێشە بۆ یەکخستنی سووریا. نابێت بە خوێن و هێزی سەربازی بێت، بەڵکو دەبێت بە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن بێت، چونکە سووریا لە ساڵانی رابردوودا لە جەنگ ماندوو بووە. بۆیە ئەمە هەلێکی زۆر گەورەیە بۆ دووبارە هەستانەوەی سووریا، بەڵام دەبێت بە شێوەیەکی باش و روون داڕێژرابێت. پەلەکردن لە بەدەستهێنانی پۆست و دابەشکاریی سیاسی و گەڕان بەدوای رۆڵدا، مافی هەموو کەسێکە، بەڵام کێبڕکێی نەرێنی تێیدا کاریگەری لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگە لە ناوخۆدا دادەنێت. ئێمە ئەمڕۆ لە قۆناخی دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتداین، نەک لە قۆناخی بەردەوامبوونی دامەزراوەیەک کە پێشتر هەبووە. ئەگەر بە دروستی بنیات بنرێت، ئەوا هەلی مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێت. ئەگەر بە هەڵە بنیات بنرێت، دڵنیابە تەمەنێکی سنوورداری دەبێت و هەمیشە رووبەڕووی کێشە و لاوازبوون دەبێتەوە. لایەن هەن کە نایانەوێت دەوڵەت لە ساتەکانی یەکەمدا بە شێوەیەکی دروست و بەهێز بنیات بنرێت. ئەمەیە کە دەبێت بە جۆرێک بەرەنگاری ببینەوە تاوەکو قۆناخە مەترسیدارەکانی سەرەتا تێپەڕێنین. من پێموانییە سووریا مەترسیی دابەشبوونی لەسەر بێت. راستە هەندێک کەس ئارەزووی دابەشکردنی سووریا و دروستکردنی کانتۆنی ناوخۆییان هەیە، بەڵام لە رووی لۆژیکی، سیاسی، عورفی و عەقڵییەوە، ئەمە مەحاڵە رووبدات. چونکە بارودۆخی خۆی هەیە. ئەمڕۆ نەخشەی ئێستای جیهان کە لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم داڕێژراوە، تەنیا گۆڕانکاریی بچووک و سنوورداری بەخۆیەوە بینیوە. گۆڕینی نەخشەکانی ئێستا لەسەر ئاستی جیهان، مەترسییەکی گەورەیە و جێبەجێکردنی زۆر قورسە. بۆیە دەبینیت هەندێک شوێن شەڕی خوێناوییان تێدا روویداوە بە ناونیشانی دابەشبوون، و لایەنێک لەلایەن رۆژئاوا و وڵاتانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، بەڵام دوای 25 بۆ 30 ساڵیش ئەو رەزامەندییە وەرناگرێت. بۆ نموونە باشووری سوودان. سەرەڕای ئەوەی لەلایەن رۆژئاواوە پشتیوانی لێدەکرا و جیهان لەگەڵ حکومەتی سوودان نەبوو، بەڵام سەربەخۆیی بە ئاسانی بەدەستنەهێنا. بۆچی؟ چونکە گۆڕینی نەخشەی ئێستا دەبێتە هۆی "پەتا". هەر شوێنێک دابەش ببێت، لە هەموو ناوچەیەکی جیهاندا خەڵکانێک هەن حەز دەکەن دابەش ببن. بۆ نموونە هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، ئێرلەندای باکوور، کەمینەیەک لە ئەڵمانیا، هەندێک لە تورکیا و عێراق و...هتد. بۆیە هەر شوێنێک لە دابەشبووندا سەرکەوتوو بێت، ئەمە بڵاودەبێتەوە. بۆیە جیهان لەم بابەتە دەترسێت و پشتیوانی لە هیچ جۆرە دابەشبوونێک ناکات، تەنانەت ئەگەر کێشەی زۆریشی تێدابێت. بۆیە هەرکەسێک لە سووریا داوای دابەشبوون بکات، یان نەزانیی سیاسیی هەیە یان خەیاڵپڵاوە. زۆر جار بیرۆکەکانی ئێستا خاوەنەکانیان بەرەو خۆکوشتن دەبەن، چونکە واقیعی خۆی بە باشی شی نەکردووەتەوە. بۆیە سەقفێکی دیاریکراو بەرز دەکاتەوە و ئاواتی پێدەخوازێت، کەمێک چەپڵەی بۆ لێدەدرێت و هەنگاوێک دەنێتە پێشەوە، بەڵام لە راستیدا خۆی لە شاخێکی بەرزەوە فڕێدەداتە خوارەوە و دەکەوێتە قووڵاییەوە. هۆکارەکانی دابەشبوون لە سووریا بوونیان نییە و نزیکە لە مەحاڵەوە. جگە لەوەی کۆمەڵگەی سووریاش خۆی دابەشبوون قبووڵ ناکات. تەنانەت لە هەندێک ناوچەدا کە رایەک بەرامبەر دابەشبوون هەیە، خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان دژی دابەشبوونن. بۆیە من پێموایە ئەمانە ناونیشانی ورووژێنەرن، هەستی کۆمەڵگە و هاووڵاتی دەورووژێنن، و خاوەنی ئەم بانگەوازەش تەنیا زیان بە خۆی و ئەو کۆمەڵگەیەی دەیەوێت بیپارێزێت دەگەیەنێت. هەوڵدانی هەندێک لایەن بۆ پشت بەستن بە هێزی هەرێمی وەک ئیسرائیل یان غەیری ئەو، وەک دەبینیت شتێکی قورسە و جێبەجێ نەکراوە، چونکە ناوچەی باشوور ناوچەیەکی چڕی دانیشتووانە و هەر دوژمنێک بیەوێت بچێتە ناوی، ناچار دەبێت پۆلیسێک لەسەر دەرگای هەموو ماڵێک دابنێت. ئەمەش لە واقیعی ئێستادا قورسە. بۆیە ئەو دۆخەی ئێستا هەوڵدەدرێت لە سووریا دروست بکرێت، تەنیا بێزارکردنە و هەوڵدانە بۆ گوشارخستنە سەر سووریا بۆ ئەوەی بەرەو شوێنی دیاریکراو رابکێشرێت. بۆیە من هەست بە ترسێکی گەورە ناکەم لەم بانگەوازە و پێموایە هەلی چارەسەری ئاشتییانە لە شەڕی رزگارکردنی سووریادا زۆر گەورەیە. ئەوەی لە میدیا و لەسەر مێزی گفتوگۆ دەگوزەرێت، تەواو جیاوازە.

پرسیار و تێبینییەک لە میوانێکەوە: بەڕێز سەرۆک، کاتێک سەردانی ئیدلبت کرد، چەند دێڕە شیعرێکم بۆ خوێندیتەوە، دێڕێکیانت بیردەهێنمەوە: "ئەی ئەحمەد شەرع، بەیعەتمان پێدایت، ئێمە وەفادارین کاتێک مەترسی دێتە پێش." ئێمە لێرە، خەڵکی ئیدلب کە ناسنامەی ئەویان هەڵگرتووە و تێیدا ژیاون، رووداوەکانیش رەنگە راستیی ئەم قسەیەیان سەلماندبێت. تۆ بینیت چۆن خەڵکی ئیدلب قەڵغان و شمشێری پاراستنی دەوڵەت بوون. ئەوانەی لەگەڵیان ژیاویت و ئەزموونت کردوون و ئەوانیش تۆیان ئەزموون کردووە، مەحاڵە مێشێکی ئەلیکترۆنی درزی تێبخات، یان زریانی میدیایی درز لەنێوان ئەم جەماوەرە و ئێوەدا دروست بکات. راستە هەندێک قسە دەکرێت و هەندێک گلەیی لەوانەیە هەندێک جار لە نازەوە بێت و هەندێک جاریش لە راستییەوە بێت، بەڵام لە گلەیی منداڵێک زیاتر نییە کاتێک دەبینێت باوکی سەرقاڵی ژیانە و ئاگای لێی نییە. باوکەکە لە ماڵ دەری ناکات و نکۆڵییان لێناکات، ئەوانیش ئەگەر رووداوێک بێتە پێشەوە، وازی لێناهێنن. ئەمە واقیعەکەیە. ئەمانە سەوڵ و بەلەمەکەی تۆن کە پێکەوە پێی پەڕینەوە بۆ سەرکەوتن، ئەوانە پۆشاک و هاودەمی تۆن. ئەوەی لە نزیکەوە تۆ بناسێت، دەزانێت تۆ ئەو کەسە نیت کە سەوڵەکانی بشکێنیت و پۆشاکەکەت بدڕێنیت، ئەوانیش ئەو کەسانە نین کە وازت لێبهێنن. ان شاء الله ئەم متمانەیە بە ویستی خوای گەورە دەمێنێتەوە. خەڵکی ئیدلب پەیامی زۆریان هەیە کاتێک زانییان ئێمە هاتووین و ئەم پەیامانەمان هەڵگرتووە. لەوانەیە لە یەک پەیامدا کورتی بکەمەوە، چونکە کات نییە. ئەوان دەیانەوێت ژیان بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی تازە رزگارکراون. ناوچە رزگارکراوەکانی ئیدلب وەک ئەوەی هەر رزگار نەکرابن، واتە خەڵکەکەی نەگەڕاونەتەوە. راستە ئاوەدانکردنەوەی هەموو ماڵێک لەوانەیە دوورەدەست بێت و توانای نەبێت، بەڵام مەبەست گەڕانەوەی ژیانە بۆ ئەم شوێنانە و دابینکردنی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانە بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بگەڕێنەوە. تۆش ئیدلبت ئەزموون کردووە، ئەوان بەرد هەڵدەکۆڵن و بەرگە دەگرن، ئەوان تەنیا ئەم ژێرخانەیان دەوێت. هەندێک جار دەبینن مامەڵەکردن لەگەڵیاندا هاوسەنگ نییە لەچاو پارێزگاکانی تر. ئەوان دەیانەوێت وەک ناوچەیەکی کارەساتبار مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت بە هەموو مانای وشە. واتە کاتێک ئاگر لە کەناراوەکان کەوتەوە، دەوڵەت میدیا و هەموو شتێکی خستەگەڕ، ئەمەش مافە. کاتێک بوومەلەرزە روودەدات، هەمووان دەکەونە حاڵەتی ئامادەباشی. ئەمە داواکاریی ئێمەیە، جا بە نازی بزانیت یان بە ماف. دەمانەوێت ناوچە رزگارکراوەکە لە بودجە و حیساباتی دەوڵەتدا وەک ناوچەیەکی کارەساتبار سەیر بکرێت. میدیا و وزە و هەموو شتێکی بۆ بخرێتەگەڕ تاوەکو ترپەی ژیانی بۆ بگەڕێتەوە. زۆربەمان ئەمڕۆ بە گوندێکدا تێدەپەڕین و هەوای ژیانی تێدا هەڵدەمژین، بەڵام ناتوانین بگەڕێینەوە. هەموومان رۆژانە دەچینە گوندەکانمان بۆ هەناسەدان و دواتر دەگەڕێینەوە بۆ کەمپەکان بۆ خەوتن. بۆیە گەورەترین پەیام ئەوەیە کە خزمەتگوزارییەکان بگەڕێنەوە و ئەمە ماف بێت.
 
شەرع: خوای گەورە دەفەرموێت: (وَالَّذِينَ آوَوْا وَنَصَرُوا أُولَئِكَ هُمُ الْمُؤْمِنُونَ حَقًّا)، ئێوە ئەوانەن کە پەناتان دا و سەرکەوتنتان هێنا، من شایەتیی ئەوە دەدەم. هەرچەندە مافی خۆتانە لە هەموو ئەوەی دکتۆر باسی کرد. ان شاء الله وەک دکتۆر باسی کرد، لەوانەیە بۆ دەوڵەت قورس بێت ئێستا هەموو ماڵێک دروست بکاتەوە، بەڵام پەنا بەخوا ژێرخانەکە دروست دەکاتەوە. ئێمە لە ماوەی رابردوودا هەندێک چاکسازیمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەس نییە. زبڵ و پاشماوەی زۆر و داروپەردوو لە ناوچە رووخاوەکان گواستراوەتەوە. هەندێک هێڵی کارەبا و ئینتەرنێت و هەندێک قوتابخانە کراونەتەوە، بەڵام بەس نییە و لەچاو حەوت مانگ خاو بووە. بەڵام دەوڵەت گوشاری زۆری لەسەرە، سزاکان هێشتا بەردەوامن و داهاتی دەوڵەت تا دوو مانگ لەمەوبەر دەستی پێنەکردبوو. چونکە گوشارێکی گەورە لەسەر داهاتی دەوڵەت هەبوو لە بەرامبەر ئەو خەرجییەی لێی داواکراوە. ئێمە هاتووینەتە سەر دەوڵەتێکی رووخاو، بانکەکە نزیکەی سفر بوو، هیچ شتێکی تێدا نەبوو، پێش ئەوەی بڕۆن هەموو شتێکیان لەگەڵ خۆیان برد. هەروەها دۆخی دامەزراوە حکومییەکان گەندەڵی و بۆشایی ئیداریی گەورەی تێدایە و کێشەی زۆری رێکاری هەیە. کێشەی داراییش هەیە لە بابەتی نرخی دراو و هەڵبەز و دابەزی و پرۆسەی هاوردەکردن و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کارگەکان. هەروەها بەرهەمی کشتوکاڵی لە ساڵانی رابردوودا پاشەکشەیەکی زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. هەموو ئەمانە هۆکاری گوشارن لەسەر دەوڵەت، بۆیە هەندێک جار گوشاری خەرجییەکان زیاترە لە داهاتە ناوخۆییەکانی. لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، جۆرێک لە باشتربوون و بوژانەوەی رێژەیی دەستیپێکردووە، بەڵام بۆ هەموو پێداویستییەکانی دەوڵەت بەس نییە. ئێمە لە ماوەی رابردوودا خۆمان ئامادە کرد بۆ دامەزراندنی سندووقی گەشەپێدان و مەرسوومەکەمان واژۆ کرد. پەنا بەخوا بەمزووانە سندووقی گەشەپێدان رادەگەیێنرێت کە بۆ کۆکردنەوەی بەخشینە لە سوورییەکان یان غەیرە سوورییەکانی دەرەوە و ناوخۆ. هەروەها حەزم نەدەکرد سووریا لەسەر هاوکاری و قەرزی درێژخایەن بژی کە بارگرانیی زیاتر لە سوودی قەرزەکە دەخاتە سەر دەوڵەت، یان بڕیارە سیاسییەکانی زەوت دەکات. دەمەوێت دەوڵەت ئازاد و سەربەخۆ بێت، چ لە رووی ئابووری یان هاوپەیمانییە سیاسییەکانەوە. بۆیە ئارامم گرت تاوەکو ویستم پشت بە سوورییەکان و سەرچاوەکانی سووریا ببەستم. دەرگای وڵاتمان بۆ وەبەرهێنانی بیانی کردەوە و گوتم هەرکەس دەیەوێت یارمەتیی دەوڵەت بدات، با بێت وەبەرهێنان بکات، کە هەم خۆی سوودی لێوەردەگرێت و هەم وڵات. بەهای وەبەرهێنانی راستەوخۆ لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا گەیشتە 28.5 ملیار دۆلار. هەندێک کەس وا بیریان دەکردەوە 28 ملیار دۆلار پارە هاتووەتە ناو وڵات، نا، ئەوە وەبەرهێنانی درێژخایەنە. بەڵام قەبارەی ئەو خەرجییەی لە سووریا دەکرێت، دەگاتە ئەو ژمارەیە. ئەمە هەلیکاری زۆر دابین دەکات و ژێرخانێکی گرنگ لە سووریا بنیات دەنێتەوە. هەروەها یارمەتیی سووڕی سەرمایە و دراوی بیانی دەدات لە ناوخۆی سووریادا. پێشبینی دەکەم تا کۆتایی ساڵ بگاتە نزیکەی 100 ملیار دۆلار. لەگەڵ ئەوەشدا کارمان لەسەر دامەزراندنی سندووقی ئاوەدانکردنەوە کردووە کە پەنا بەخوا بەمزووانە رادەگەیێنرێت و هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی بەخشین دەکرێت. ئەم سندووقە چەندین بەشی لەخۆدەگرێت، لە سەرووی هەموویانەوە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ناوچە رووخاو و وێرانکراوەکان. پشکێکی گەورەی بۆ تەرخان دەکرێت. هەروەها بەشی تێدا دەبێت بۆ پشتیوانیکردنی کشتوکاڵ، قەرزی بێ سوود، پیشەسازییە بچووکەکان و کاسبکاران. بوارەکەی گەشەپێدان دەبێت و ئەولەوییەت بۆ ناوچە وێرانکراوەکان دەبێت.
 
پرسیار و تێبینییەک لە میوانێکەوە: بەڕێز سەرۆک، برا بەڕێزەکان، السلام علیکم ورحمة الله وبركاته. بەڕێز سەرۆک، ئایا دەتوانین لە ئێوەوە بزانین یان ببیستین سیاسەتی پەیڕەوکراو سەبارەت بە سوەیدا و هەسەدە چییە؟ هەروەها رۆڵی چالاکوانان، بەتایبەتی چالاکوانانی ئیدلب کە نەچوونەتە ریزی دەوڵەتەوە یان بەختیان نەبووە یان دانەمەزراون، لە کوێدایە؟ تەنیا ئەم پرسیارانە، خوای گەورە پاداشتتان بداتەوە.
 
شەرع: سەبارەت بە سوەیدا، مامەڵەی دەوڵەت لە سەرەتاوە زۆر روون بوو. یەکەم شت، چەند رێسایەکی گشتیی هەن کە لە سووریا چەسپاون و بەسەر هەموو وڵاتاندا گشتێنراون و رەزامەندیی هەموو وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیشیان وەرگرتووە، ئەویش یەکپارچەیی خاکی سووریایە. ئەمە شتێکە کە رێککەوتنی گشتی و گشتگیری لەسەرە و سازشی لەسەر ناکرێت. شتێکی دیکە، کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەتەوەیە. ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی رێککەوتنی لەسەر کراوە. لەژێر ئەم دوو خاڵەدا، سیاسەتمان لە سوەیدا داناوە. کاتێک لە ئیدلب بووین، هەندێک کەس لە ناوچەی دەرعا کاریان دەکرد، ئێمە لە ماوەی شەڕدا ئەم دیمەنەمان بەهێز دەکرد. هەروەها لە سوەیداش هاوشێوەی هەبوو، هەندێک گرووپ هەبوون کاتێک سوەیدا لە ساڵ و نیوی رابردوودا خۆپیشاندانی کرد، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیان دروست کرد و من خۆم پشتیوانیم لێدەکردن، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو دیمەنەی ئەگەر شەڕە گەورەکە رووبدات. ئەمەش ئەوە بوو کە روویدا. پەیوەندیمان باش بوو. دەرعا ویستی لە یەکەم ساتەوە کە شەڕی رزگارکردنی حەلەبمان دەستپێکرد بجوڵێت. ئێمە بەردەوام دواخستن و کاتمان بەسەردا دەبردن، لە هەر کاردانەوەیەک دەترسام لەسەریان. تا گەیشتینە حەما، کاتێک شەڕ لە حەما بەرەو باشی دەچوو، بیرمە کاژێر یەک و نیوی شەو بوو، داوام لە خەڵکی دەرعا کرد بجوڵێن، لەگەڵ سوەیدا. لە دەرعا جوڵان تا گەیشتینە حومس. دەرعا پێش هێزەکانی حومس گەیشتە دیمەشق و ئەوەی بینیتان روویدا. پێموایە یەکەم شاندی فەرمی کە لە ناوچەکان چاوم پێی کەوت، شاندێکی سوەیدا بوو. هەندێک کەسی تێدابوو کە لەگەڵمان بەشداربوون و پێشتر لە کاتی ئامادەکاری بۆ شەڕی رزگارکردن رێککەوتنمان لەگەڵیان هەبوو. هەندێک داواکارییان هەبوو، پێموایە %80ی ئەوەی لە توانامدا بوو جێبەجێم کرد. داوای هەندێک تایبەتمەندی و رێکاریان کرد. گوتم، لە دەرەوەی چوارچێوەی یەکخستنی چەک و یەکپارچەیی خاکی سووریا، هەموو شتێک کراوەیە. لەسەر ئەم دۆخە ماینەوە. گرووپێک، کە زۆر گەورە نەبوو لەناو سوەیدا، بڕیارێکی گوشارئامێز و کاریگەری لەسەر پێکهاتەکانی دیکەی سوەیدا هەبوو. ئەم گرووپە هەمیشە هەوڵی دەدا دۆخەکە ئاڵۆز بکات. هەر شتێکیان داوا دەکرد، جێبەجێمان دەکرد، دواتر داوای شتێکی دیکەیان دەکرد. لە گفتوگۆی راستەوخۆ خۆیان دەدزییەوە و خەون و نیازی باشیان نەبوو.
 
دۆخەکە هەمیشە جۆرێک لە ورووژاندنی تێدابوو، ئێمە ئاراممان دەگرت، هیچ گوشارێک لەسەر دەوڵەت نەبوو کە دۆخەکە بە پەلە چارەسەر بکات. تاوەکو رووداوەکانی ئەم دواییە روویاندا. لە رووداوەکانی دواییدا زۆر پێشێلکاری لە هەموو لایەنەکانەوە روویدا. بێگومان هەموومان سەرکۆنەی دەکەین و دانی پێدا نانێین و هەرگیز فەرمانمان پێنەکردووە. بە پێچەوانەوە، دیمەنێک بوو کە زیاتر کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیاسەتی دەوڵەت دادەنا. بۆیە دەوڵەت پەرۆش بوو کە ئەمە روونەدات. حەوت مانگ ئاراممان لەسەر گرت، قەبارەی دەستێوەردانەکان و ناکۆکییە 150 ساڵییەکەی نێوان بەدەوی و درووزەکانمان لە ناوچەکە دەزانی. سووریا کێشەی زۆری تێدایە، ئێمە ناچار نین هەمووی لە رەگ و ریشەوە چارەسەر بکەین. دەتوانین ناکۆکییەکە بەڕێوەببەین، بەڵام لە چوارچێوەی هاوسەنگییەکی دیاریکراودا. بەڵام ئەوەی بچینە ناو پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەیەکی 150 ساڵە، ئێمە پابەند نین پێوەی. ناکۆکییەکە بەڕێوەدەبەین و رێگری لە پێکدادان دەکەین. وەک بینیتان ناکۆکی لەنێوان بەدەوی و درووزەکان روویدا و دواتر پەرەی سەند بۆ ئەو دیمەنەی لە کۆتاییدا بینیتان. دواتر دەستێوەردانی ئیسرائیل روویدا و کەوتینە بەردەم دوو بژاردە: یان چوونە ناو شەڕێکی فراوان، لە کاتێکدا سووریا لە شەڕ ماندووە و ئەمە سیاسەتی سووریا نییە، سیاسەتی سووریا ئەوەیە جەخت لەسەر گەشەپێدان، بنیاتنان و یەکپارچەیی خاکی سووریا بکرێتەوە. سوەیدا ئێستا بە دۆخێکی دیاریکراودا تێدەپەڕێت، واتە دەوڵەت بە تەواوی کۆنترۆڵی ناکات. بەڵام هەوڵدەدەین هەموو خزمەتگوزارییەکانی دابین بکەین. من دڵنیام کە زیاتر لە %90ی خەڵکی سوەیدا پەیوەندییەکی پتەویان بە نیشتمانەکەیان، سووریاوە، هەیە و راستەوخۆ پەیوەستن بە دیمەشقەوە و ئارەزووی خۆیان بۆ ئەوە دەربڕیوە. من لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا چاوم بە زیاتر لە شەش شاندی سوەیدا کەوتووە بە بیرۆکەی جیاوازەوە، لەوانە شێخەکانی درووز، ئەکادیمییەکان و ژنانیش. رووداوەکەی دوایی، بووە هۆی هاندانێکی تائیفیی گەورە لەلایەن هەندێک لایەنەوە و ترساندن لە دەسەڵاتی ئێستا و ئەو ناکۆکییانەی لەوانەیە لە دەوروبەری سوەیدا رووبدەن. رووداوەکەی دوایی، وای لە خەڵک کرد تا رادەیەک بترسن و گومان و دڵەڕاوکێیان بۆ دروست بوو. لەو دیمەنەدا هەندێک پێشێلکاری روویدا، پێشێلکارییەکان تەنیا لەلایەن بەدەوییەکانەوە نەبوو بەرامبەر درووزەکان، بەڵکو درووزەکانیش پێشێلکاریی زۆریان بەرامبەر بەدەوییەکان کرد. هەموو ئەمەش بە بەڵگەوە تۆمارکراوە. هەروەها هەندێک لە ئەندامانی ئاسایش و سوپاش لە سووریا هەندێک پێشێلکارییان ئەنجامدا. ئێمە راهاتووین شەفاف بین لە چارەسەرکردنی کێشەکانمان. قۆناخی یەکەم، سیاسەتی سووریا بەرامبەر سوەیدا بریتی بوو لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، راگرتنی تەواوی تەقەکردن. دەوڵەت هێزێکی نارد بۆ جیاکردنەوەی لایەنەکان. کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی لە گوند و ناوچەکانیان ئاوارە بوون بە شێوەیەکی خێرا و کاریگەر. کارکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان بەدەوی و درووزەکاندا. دواتر وردە وردە باسی بابەتەکانی دیکەی وەک گەڕانەوەی دامەزراوەکان دەکەین. بێگومان فریاگوزاری و هەموو هاوکارییەک دەبێت پێشکێشی سوەیدا بکرێت، ئەمەشمان لە ماوەی رابردوودا بە پەلە ئەنجامدا. میکانیزمی گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پەیوەندییەکە دەمێنێتەوە، لەگەڵ رەچاوکردنی قەبارەی ئەو کارەساتەی لە ماوەی رابردوودا بەسەر سوەیدادا هات. دۆخەکە بەم ئاراستەیەدا دەڕوات. نامەوێت زۆر لەسەر داهاتوو بدوێم، بەڵام هەر بیرۆکەیەک سەبارەت بە دابەشبوون یان مانەوەی چەکی بێ کۆنترۆڵ، پێموایە لە دەرەوەی سیاسەتی دەوڵەتدایە. هەروەها دەوڵەت پابەندە بە لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی ئەو پێشێلکارییانەیان ئەنجامداوە لە هەموو لایەنەکان. دادپەروەری دەبێت رێڕەوی خۆی وەربگرێت. ئەمە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە بوو بۆ دەوڵەتی تازە دامەزراو. هەروەها دەرکەوت کە ئیسرائیل راستەوخۆ دەستێوەردان لە سوەیدا دەکات، هەوڵدەدات سیاسەتی خۆی جێبەجێ بکات بۆ لاوازکردنی دەوڵەت یان دروستکردنی بیانوو بۆ دەستێوەردان لە سیاسەتەکانی ناوچەی باشوور. ئێمە ئەم دۆخە بەڕێوەدەبەین و چارەسەری دەکەین، هەوڵدەدەین بە کەمترین زیان بێت، وەک ئەوەی راهاتووین لە چارەسەرکردنی کێشەکانماندا، بە رێگای داهێنەرانە، نەک وەک ئەوەی خەڵک پێشبینی دەکەن. ئێوەش چاودێریی ئەنجامەکان بکەن، لە کۆتاییدا ئەنجامەکان باش و دڵخۆشکەر دەبن.
 
سەبارەت بە بابەتی هەسەدەش، ئێمە لەسەر هەمان رێچکە دەڕۆین و گفتوگۆی زۆر لەنێوانماندا هەیە. بۆ یەکەمجارە لە 10 ساڵی رابردوودا رێککەوتنێک هەیە کە لە سێی 10 کراوە و سووریا و هەسەدە و تورکیا و ئەمریکییەکانیش لەسەری کۆکن. ئەگەر ئەم چوار لایەنە لەسەر شتێک رێکبکەون، ئەوا روودەدات. ئەم رێککەوتنە رەزامەندیی چوار لایەنە کاریگەرەکەی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای وەرگرتووە و ئێمە باسی میکانیزمی جێبەجێکردنی دەکەین. هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە دەربڕیوە، هەندێک وردەکارییان هەیە و هەندێک جار لەسەر زەوی ئاماژەی پێچەوانەی ئەوەی لە گفتوگۆ و میدیاکاندا دەیڵێن نیشان دەدەن. بەڵام ماوەیەکی دیاریکراو بۆ رێککەوتنەکە هەیە و بەم ئاراستەیەدا دەڕوات. هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان پاڵنەرن بۆ چارەسەرکردنی بابەتی باکووری رۆژهەڵات بە رێگای ئاشتییانە. لە خوا دەپاڕێمەوە پەنا بۆ هیچ ناکۆکییەک نەبەین. من گەشبینم لەم لایەنەوە پشتیوان بەخوا لە ماوەی چەند مانگێکدا دۆسییەکە بە شێوەیەکی دروست چارەسەر دەکرێت. سووریا واز لە بستێکی خاکەکەی ناهێنێت، مەگەر مافی هەمووان پارێزراو بێت و لە دەستوور و یاسای نێودەوڵەتیدا جێگیر کرابێت.
 
سەبارەت بە بابەتی چالاکوانان، هەموو ئەوانەی لە شۆڕشدا بەشداربوون یان نا، بەڵام دەبێت تێبگەین کە نابێت دەوڵەت تەنیا بۆ چالاکوانان و بەشداربووانی شۆڕش بێت. راستە ئەوان ئەولەوییەتیان هەیە و چاکەیان کردووە، بەڵام ئەوان هەموو کۆمەڵگە نین. با رەچاوی ئەمە بکەین، چونکە پشکی سووریا گەورەیە و هەموو لایەنەکان حەز دەکەن بەشدار بن. هەندێک جار نابێت هەموو جەستە سەر بێت. سووریا ئەوەندە فراوانە کە جێگەی هەمووانی تێدا دەبێتەوە کە بەشدار و کاریگەر بن. پێویستی بە کەمێک ئارامگری هەیە. وەک لە سەرەتادا گوتم، ئەولەوییەت هەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە گەورەکانی. داواتان لێدەکەم فشار لەسەر دەوڵەت دروست مەکەن بۆ ئەوەی هەنگاو و رێکار تەنیا بۆ رازییکردن بگرێتەبەر. من قبووڵی ناکەم هیچ رێکارێک تەنیا بۆ رازییکردن بگیرێتەبەر. رۆڵی هەر کەسێک لە دەوڵەتدا دەبێت %100 کاریگەر بێت، جا بۆ ئەو شوێنە گونجاو بێت یان نا. ئەگەر رۆڵەکان تەنیا بۆ رازییکردن دابەش بکرێن، ئەوا بنیاتنانەکەمان هەڵە دەبێت. دەبێت بەوپەڕی تواناوە کار بکەین بۆ ئەوەی رۆڵەکانمان کاریگەر بن و رەچاوی دۆخی گشتی بکەین. دۆخی سووریا دەستێوەردانی زۆری تێدایە و لایەنی زۆر و خوازیاری زۆری هەیە کە کاریگەر بن. پێویستە کەمێک ئارام لەسەر یەکتر بگرین. حەوت مانگ لە تەمەنی دامەزراندنی دەوڵەتدا هیچ نییە. ئێمە لە بارودۆخێکی تایبەتداین و لە واقیعێکەوە دەگوازینەوە بۆ واقیعێکی تر. دەوڵەتی پێشوو سیستمی ئابووری، عەقیدەی سەربازی و هاوپەیمانیی سیاسیی جیاوازی هەبوو، ئێستا هەمووی گۆڕاوە. دامەزراندنی ئەم پێکهاتەیە پێویستی بە کاتە. حەوت مانگ بەس نییە بۆ ئەوەی چاودێریی رەوتی دەوڵەت بکەین و بڵێین بە دروستی کار دەکات یان نا. کاتێک گوتمان قۆناغی راگوزەر پێویستی بە چوار یان پێنج ساڵە، ئێمە لەمە تێگەیشتبووین. ئەمە شتێکی کردارییە. پێویستمان بە کات و ئارامگریی هەمووانە. تکایە با کەس پەلە نەکات لەسەر شوێن و رۆڵەکان. ان شاء الله ئەمە بۆ هەمووان بەردەست دەبێت. گرنگ ئەوەیە کەشتییەکە بە دروستی و سەلامەتی بڕوات. ئەمەیە کە دەبێت چاودێری بکەن. هەر کەفائەتێک لە دەوڵەتدا هەبێت، بەوپەڕی رێزەوە پێشوازی لێدەکرێت ان شاء الله. بەڵام ئەوەی داوای دەکەم و زیاتر لەوانی تر متمانەم پێتانە، تکایە فشار مەخەنە سەر دەوڵەت. من هەست دەکەم گلەیی و دڵگرانبوون هەیە، ئەمە مافی خۆتانە، بەڵام تکایە تا دەتوانن باری سەرشانمان سووک بکەن.
 
پرسیار و تێبینییەک لە میوانێکەوە: بەڕێز سەرۆک، باسی ئەوە ناکەین کە دەبێت سیاسەتی دەرەوە و قەیرانەکان چۆن بن، چونکە ئێوە لە ئێمە شارەزاترن و دیدگاتان فراوانترە. بەڵام ئەوەی لە گۆشەنیگای تەسکەوە دەیبینین لەسەر ئاستی ناوخۆ، بۆ زیادکردنی فشار نییە، بەڵکو بۆ تیشک خستنە سەر هەندێک خاڵە کە دەبێتە هۆی زیاترکردنی لێکنزیکبوونەوە و هاوکاری لەنێوان کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. داواکارین ئەگەر بکرێت پێداچوونەوە بە سیاسەتی ناوخۆدا بکرێت لەسەر هەموو ئاستە ئیداری و سیاسییەکان. ئەم گەلە ئێوەی خۆشدەوێت و قوربانی بۆ دەوڵەتەکەی دەدات و شایەنی گرنگیپێدانی زیاترە. سوپاس.
 
پرسیار و تێبینییەک لە میوانێکەوە: السلام علیکم ورحمة الله وبركاته. زۆر خۆشحاڵین بە دیدارتان بەڕێز سەرۆک. بەشداریی من زۆر سادەیە، ئایا هیچ ئاماژەیەک یان کارێک هەیە کە بتوانین بەمزووانە چاوەڕێی بکەین سەبارەت بە ژنانی شەهیدان، بێوەژنان و هەتیوەکان کە لە کەمپەکاندان؟ ئەوانەی چاوەڕێن کەسێک بیانگەڕێنێتەوە بۆ ماڵە رووخاوەکانیان، کە هەموو دەرگایەکیان لێ داخراوە و هیچ یارمەتیدەرێکیان نییە؟ هەروەها ئەمانەتێکم پێ سپێردراوە سەبارەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ئایا هیچ دۆسییەیەک هەیە کە لەم بارەیەوە کاری لەسەر بکرێت، لە رووی هەلی کار، خوێندن یان بەشداریکردن لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا؟ سوپاس.
 
پرسیار و تێبینییەک لە میوانێکەوە: لە راستیدا دکتۆر ئەیمەن بە پێی پێویست باسی ناوچەی باشووری ریفی ئیدلبی کرد. منیش دەمەوێت لەم بارەیەوە قسە بکەم. هیوادارین دانیشتنێکی بەپەلەی تەواوی حکومەت لە ئیدلب ساز بکرێت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی باشووری ریفی ئیدلب و کاری راستەوخۆی لەسەر بکرێت، چونکە حاڵەتگەلێکن کە پێویستیان بە دەستێوەردانی خێرا هەیە و دواخستن هەڵناگرن. شتێکی تر، هاوڕێیانی رێگا 14 ساڵە بەرگەی یەکتر دەگرن، کوڕانی شۆڕش بەرگەی هەموو بارگرانییەکان دەگرن، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە حکومەت بەشێک لەم بارگرانییە لەسەر شانی ئێمە سووک بکات.
 
شەرع: ئێمە کەسایەتی، رۆشنبیر و ئەکادیمییەکانمان هەڵبژاردووە، چونکە خەڵکی ئاسایی پەلەیانە و لەوە تێناگەن کە ئێمە باسی دەکەین. کاتێک بۆ ئێوەی روون دەکەینەوە کە میکانیزمی بنیاتنان چۆن کاتی دەوێت و رێکار و ئەولەوییەتەکانی چین، دەبێت ئێوە لەگەڵمان تێبگەن. ئێوە لەگەڵمان ژیاون و پێگەتان رێگەتان پێدەدات لە مانای بنیاتنان تێبگەن. قەبارەی وێرانکاری لە ناوچەکەدا زۆر گەورەیە، تەنانەت ئەگەر ئاماری ماددیت بدەمێ کە چەندی پێویستە، شۆک دەبیت. ئەگەر توانای ماددی ئێستای دەوڵەتیشت بدەمێ، هەر شۆک دەبیت. بەڵام ئەمە نابێت بمانگەیەنێتە حاڵەتی بێهیوایی. ئێمە هەرگیز چاوەڕێی هاوکاری نەبووین بۆ بنیاتنان. دەرگای هاوکاری دەکەینەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پلانی بنیاتنان دادەنێین. بۆ نموونە رێگای ئیدلب-باب الهوا. من چوار پێنج ساڵ لەمەوبەر لێکۆڵینەوەم لەسەر کرد، ژمارەی گەورەم بۆ هات. یەکێک گوتی 200 ملیۆن، یەکێک 150 ملیۆن دۆلار. لەو کاتەدا ئەمە ژمارەیەکی گەورە بوو بۆ ئیدلب. ئێمەیان گەیاندە حاڵەتی بێهیوایی کە ئەمە ناکرێت. من گوتم، بۆچی دەبێت بڵێین یان رێگای 200 ملیۆنی یان هیچ؟ نابێت بژاردەی تر هەبێت. کۆمپانیا ناوخۆییەکانمان کۆکردەوە و بە قیست کارمان پێدان و پڕۆژەکەمان بۆ چەند قۆناغێک دابەش کرد و گوتمان هەموو ساڵێک هەنگاوێک دەنێین. سوپاس بۆ خوا گەیشتینە قۆناغی کۆتایی. مەبەستم ئەوەیە ئێمە تەسلیمی ئەوە نابین کە بڕە پارەکە گەورەیە و کاری لەسەر دەکەین. داوا لە برا ئامادەبووەکان دەکەم بەرگە بگرن. ان شاء الله نامەوێت بڵێم بەڵێن، بەڵام ان شاء الله هەموو هەوڵی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بگەڕێتەوە. من قسەیەکم کرد و هیوادارم بە سادەیی بەسەرتاندا تێنەپەڕێت. لە سەرەتای قسەکانمدا گوتم کاتێک بەلای کەمپەکاندا تێدەپەڕین، ئەو دیمەنانە زۆر ئازاریان دەداین. زۆر لایەن پاڵیان پێوە دەنام کە چاکسازی لە ئیدلب نەکەم لە بەرژەوەندیی دابەشکردنی فریاگوزاری. من گوتم دەبێت خەڵک بگەڕێنینەوە بۆ ناوچەکانیان. یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی شەڕەکە، گەڕانەوەی خەڵک بوو بۆ ماڵەکانیان. وا بیر مەکەنەوە تەنیا بە رزگارکردنی ناوچەکە رازی بووین. ئێمە گەورەترین و مەزنترین دەستکەوتمان بەدەستهێنا، وایە؟ ئاسانترەکە ماوە. ئەم ئاسانەی باسی دەکەین، سەختیی تێدایە، بەڵام ئامانجە و ان شاء الله بەدی دێت ئەگەر خوا یارمەتیمان بدات و رێزمان لێبگرێت وەک چۆن رێزی لێگرتین.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە