وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ رووداو: ناکۆکییەکانی سووریا ھەمیشە لەسەر بنەمای ئایینی یان نەتەوەیی نین

17-10-2025
کەهی مەحموود
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، ھۆشداریی گەشتکردن بۆ سووریا تەنیا بۆ ھاووڵاتیانی ئەڵمانیایە. ئەوەشی خستەڕوو کە بەھۆی بوونی "گرووپە تیرۆریستییەکان و میلیشیا تاوانبارەکان" لەو وڵاتە "مەترسی لەسەر ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی سووریا بەردەوامە." بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، ئەو مەترسییانە "ھەمیشە لە ئەنجامی ھۆکارە ئایینی یان نەتەوەییەکانەوە دروست نابن"، بەڵکو زیاتر لە ئەنجامی "ناکۆکییە سیاسییەکان، ھۆکارەکانی تۆڵەسەندنەوە و بیردۆزەکانی پیلانگێڕی" سەرهەڵدەدەن.
 
نووسینگەی رۆژنامەوانیی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی سووریا، ئەمڕۆ هەینی 17ی تشرینی یەکەمی 2025 بە ئیمەیڵ وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی، بەرلین دوایین ھۆشداریی گەشتکردنی "بە گشتی" بۆ ھاووڵاتیانی خاوەن وڵاتینامەی ئەڵمانیا راگەیاندووە.
 
ئەڵمانیا: ھیچ گرووپێکی سووریا بێ مەترسی نییە
 
رووداو ویستی وەڵامی ئەو پرسیارە بزانێ کە ئایا بەپێی ھەڵسەنگاندنی ئەو وڵاتەی ئەورووپا، کام پێکهاتە لە سووریا زیاتر لە مەترسیدایە؟ ئەو وەزارەتە فیدراڵییە گوتی: "بەھۆی دۆخی ئەمنی کە ھەمیشە لە گۆڕاندایە، هەروەها بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان و میلیشیا تاوانبارەکان و ئەو راستییەی کە زۆرێک لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی سووریا چارەسەرنەکراون، ھیچ گرووپێکی دانیشتووان وەک پارێزراو یان بێمەترسی سەیر ناکرێت."
 
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەو ئاڵۆزییانەی لە سووریا روودەدەن "ھەمیشە لەسەر بنەما ئایینی و نەتەوەییەکان نین" و ئاماژەی بەوەش کرد کە "ھۆکارەکانی پەیوەندیدار بە تۆڵەسەندنەوەی سەردەمی ئەسەد، بیردۆزەکانی پیلانگێڕی و قسە و رق و کینە" ھەندێک لە ھۆکارەکانی ئەو ناکۆکییانەن.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باس لەوەش دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی لەو وڵاتە هەیە، ھۆشداریی گەشتکردن بەبێ جیاوازی بۆ "سەرانسەری خاکی سووریا"دراوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا: زیاتر لە 4 هەزار سووریایی داوای گەڕانەوەیان کردووە
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیاش بە رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە 2 ھەزار کەس گەڕاونەتەوە سووریا.
 
ئەو وەزارەتە ئەوەشی خستەڕوو کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 15ی ئەیلوول، 4 ھەزار و 424 کەس داوای گەڕانەوەی خۆویستانەیان بۆ سوریا کردووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی نەتەوە لە سیستمی ئەواندا تۆمار ناکرێ، نازانرێ چەندیان کوردن.
 
پرسیار و وەڵامی رووداو و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا 
 
رووداو: ئێوە لە ماڵپەڕی خۆتان ھۆشداریی گەشتکردنتان بەھۆی "نەبوونی ئاسایش و شەڕی چەکداری" لە سووریا بۆ ئەو وڵاتە راگەیاندووە. ئایا ئەم ھۆشدارییە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە خۆویستانە دەگەڕێنەوە؟
 
وەزارەتی دەرەوە: ھۆشداریی گەشتکردنی وەزارەتی دەرەوە ھەموو ھاووڵاتیانی ئەڵمانیا بەگشتی دەگرێتەوە.
 
رووداو: ھۆشداریی گەشتکردن بۆ کام ناوچەی سووریا راگەیێندراوە؟
 
وەزارەتی دەرەوە: ھۆشداریی گەشتکردن بۆ سەرانسەری خاکی سوریایە.
 
رووداو: بە بڕوای ئێوە، کام گرووپ لە پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە لە مەترسیدایە؟
 
وەزارەتی دەرەوە: بەھۆی دۆخی ئەمنی کە ھەمیشە لە گۆڕاندایە، بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان و میلیشیا تاوانبارەکان و زۆرێک لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی سووریا کە چارەسەرنەکراون، ھیچ گرووپێکی دانیشتووانی وەک پارێزراو یان بێمەترسی سەیر ناکرێ. ئەم مەترسییانە ھەمیشە تەنیا لەسەر بنەمای ئایینی یان نەتەوەیی نین، بەڵکو لە ئەنجامی ناکۆکییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، ھۆکارەکانی تۆڵەسەندنەوە وەک میراتی سەردەمی ئەسەد، بیردۆزەکانی پیلانگێڕی و قسە و رقی پڕ لە کینە یان لە ئەنجامی رکابەریی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دروست دەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە