رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، دەیانەوێت بگەڕێنەوە نێو کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و بەشداری لووتکەی داهاتووی کۆمکارەکە بکەن. دەشڵێت، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکن بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی وڵاتان بچنە سووریا و کاری وەبەرهێنان بکەن.
رۆژی شەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشق پێشوازی لە حوسام زاکی، جێگری سەرۆکی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کرد. هەردوولا بە بەشداری ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دەسەڵاتداریی قۆناخی راگوزەری سووریا کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە شەیبانی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "چاومان لەوەیە سووریا بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و بەشداری لە یەکەم لووتکەی عەرەبی بکات کە تێیدا دەنگی راستەقینەی سووریاییەکان نوێنەرایەتی بکرێت".
وەزیری دەرەوەی سووریا هەروەها دەڵێت، "سوپاسی هەڵوێستی روون و بوێرانەی هەموو وڵاتانی عەرەبی، پابەندبوونی بەردەوامیان بە سەروەری سووریا و یەکگرتوویی خاکەکەی و رەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی کە کار لە یەکگرتوویی و سەقامگیری وڵات بکات دەکەین."
ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە 17ـی ئایاری ئەم ساڵ 34ـەمین لووتکەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە شاری بەغدا بەڕێوەبچێت.
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا حکومەتی وڵاتەکەیان رووخاند و تاوەکو ئاداری ئەم ساڵ حکومەتێکی کاتییان پێکهێنا. دیارترین گرووپی ئۆپۆزیسیۆنیش دەستەی تەحریر شام بوو.
لە گوتەکانیدا شەیبانی ئاماژەی بەوەش کرد، "داوا لە برایانی عەرەبمان و هەموو ئەندامانی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکەین بەشداربن لە هەوڵەکان بۆ بنیاتنانەوە و گەشەپێدانی سووریا، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، ژینگە و ژێرخانەکەیدا." جەختی لەوەش کردەوە، "ئامادەیی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ دابینکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەک و کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنانین بە جۆرێک کە ببێتە هۆی بەهێزبوونی ئابووریی نیشتمانی و باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵکی سووریا."
لە ساڵی 2011ـەوە سووریا لە نائارامیدایە. ئەو کات خەڵک دژی حکومەتی پێشوو دەستی بە خۆپێشاندان کرد و دواتر بووە شەڕی نێوخۆ. ئەمە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 7.2 ملیۆن کەس و کۆچکردنی زیاتر لە شەش ملیۆنی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ