بەرپرسی مافی مرۆڤی UN داوای لێکۆڵینەوەی خێرا لە تووندوتیژییەکانی سووریا دەکات

18-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاژانسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتی کاتیی سووریا کرد لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی سوەیدا بکات.
 
رۆژی هەینی 18-07-2025 ڤۆڵکەر تورک، بەڕێوەبەری ئاژانسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێنراوێکدا گوتی، "پێویستە ئەم خوێنڕشتن و تووندوتیژییە رابگیرێت و پاراستنی هەموو خەڵک لە پێشینەی کارەکان بێت."
 
ڤۆڵکەر تورک داوای "لێکۆڵینەوەی بێلایەن، خێرا و شەفافی لە هەموو پێشێلکارییەکان" کرد و گوتیشی: "پێویستە ئەوانەی بەرپرسن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت."
 
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "زۆر گرنگە هەنگاوی دەستبەجێ بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تووندوتیژیی لەو شێوەیە. تۆڵەسەندنەوە وەڵام نییە."
 
لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە دوای ئەوە هاتن کە رۆژی پێنجشەممە هێزەکانی سووریا لەسەر فەرمانی حکومەتی وڵاتەکە، لە ناوچەی سوەیدای دڵى دروزەکان کشانەوە، ئەوەش دوای چەند رۆژێک لە پێکدادان کە بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان نزیکەی 600 کەسی تێدا کوژراون.
 
سوەیدا لە رۆژی یەکشەممەوە تووشی خوێنڕشتنی کوشندە بووە.
 
هاوکات بۆ پشتیوانیی لە دروزەکان، ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی هێزەکانی حکومەتی لە سوەیدا کردە ئامانج و هێرشیشی کردە سەر ئامانجەکانی ناو و دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت، لەنێویاندا بارەگای سەرەکیی سەربازی. 
 
پێویستە هێرشەکان بوەستن
 
راگەیێندراوەکەی تورک ئاماژەی بەو راپۆرتانە کردووە کە باس لە "پێشێلکاری و دەستدرێژیی بەرفراوان، لەنێویاندا کوشتنی بەکۆمەڵ و هەڕەمەکی، رفاندن، وێرانکردنی موڵکی تایبەت و تاڵانکردنی ماڵان" دەکەن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و کەسانی سەر بە دەسەڵاتی کاتی، هەروەها چەکدارەکانی دیکەی ناوچەکە، لەنێویاندا دروز و دەشتەکییەکان هەن" و شەڕەکەیان بووەتە هۆی "ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ".
 
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، "رۆژی 15ـی تەممووز چەکدارانی سەر بە دەسەڵات، بە ئەنقەست تەقەیان لە خێزانێک کرد و 13 کەسیان لێ کوشتن."
 
هەروەها هاتووە کە لە هەمان رۆژدا، ئەو کەسانە بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ شەش پیاویان لە نزیک ماڵەکانیان لە دوو رووداوی جیادا کوشت.
 
تورک گوتی: "دانانی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت دەبێت سەلامەتی و پاراستن بەدیبێنێت، نەوەک ترس و تووندوتیژی زیاد بکات."
 
تورک جەختی لەوە کردەوە کە کەوتنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوو لە مانگی کانوونی دووەمدا "ساتێکی هیوای بۆ داهاتوویەکی باشتر لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ" بۆ گەلی سووریا هێنا. "ئەوە بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتە کاتییەکانە کە بسەلمێنن ئەم قۆناخە ماف، دادپەروەری و پاراستنی یەکسان بۆ هەمووان لەخۆ دەگرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە