ئەمریکا: پاڵپشتیی نەخشەڕێگەی سووریا بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سوەیدا دەکەین

18-09-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشق نەخشەڕێگەیەکی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سووریا بە پاڵپشتیی واشنتن و عەمان راگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ نەخشەڕێگەکە نیشان دا. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی نەخشەڕێگەی سووریا بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سوەیدا لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هیوادارین نەخشەڕێگەی سوەیدا بەئامانجی پێشخستنی لێپرسینەوە، ئاشتەوایی و دادپەروەری بۆ قوربانیانی دڕندەیی و پاراستنی مافەکانی کەمینەکان بێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "سیاسەتی ئێمە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر بنەمای دیدگەی ترەمپە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە."
 
پێرێ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق رایگەیاند، "حکومەتی سووریا نەخشەڕێگەیەکی روونی بۆ کارکردن لە سوەیدا داناوە، کە پشتیوانی لە دادپەروەری دەکات و متمانە دروست دەکات."
 
شەیبانی گوتیشی، پلانەکە بریتییە لە لێپرسینەوە لەوانەی هێرشیان کردەسەر هاووڵاتییان، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و "دەستپێکردنی پرۆسەیەکی ئاشتەوایی نێوخۆیی."
 
بە گوتەی شەیبانی، جێبەجێکردنی ئەم پلانە هاوکات دەبێت لەگەڵ لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی تووندوتیژییەکان.
 
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن کە لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە لە دیمەشق ئامادەبوو، رایگەیاند: "میکانیزمێکی هاوبەشی سووری-ئوردنی-ئەمریکی" جێبەجێکردنی پلانەکە مسۆگەر دەکات.
 
 13ی تەممووز پێکدادان لە نێوان چەکدارانی دروز و دەشتەکییە سوننەکان روویدا، بەڵام بە خێرایی پەرەی سەند و هێزەکانی حکومەت و چەکدارانی هۆزەکان لە بەشەکانی دیکەی سوریاشەوە چوونە نێوی.
 
دەسەڵاتدارانی سووریا دەڵێن، هێزەکانیان بۆ راگرتنی پێکدادانەکان دەستوەردانیان کرد، بەڵام شایەتحاڵان، دروزەکان و سەرچاوە نێوخۆییەکان بەوە تۆمەتباریان دەکەن کە لایەنگری دەشتەکییەکان بوون و دەستدرێژییان کردووەتە سەر دروزەکان.
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 2000 کەس لە تووندوتیژییەکاندا کوژران، لەنێویاندا 789 هاووڵاتی دروز هەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە