رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، دوای نزیکەی حەوت ساڵ، دەستی لەکار کێشایەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 18-09-2025، گیێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "دەمەوێت بە ئەنجوومەنەکە رابگەیەنم، ئاگاداری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانم کردووەتەوە کە دەمەوێت، دوای زیاتر لە شەش ساڵ و نیو خزمەتکردن وەک نێردەی تایبەت بۆ سووریا، دەست لەکار بکێشمەوە."
پێدەرسن گوتیشی: "سکرتێری گشتی بە سوپاسەوە داواکەمی قبووڵکرد."
پێدەرسن لە کانوونی دووەمی 2019ـەوە نێردەی تایبەتی UN بوو بۆ سووریا. ئەم بڕیارەی لە کاتێکدایە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو 80یەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە کۆبوونەوەکە بەشداربێت و گوتارێک پێشکێش بکات. شەرع دەبێتە یەکەم سەرۆکی سووریا گوتار لەو کۆمەڵەیە پێشکێش بکات.
پێدەرسن پێشتر هاوئاهەنگیکاری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ لوبنان، هەروەها وەک باڵیۆزی نەرویج بۆ چین و نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە. پێشبینی دەکرێت، پێدەرسن مانگی کانوونی یەکەمی 2026 ئەرکەکەی وەکو نێردە بۆ سووریا کۆتایی بێت.
کەوتنی بەشاری ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 تیشکێکی زۆری خستەسەر رۆڵی پێدەرسن لە سووریا، ئەمەش بەهۆی ئاوەژووبوونی سیستمی سیاسیی وڵاتەکە.
لەوکاتەوە، ئەرکی پێدەرسن بریتیبوو لەوەی دڵنیابێتەوە کە بڕیارنامەی ژمارە 2254ـی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ دەکرێت، کە داوای راگوازتنێکی ئاشتیخوازی سیاسی دەکات لە دیکتاتۆریەتەوە بۆ دیموکراسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ