رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق" بە درۆن و تۆپ هێرشیان کردووەتە سەر گوندێکی حەلەب، 7 کەسی سڤیلیان کوشتووە، کە منداڵیان لەنێودایە و 4ی دیکەیان بریندار کردووە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دوای چەندین مانگی لە ئارامی و رێککەوتن، گەڕێکی دیکەی تووندوتیژی و پێکدادان لە نێوان هەسەدە و هێزە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق دەستی پێکردووەتەوە.
هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "گرووپە جەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و لایەنگری تورکیا، ئێوارەی شەممە رەشەکوژییان لە دژی خەڵکی سڤیلی گوندی ئوم تینا لە دەوروبەری ناوچەی دێرحافری رۆژهەڵاتی حەلەب ئەنجامدا."
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، گرووپە چەکدارەکان "بە درۆن دەستیان بە هێرش کرد و دواتر لە کاژێر 7ی ئێوارە دەستیان بە تۆپبارانی چڕ کرد و ماڵی خەڵکیان راستەوخۆ کردنە ئامانج."
هەسەدە ناو و تەمەنی کوژراو و بریندارانی بڵاوکردەوە کە دوانیان منداڵن، تەمەنی یەکێکیان تەنیا ساڵێک و یەکێکی دیکەش چوار ساڵانە. هەمووانی دیکەش ژنن کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 75 ساڵدایە. سێ لە بریندارەکانیش ژن و یەکێکیان پاوە.
هەسەدە دەڵێت: "ئێمە بە تووندترین شێوە ئەم تاوانە قێزەونە سەرکۆنە دەکەین کە بەشێکە لە رێچکەی بەردەوامی چەندین ساڵی ئەو گرووپانە بۆ بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیلی بێچەک. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە خۆدزینەوە لە سزا، بووەتە هاندەری دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە."
پێکدادانی پێشتر
ئەم راگەیێنراوەی هەسەدە چەند کاژێرێکی کەم دوای ئەوە هات کە لە هەمان ناوچە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەوان و هێزە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق دروست بوو.
هەسەدە پێشتر رایگەیاندبوو، دوای ئەوەی لەلایەن سوپای سووریاوە لە گوندەواری حەلەب بە درۆن کراونەتە ئامانج، وەڵامیان داونەتەوە و "زیانی گیانیی پشتڕاستکراوە"یان بە هێزەکانی سوپا گەیاندووە.
هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئێوارەی رۆژی شەممە، درۆنێکی سەر بە حکومەتی دیمەشق یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی ئێمەی لە ناوچەی دێر حافر کردە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێنەکەوتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە: "هێزەکانمان دەستبەجێ بە لێدانی ورد وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکەیان دایەوە و زیانی پشتڕاستکراوەیان پێگەیاندوون، کە دەستدرێژکارانی ناچار بە پاشەکشە کرد."
هەسەدە جەختی لەوەش کردەوە: "هێزەکانمان ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک و وەڵامدانەوەمان هەمیشە یەکلاکەرەوە دەبێت دژی هەر لایەنێک کە هەوڵی کردنەئامانجی پێگە و شەڕڤانانمان بدات."
دیمەشق هەسەدە تۆمەتبار دەکات
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) سەبارەت بە پێکدادانی یەکەم، بڵاوی کردبووەوە کە هەسەدە "بە هاوەن" هێرشێ کردووەتە سەر سی گوندی رۆژهەڵاتی حەلەب.
میدیاکە هەسدەی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە 10ی ئەیلووەوە "لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، دەستی بە هەڵمەتێکی تووندی تۆپباران کردووە بۆ سەر فڕۆکەخانەی جەراحی سەربازی و دەوروبەری گوندی مەسکەنە."
میدیاکە هەروەها دەڵێت، هەسەدە "ماڵی خەڵکی لە گوندەکانی کەیارییە، رەسم ئەحمەر و حەبوبە کەبیر لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دیمەشق کردوونەتە ئامانج،" کە بە گوتەی خۆی، بووەتە هۆی کوژرانی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی سێی دیکە، "لە وەڵامی ئەوەشدا، هێزەکانی وەزارەتی بەرگری لە ناوچەکە، وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکانیان دایەوە."
رێککەوتنێکی پەکخراو
لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا هۆشداریی دا لەوەی کە شکستهێنانی رێککەوتنی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای وڵاتەکە پێش کۆتایی ئەمساڵ، رەنگە تورکیا بۆ هەنگاوی سەرباز هانبدات.
شەرع پێیوایە، هەندێک باڵ لەنێو هەسەدە رێگرن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ی ئادار.
سەرۆککۆماری سووریا داواکارییەکانی هەسەدەی سەبارەت بە لامەرکەزییەت رەتکردەوە و روونیکردەوە کە یاسای ژمارە 107ـی سووریا لە بنەڕەتدا رێژەی 90٪ـی لامەرکەزییەتی کارگێڕی مسۆگەر کردووە و ئەو داواکارییانەی بە "داپۆشینێک بۆ مەیلی جیابوونەوە" وەسف کرد. هەسەدە رەتیدەکاتەوە نیازی جیابوونەوەی هەبێت.
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەشکرد: "هەسەدە کە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی پشتگوێ خستووە، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و عێراق." راشیگەیاند، ئەنقەرە پێشتر وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەوڵەکانی سووریا، خۆی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەسەدە بەدوور گرتووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر تاوەکو کۆتایی ساڵ پرۆسەی تێکەڵکردنەکە نەکرێت، رەنگە تورکیا هەنگاوی سەربازی بنێت.
ناکۆکیی سەرەکی ئەوەیە کە دیمەشق داوا دەکات هەسەدە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ئەندامەکانی تاک تاک بچنە نێو سوپای سووریا. بەڵام هێزە زۆرینە کوردییەکە کە بە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دادەنرێت، داوا دەکات بەم پێکهاتە و شێوەی ئێستا هەیەتی، ببێتە هێزێکی سەر بە سوپا، واتە زنجیرە و جوگرافیای فەرماندەییەکەی وەک خۆی بمێنێتەوە.
"هەسەدە شەڕ و جیابوونەوەی ناوێت"
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، هەسەدە شەڕی ناوێت و ئامادەیە تێکەڵ بە سوپای سووریا بێت، بەڵام بە مەرجی دانوستاندن و پاراستنی مافەکانیان.
عەبدولوەهاب خەلیل، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە دیمەشق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رۆژی شەممەی رووداودا، کە نالین حەسەن پێشكێشی کرد، گوتی:"هەسەدە و دیمەشق نایانەوێت شەڕ بکەن."
بەڵام باسی لەوە کرد کە گوشار و دەستوەردانی بیانی، بە تایبەتی لەلایەن تورکیاوە، "کاریگەریی نەرێنی"ی خستووەتە سەر پڕۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ئەوان و دیمەشق.
عەبدولوەهاب خەلیل گوتیشی: "رێککەوتنی 10ی ئادار لەبەر گوشاری تورکیا درەنگ راگەیێنرا. پێویستە دانوستاندنەکان سووری – سووری بن و دەستوەردانیان تێدا نەکرێت."
بەرپرسەکە کە لە دیمەشقەوە قسەی بۆ رووداو کرد، باسی لەوە کرد کە ئەوان لایەنگری جیابوونەوە نین و "هەردوو لا جەخت لە یەکپارچەیی سووریا دەکەنەوە."
عەبدولوەهاب خەلیل گلەیی ئەوەی لە دیمەشق کرد کە هێشتا چەند گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت ماونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ