رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری مەسەدە لە دیمەشق دەڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق شەڕیان ناوێت و حکومەتی سووریای بە "سست بوون" لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار تۆمەتبار کرد.
رۆژی شەممە 20ی ئەیلوولی 2025 عەبدولوەهاب خەلیل، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە دیمەشق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 07:00ی تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند، مەسەدە پشتگیریی دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا دەکات، "بەڵام دیمەشق بە خاوی کار دەکات و وەڵامی نییە."
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە دیمەشق گوتی، "گوشار و دەستوەردانی دەرەکی، بەتایبەتی تورکیا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی دیالۆگ هەیە." جەختیشی کردەوە لەوەی، لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان.
"لیژنەکان ئامادەن، بەڵام حکومەت ئامادە نییە"
سەبارەت بە رێککەوتنی 10ی ئادار، عەبدولوەهاب خەلیل گوتی، "ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات پشتگیریی پرۆسەکە دەکات و ئامادەیە بۆی، بەڵام لایەنی حکومەت بە خاوی کار دەکات. ئێمە پشتگیریی دانوستاندنەکان دەکەین، لیژنەکان ئامادەن بۆ دانوستاندن، بەڵام حکومەت ئامادە نییە."
نوێنەری مەسەدە لە دیمەشق پێیوایە، "دەستوەردانی دەرەکی، بەتایبەتی تورکیا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەکە هەیە". گوتیشی: "راگەیاندنی رێککەوتنی 10ی ئادار بەهۆی گوشاری تورکیاوە دواخرا، پێویستە دانوستاندنەکان سووریایی-سووریایی بن و هیچ دەستوەردانێک نەبێت."
عەبدولوەهاب خەلیل، ئاماژەی بەو سیستەمە حوکمڕانییە کرد، کە مەسەدە دەیەوێت و گوتی، "حکومەتی دیمەشق باسی لامەرکەزیی ئیداری بەپێی یاسای ژمارە 107 دەکات، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت سیستەمێکی لامەرکەزیی سیاسییە کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان مافی خۆیان هەبێت و بەشداریی لە بڕیارداندا بکەن."
"هەسەدە شەڕی ناوێت"
لە ماوەی رابردوودا، دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، یەکتریان تۆمەتبار کردووە لەبارەی ئەو هێرش و پێکدادانە چەکدارییانەی لە گوندەوارەکانی هەردوو پارێزگای حەلەب و دێرەزوور لەنێوان هێزەکانی سەر بە سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا روویاندا و قوربانییان لێکەوتەوە.
رۆژی شەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق" بە درۆن و تۆپ هێرشیان کردووەتە سەر گوندێکی حەلەب، 7 کەسی سڤیلیان کوشتووە، کە منداڵیان لەنێودایە و 4ی دیکەیان بریندار کردووە.
هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و لایەنگری تورکیا، ئێوارەی شەممە رەشەکوژییان لە دژی خەڵکی سڤیلی گوندی ئوم تینا لە دەوروبەری ناوچەی دێرحافری رۆژهەڵاتی حەلەب ئەنجامدا."
نوێنەری مەسەدە دەڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق "شەڕیان ناوێت". جەختی لەوەش کردەوە، ئامادەن ببنە بەشێک لە سوپایەکی نیشتمانیی نوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ