رووداو دیجیتاڵ
دوای 13 ساڵ شەڕی وێرانکەر، بانکی جیهانی لە راپۆرتێکدا تێچووی بنیاتنانەوەی سووریای بە "216 ملیار دۆلار" مەزەندە کرد. راپۆرتەکە دەڵێت، ژێرخانی وڵاتەکە پشکی شێری لە زیانەکان بەرکەوتووە، کە 48%ـە و یەکسانە بە 52 ملیار دۆلار.
دووبارە دروستکردنەوەی ژێرخانی سووریا و بووژاندنەوەی، یەکێکە لە گەورەترین ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی حکومەتی نوێی دیمەشق دەبێتەوە، لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی رابردوو.
رۆژی سێشەممە 21-10-2025 بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا نووسی، "تێچووی دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا بە 216 ملیار دۆلار دەخەمڵێنین، ئەمەش دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە شەڕ."
بانکی جیهانی هەڵسەنگاندنی بۆ ژێرخانی 2011 بۆ 2024 کردووە.
شەڕی نێوخۆی سووریا، کە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەتی ساڵی 2011 سەریهەڵدا، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و هەڵتەکاندنی ژێرخانی وڵاتەکە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "شەڕەکە بووە هۆی زیانگەیاندن بە نزیکەی یەک لەسەر سێی سەرمایەی سووریای پێش شەڕ، هەروەها زیانی راستەوخۆ بە بڕی 108 ملیار دۆلار بەر ژێرخان، باڵەخانەی نیشتەجێبوون و بازرگانی کەوتووە."
بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنەی بانکی جیهانی لە راپۆرتەکەدا خستوویەتیەڕوو، ژێرخان پشکی شێری لە زیانەکان بەرکەوتووە، کە 48%ـە و یەکسانە بە 52 ملیار دۆلار.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تێچووی زیانە بەرجەستەکان (فیزیکی) کە بەر خانوو، شەقام و باڵەخانەکان کەوتوون، لەنێوان 140 بۆ 345 ملیار دۆلارە و "باشترین خەمڵاندن بریتییە لە 216 ملیار دۆلار."
پارێزگای حەلەب و گوندەواری دیمەشق، ئەو دوو ناوچەیەی کە قەڵای بەهێزی لایەنەکانی دژە حکومەتی پێشوو بوون، بۆردوومانی زۆریان کراوە و زۆربەی زیانەکان لەوێ تۆمار کراون.
جین کریستۆفەر کارێت، بەڕێوەبەری ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بانکی جیهانی گوتی، "ئاڵنگارییەکانی داهاتوو زۆرن، بەڵام بانکی جیهانی ئامادەیە شانبەشانی گەلی سووریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بۆ پشتیوانیکردنی بووژانەوە و دووبارە بنیاتنانەوە بکات."
بانکی جیهانی هەروەها مەزەندەی ئەوە دەکات، دووبارە هەستاندنەوە سەرپێی سووریا 10 هێندەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی 2024ی وڵاتەکە بێت.
لەو کاتەوەی ئەسەد کەوتووە، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بەردەوام کاریان بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ وڵاتەکە کردووە. چەندین گرێبەستیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا و حکومەتە جیاکاندا کردووە، لەوانەش وڵاتانی کەنداو.
محەممەد بەرنییە، وەزیری دارایی سووریا لەبارەی راپۆرتەکەوە گوتی، "هێڵێکی سەرەکی بۆ ئەو وێرانکارییە گەورەیە و تێچووەکانی دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە داناوە. ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، گرنگە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی و هاوبەشیی خۆی بجووڵێنێت بۆ بووژانەوەی ژێرخانی گرنگی سووریا، ژیاندنەوەی کۆمەڵگەکان و دانانی بناخەی داهاتوویەکی خۆڕاگرتر بۆ خەڵکەکەی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ