نەتەوە یەکگرتووەکان داوای چوار ملیار دۆلار هاوکاری بۆ سووریا دەکات

22-03-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات، بە بڕی چوار ملیار دۆلار هاوکاری سووریا بکرێت؛ هۆشداریش لە کەمیی پاڵپشتییەکان دەدات و دەڵێت، کارێکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە هاووڵاتییانی سووریا کۆچ بکەن. 
 
رۆژی هەینی، 22ـی ئاداری 2024، ئادەم عەبدولمەلا، هاوئاهەنگیکار و بەرپرس لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان باسی لە دۆخی سووریا کرد. 
 
جەنگی نێوخۆی سووریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، هەروەها ئاوارە و کۆچبەربوونی زیاتر لە 14 ملیۆنی دیکە. 
 
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "لە ساڵی 2024دا داوای 4.07 ملیار دۆلار بۆ تەرخانکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ 10.8 ملیۆن هاووڵاتی سووریا دەکەین"، ئاماژەی بەوەش کرد، لانیکەم 12.9 ملیۆن هاووڵاتی سووریایی ئاسایشی خۆراکیان نییە. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا تەنیا 0.02٪ـی ئەو هاوکارییە مرۆییەی کە ئەم ساڵ بۆ سووریا داواکراوە، کۆکراوەتەوە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە نەگەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سووریا دەدات و دەڵێت، کارێکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی ئەوەی 2.5 ملیۆن منداڵی سووریا نەتوانن بچنە قوتابخانە.
 
لە لایەکی دیکە، رۆژی هەینی 15-03-2024، ماتیو ساڵتمارش، گوتەبێژی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR گوتی، "زیاتر لە 16.7 ملیۆن کەس لە سووریا کە دەکاتە 75%ی دانیشتووانەکەی، پێویستییان بە یارمەتیی بەپەلەیە؛ ئەمەش زۆرترین ژمارەیە لە 2011وە".
 
ئاژانسی پەنابەران چەند داتایەکی بڵاوکردەوە کە بەمشێوەیە بوون:
 
- 16.7 ملیۆن کەس لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەیە.
 
- 12.9 ملیۆن کەس ئاسایشی خۆراکیان نییە.
 
- ئەم ساڵ 19 ملیۆن کەس لە وڵاتانی دراوسێی سووریا پێویستیان بە هاوکاری دەبێت.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای 2024 رایگەیاند، پارەی پێویستیان ناگاتە دەست بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و کەموکوڕییەکانی خەڵک. UNHCR باس لەوەش دەکات، لە ساڵی 2023ـدا تەنیا ٪30 پارەی داواکراو گەیشتووەتە دەستیان.
 
کەمبوونەوە و کورتهێنانی یارمەتییە مرۆیی و داراییەکان وای لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی WFP کردووە کە بڕیاربدات، ئەم ساڵ 88 هەزار خێزان کەمتر لە ساڵی رابردوو یارمەتی وەربگرن.
 
ماتیو ساڵتمارش گوتی، کورتهێنان لە یارمەتییەکان وا دەکات "منداڵان روو لە کارکردن بکەن، واز لە قوتابخانە بهێنن، کچان لە تەمەنی زوو بەشووبدرێن و تووندوتیژیی جێندەری زیاتر بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە