رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی پێشووی سوپای سووریای ئازاد، دەڵێت بەهۆی رەخنەگرتنی لە گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، لەلایەن گرووپەکەوە سزای سێ ساڵ بەندکردنی بۆ دەرچووە.
ژمارەیەک چەکداری گرووپی سوڵتان سلێمان شا، کە گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە و لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەون، یەکێک لە چەکدارەکان بڕیارێکی گرووپەکە دەخوێنێتەوە کە سزادانی فەرماندەیەکی پێشووی سوپای سووریای ئازادە بۆ ماوەی سێ ساڵ.
ئەو فەرماندەیە کە ناوی ئەحمەد رەحالە و ئێستا لە تورکیایە، بە گوتەی ئەو گرووپە "سوکایەتی" بە "شۆڕشگێڕانی سووریا" کردووە. بۆیە بڕیاری سێ ساڵ بەندکردنیان بۆ دەرکردووە. داواش لە تورکیا دەکەن رادەستیان بکات بۆ ئەوەی لە "ناوچە ئازادکراوەکان" دادگایی بکەن.
عەمید ئەحمەد رەحال لە لێدوانێکدا بۆ رووداو پشتڕاستیکردەوە کە لەلایەن ئەو گرووپە سزا دراوە و بە (رووداو)ی گوت: "ئەو گرووپانە نموونەیەکی خراپی دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان پێشانی جیهان داوە. کاری وایانکردووە کە خەڵک بڵێن لە رژێمی سووریا خراپترن. ئەوانە هۆکارن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد".
عەمید ئەحمەد رەحال دەڵێت دوای ئەوەی گرووپی سوڵتان سلێمان شا بە سەرۆکایەتی ئەبوو عەمشە لە تورکیا سکاڵای لەسەر تۆمارکرد، رۆژی 12-8-2020 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستگیرکراوە و 70 رۆژ لە زیندان بووە، دوای ئازادکردنیشی داوای لێکراوە تورکیا جێبهێڵێت.
رەحال گوتی: "ئەبوو عەمشە راپۆرتی ناڕاستی داوەتە تورکیا و تۆمەتی ناڕەوای بۆ هەڵبەستووم. دوای ئازادکردنیشم پێمگوترا دەبێت بە زووترین کات تورکیا جێبهێڵم و پێش دەستگیرکردنیشم ئەبوو عەمشە لە رێگەی واتسئەپەوە نامەی بۆ ناردووم و دەڵێت دەستم دەگاتە هەموو شوێنێکی تورکیا و دەتوانم لە بەردەم ماڵەکەتدا بتکوژم".
رەحال دوای ئەوەی کارتی مانەوەی لە تورکیا لێدەسەندرێت، رووی کردووەتە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیستەنبووڵ، بۆ ئەوەی بیگوازنەوە بۆ وڵاتی سێیەم، بەڵام دەڵێت هیچ وڵاتێک ئامادەنەبوو وەری بگرێت.
عەمید ئەحمەد رەحال دەڵێت: "ساڵی 2012 لە سوپای سووریا جیابوومەوە و فەرمانی لەسێدارەدانم بۆ دەرچوو، ئێستاش گرووپێک هەڕەشەم لێدەکات، بۆیە چارەنووسم نادیارە و شوێنێک نییە رووی تێبکەم".
ئەحمەد رەحال، 32 ساڵ لە ریزەکانی سووپای سووریا کاری کردووە، بەر لەوەی جیاببێتەوە، فەرماندەی کەشتییە مووشەک هەڵگرەکان بوو.
عەمید ئەحمەد رەحال دەڵێت: "دوای ئەوەی ئیخوان موسلمین دەستی وەردایە کاروباری سوپای سووریای ئازاد، من و زۆر فەرماندەی دیکە وازمانهێنا و کەسانی نەخوێندەوار و بێئەزموون شوێنی ئێمەیان گرتەوە".
رەحال نموونە بە ئەبوو عەمشە دێنێتەوە و دەڵێت: "ئەبوو عەمشە پێش شۆڕشی سووریا لە بازاڕی سەوزەفرۆشان لە شاری حەما کاری دەکرد، کەسێکی نەخوێندەوارە، دوای وازهێنانی فەرماندە بە ئەزموونەکان، کتوپڕ پلەیەکی سەربازی بە خۆی بەخشی و سەرپەرشتی گرووپێکی چەکداری کرد و ئێستاش ناوچەیەکی فراوانی عەفرینی کۆنترۆڵ کردووە و زوڵم لە خەڵکی ناوچەکە دەکات، ناوبانگی هەزاران ئازادیخوازی لەکەدار کردووە".
عەمید ئەحمەد رەحال، کە ئێستا وەک شرۆڤەکاری ستراتیژیی لە میدیاکان دەردەکەوێت، دەڵێت بارودۆخی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئەم چەکدارانە زۆر خراپە، هەر گرووپێک دادگایەکی تایبەت بە خۆی هەیە، حکومەتی کاتی ئۆپۆزسیۆنیش هیچ دەسەڵاتی بەسەر ئەو گرووپانەدا نییە، کە هەر یەکەیان حوکمی ناوچەیەک دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ