رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، بەشار ئەسەد بە "کوشتنی سەدان هەزار کەس و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی" تۆمەتبارە و دەبێت دادگایی بکرێت.
رۆژی سێشەممە، 23ـی ئایاری 2023، کاترین کۆڵۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی لە وەڵامی ئەوەی ئایا دەیەوێت بەشار ئەسەدی سەۆکی سووریا دادگایی بکرێت یاخود نا، گوتی: "دەبێت ئەسەد دادگایی بکرێت؛ شەڕکردن دژی تاوان و بەسزاگەیاندنی تاوانباران، بەشێکە لە دیپلۆماسییەتی فەرەنسا."
کاترین راشیگەیاند، فەرەنسا سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە ئەسەد ناگۆڕێت و گوتی: "دەبێت ئەوەمان لەبیربێت، کە بەشار ئەسەد کێیە؛ ئەو سەرکردەیەکە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ دوژمنداری لەگەڵ گەلەکەی کردووە."
کاترین لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر حکومەتەکەی ئەسەد رایگەیاند، ئەوە لە پلانی یەکێتییەکەدا نییە و راشیگەیاند، "ئەگەر ئەسەد نەگۆڕێت و پابەندی ئاشتەوایی، شەڕی تیرۆر و شەڕی ماددە هۆشبەرەکان نەبێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆمان بەرامبەری بگۆڕین. پێموایە کە ئەوە ئەسەدە دەبێت بگۆڕێت؛ نەک فەرەنسا هەڵوێستی خۆی بگۆڕیت."
قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 350 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.
سووریا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتان ئاسایی کردووەتەوە و رۆژی یەکشەممە، 7-5-2023، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بڕیاریان دا کۆتایی بە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی سووریا لە کۆمکارەکە بهێنن و لە دواهەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کە لە 19-5-2023، لە شاری جەددەی سعودیە بەڕێوەچوو، بەشار ئەسەد بەشداری کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ