رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا دەڵێت، بەم زووانە ناچنە نێو رێککەوتنەکانی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیل.
شەرع بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە.
رۆژی دووشەممە لەوێ هیوای خواست بگەنە رێککەوتنێکی ئەمنی کە گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کەمبکاتەوە، بەڵام بەدووری زانی وڵاتەکەی بەمزووانە بچێتە نێو رێککەوتنەکانی ئەبراهام.
شەرع، پێشتر سەرکردەیەکی جیهادی بووە و هێزەکانی لە مانگی کانوونی یەکەمی پار دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان رووخاند، لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.
بڕیارە شەرع وەک یەکەم سەرۆکی سووریا دوای 58 ساڵ، گوتارێک لە کۆمەڵەی گشتی پێشکێش بکات.
بەرپرسانی سووریا ئامانجیان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵ رێککەوتنی سەربازی و ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بکەن.
لە دوای رووخانی ئەسەد، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریا.
شەرع لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێلێکی نیویۆرک لە پەراوێزی لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئیسرائیل پابەندی هێورکردنەوەی دۆخەکە بێت، وڵاتەکەی رەنگە پرسی گۆلانی لەگەڵدا تاوتوێ بکات. هاوکات جەختیشی کردەوە دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتوونەتە قۆناخێکی "پێشکەوتوو".
شەرع گوتی: "هیوادارم ئەم هەوڵە بگاتە رێککەوتنێک کە سەروەریی سووریا بپارێزێت و دڵنیایی بداتە هەندێک لەو نیگەرانییە ئەمنییانەی کە ئیسرائیل هەیەتی."
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا سووریا دەچێتە نێو "رێککەوتنەکانی ئەبراهام" کە بەهۆیانەوە ئیمارات، بەحرەین و مەغریب لە ساڵی 2020 پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دروست کرد، شەرع بە وریاییەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: "جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان سووریا و ئەو وڵاتانەی چوونەتە نێو رێککەوتنەکانی ئەبراهام"، چونکە "ئیسرائیل هێشتا گۆلانی داگیرکردووە"، هەروەها ئەو وڵاتانەی "چوونەتە پاڵ رێککەوتنەکانی ئەبراهام [...] سنووریان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە."
ئاماژەی بەوەش کرد، لەدوای رووخانی ئەسەدەوە، ئیسرائیل " هەزار هێرشی ئاسمانی کردووە و زۆر لە دامەزراوەکانی سووریای وێرانکردووە" و نزیکەی "400 جاریش هێزی وشکانیی هێناوەتە نێو خاکی سووریا".
ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967 بەرزاییەکانی گۆلانی داگیرکرد و لە ساڵی 1981 بە فەرمی خستییە سەر خاکی خۆی، هەنگاوێک کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدا نانێت.
دوای رووخانی ئەسەد، هێزەکانی ئیسرائیل پێشڕەوییان کرد و ناوچە دابڕێنەرەکەی گۆلانی داگیر کرد، کە بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974 پێویست بوو لە چەک دابماڵدرێت.
ئیسرائیل بە بیانووی رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی کۆگای چەکی سوپای پێشوو لەلایەن دەسەڵاتدارە نوێیەکانەوە، سەدان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی سووریا. هەروەها چەندینجار ئۆپەراسیۆنی وشکانیی ئەنجامداوە و ژمارەیەک کەسی بە گومانی ئەنجامدانی چالاکیی "تیرۆریستی" لە باشووری سووریا دەستگیرکردووە.
ئیسرائیل داوا دەکات باشووری سووریا ببێتە ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک.
سووریا و ئیسرائیل بە فەرمی هێشتا لە دۆخی جەنگدان، بەڵام دوای رووخانی ئەسەد دەستیان بە دانوستاندنی راستەوخۆ کردووە و لە چەند مانگی رابردوودا نوێنەرانی هەردوو وڵات چەندینجار کۆبوونەتەوە.
شەرع گومانی خۆی لە نیازەکانی ئیسرائیل دەربڕی و پرسیاری ئەوەی کرد، ئایا ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە وڵاتەکەیدا نادات؟ هاوکات تۆمەتباریشی کرد بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی ئاشتی لەگەڵ میسر و ئوردن.
سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا گوتی: "پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە شەقامی عەرەبی و ئیسلامی ئێستا تووڕەییەکی زۆری هەیە بەرامبەر بەوەی لە غەززە روودەدات. هەموو جیهان دیمەنەکانی برسیکردن و کوشتن دەبینێت. ئەمانە هەموویان هۆکارن کە کار لە رای گشتی دەکەن، چونکە لە کۆتاییدا ئێمە حکومەتێکین لەنێو شۆڕشەوە دەرچووین و پێویستە دەنگدانەوەی دەنگی گەل بین."
رۆژی یەکشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، دەرگای لەبەردەم ئەگەری ئاشتی لەگەڵ لوبنان و سووریا کردووەتەوە.
ئەحمەد شەرع لەدوای وەرگرتنی دەسەڵاتەوە، جلوبەرگی سەربازیی گۆڕیوە بۆ پۆشاکی فەرمیی سەرۆکایەتی و لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی بیانی کۆبووەتەوە، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئایار لە سعودیە. دوای کۆبوونەوەکەش، ترەمپ هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکای بۆ سەر دیمەشق راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ