راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل: لەگەڵ سووریا لە پەیوەندی راستەوخۆداین

24-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل دەڵێت، بەرپرسانی وڵاتەکەیان و سووریا لە پەیوەندی راستەوخۆی رۆژانەدان و گفتوگۆ بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەن. 
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، تزاچی هانگبی، لە بەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگریی پەرلەمانی وڵاتەکەی سەبارەت بە دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان وڵاتەکەیان و دیمەشق رایگەیاند، "رۆژانە گفتوگۆی راستەوخۆ لە هەموو ئاستەکان لەنێوان ئیسرائیل و رژێمی سووریادا هەیە. منیش لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی سیاسیی، سەرۆکایەتی (لایەنی ئیسرائیلی) دەکەم". 
 
پێش رووخانی ئەسەد، ئیسرائیل و سووریا پەیوەندییەکی پڕ گرژییان هەبوو، بەڵام دواتر، چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کران. ئەمریکاش رۆڵێکی کاریگەری لەو کۆبوونەوانەدا هەبووە. 
 
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە گوتیشی، سووریا و لوبنان بەربژێرن بۆ چوونە نێو رێککەوتنی ئەبرەهام. 
 
ساڵی 2020، ئیسرائیل رێککەوتنی ئەبرەهامی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بە سەرپەرشتیی ئەمریکا واژۆکرد، سەرەتا ئیمارات و بەحرەین و دواتر سوودان و مەغریب چوونە نێو رێککەوتنەکەوە. 
 
دوای رووخانی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی پاردا، سوپای ئیسرائیل چووە ناوچە لە چەک داماڵراوەکانی نێوان وڵاتەکەیان و سووریا. بە گوێرەی بەرپرسانی تەل ئەڤیڤ، ئەو کارەیان بۆ پاراستنی هاووڵاتییانیان لە بەرزاییەکانی گۆلان و هاووڵاتییانی باشووری سووریا بووە. 
 
سەبارەت بە کشانەوەی سەربازەکانیان لەو ناوچانە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل گوتی، "ئەگەر پەیوەندییەکان ئاسایی بن، ئەوا لێکۆڵینەوەی لێدەکەین". 
 
لە دانیشتنەکەی لەگەڵ لیژنەکەی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا هانگبی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەگەڵ "گرووپە جیهادییە تیرۆرستییەکان" گوتی، "لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو پرسە دەکەین. شەرع لە گۆڕاندایە و شتەکانیش لە بەرەوپێشچووندان". 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە