بانکی جیهانی: بەرزترین ئاستی هەژاریی سووریا لە رۆژئاوای کوردستانە

25-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتیدا سەبارەت بە دۆخی سووریا دەڵێت: تادێت ئابووریی سووریا خراپتر دەبێت و ئاستی هەژاری و برسیێتیش زۆرتر دەبێت. بەرزترین ئاستی هەژاریی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پارێزگەکانی دێرەزوور، حەلەب و حەمایە لە سووریا.
 
رۆژی شەممە، 25-05-2024 بانکی جیهانی راپۆرتی (چاودێریی ئابووریی سووریا)ـی بۆ بەهاری 2024 بڵاوکردەوە.
 
شەڕی نێوخۆی سووریا زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوامە، راپۆرتەکە دەڵێت جەنگەکە زیانێکی زۆری بە ئابووریی سووریا و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا [رۆژئاوای سووریا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە] گەیاندووە. بەهۆی جەنگ و تەنگژەکانی دیکەوە، خێزانە سووریاییەکان بە کاتێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕن؛ پارەی تەواویان بۆ کڕینی خواردن و پێداویستییە بنەڕەتییەکان نییە، دەستکەوتنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردەش قورستر بوون، بێکاریش بەرۆکی زۆر خەڵکی گرتووە.
 
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە بڕێکی زۆر کەمی هاوکاری لە دەرەوە دەگاتە سووریا، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیە، زۆر سەختە.
 
دۆخی ئابووری
 
سەرنجێکی سەرەکیی راپۆرتەکە لەسەر ئابووریی سووریایە و دەڵێت "بازرگانیی بەتایبەت لە ناوچەکانی نزیک سنوور بە رێژەی ٪1.2 کەمیکردووە. بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەکی دیکە 5.5٪ دابەزیوە، بەشێکی ئەو دابەزینەش بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مانگی شوباتی 2023 و بەشێکی دیکەش بەهۆی جەنگەوەیە."
 
بەروارد بە پار، کەرتی کشتوکاڵ کەمێک باشتر بووە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویست نییە، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر جووتیار ئاوارە بوون و زیانێکی زۆر بەر ژێرخان و سیستمی ئاودێری کەوت، بەمەش ئاستی چاندن زۆر کەمبووەوە.
 
بەهای لیرەی سووری لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی 141٪ دابەزیوە و نرخی هەموو شتێک چەندهێندە بەرزبووەتەوە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بەڕێژەی 93٪. سەرەڕای هەموو ئەو کێشە ئابوورییانە، حکومەتیش داهاتی کەمبووە؛ بۆیە پەنای بردووەتە بەر خەرجکردنی کەمتر، بەتایبەت وەستاندنی پڕۆژە درێژخایەنەکان.
 
کۆی بەرهەمی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2023 بە رێژەی 1.2٪ دابەزیوە، بانکی جیهانی دەڵێت "پێشبینی دەکرێت، کۆی بەرهەمی نێوخۆی ئەو وڵاتە لە 2024ـدا 1.5٪ دابەزێت."
 
خراپیی ئابووری، گرانیی نرخ و کەمیی جووڵەی پارە لە بازاڕ، وایان کردووە خەڵک خەرجکردنی پارە بە تەواوی کەمبکەنەوە و وەبەرهێنەرانیش لە کارەکانیان وەستاون. دوای بوومەلەرزەکەی 2023، گەیاندنی هاوکاری بۆ ئەو وڵاتە کەمیکرد. راپۆرتەکە لە سەر زاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "لە ساڵی 2023ـدا بڕی 2.8 ملیار دۆلاری هاوکاری بۆ سووریا نێردراوە، ئەمەش 5٪لە هاوکارییەکانی ساڵی پێشووتر کەمترە."
 
راپۆرتەکە دەڵێت، بازرگانی دەریایی سووریا لایەنێکی دیکەی زیانمەندبووی تەنگژەکانە، "لە ساڵی 2023 بازرگانیی ئاوی نزیکەی ٪10 دابەزی."
 
هەژاری و برسیێتی
 
بانکی جیهانی لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە "بە گشتی، هەژاری و برسیێتی روویان لە سووریا کردووە. "هەژارترین چینی ئەو وڵاتە دەکەونە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. دێرەزوور، حەلەب و حەما."
 
راپۆرتەکەی بانکی جیهانی دەڵێت: ئەو خێزانانەی ژن بەڕێوەیان دەبەن و پیاویان نییە لەگەڵ خێزانە ئاوارەکان، زۆرترین کاریگەرییان بەرکەوتووە.
 
 سەرچاوەیەکی دیکەی بژێویی ژیانی بەشێکی زۆری سووریاییەکان لە دەرەوە دێت. ئەندامێک یان زیاتری ژمارەیەکی زۆری خێزانە سووریاییەکان لە دەرەوەی وڵاتەکە دەژین و پارە بۆ خێزانەکانیان دەنێرنەوە. راپۆرتەکە دەڵێت، "ئەو خێزانانەی لە دەرەوە لە رێگەی کەسێکەوە پارەیان بۆ دەنێردرێت، 12٪ دەرفەتیان زیاترە بۆ ئەوەی لە برسیێتیی رادەبەدەر رزگاریان بێت."
 
شەڕ و کوشتن
 
بانکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، تەنگژە و شەڕی سووریا کوشندەترینی ئەم سەدەیە بووە، جەنگی سووریا لە دوای جەنگی ئەفغانستان کە لە ساڵی 1989 بۆ 2001 و پاشان لە 2006 بۆ 2021ـی خایاند، درێژترین ماوەی جەنگە. بەگوێرەی بەرنامەی ئەپسالای سویدی کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی داتا، "لەنێوان 2011 بۆ 2022 زیاتر لە 407 هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە کوژراون."
 
ئەوەی خوێی بە برینی ئەو وڵاتەدا کرد، بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی شوباتی ساڵی 2023 بوو. بانکی جیهانی دەڵێت، لە ئەیلوولی ئەو ساڵەدا شەڕ و پێکدادانی زیاتر باکووری وڵاتەکەیان گرتەوە و هەزاران خێزان ئاوارەبوون.
 
لە راپۆرتە 56 لاپەڕەییەکەی بانکی جیهانی هەروەها هاتووە "دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت لە سووریا تادێت خراپتر دەبێت."
 
بەگوێرەی رێکخراوی ACLEDـی ئەمریکی تایبەت بە تەنگژە سەربازییەکان، "لە تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکو ئاداری 2024، لانیکەم 201 کردەی تووندوتیژی لەلایەن ئیسرائیلەوە هەبوون و 236 کەسیش کوژراون. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سووریا بوونە هۆی کەمکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بە رێژەی 42٪."

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیمان ئیبراهیم میوانی بووڵتنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد

رێکخراوێکی هاوکاریی پەنابەران: شەش هەزار خێزان لە شەهباوە هاتوونەتە حەسەکە و قامشلۆ

رێکخەری دەستپێشخەریی گرووپی هەڤرا بۆ هاوکاریی پەنابەران دەڵێت: ''دۆخی ئاوارەکانی عەفرین کە لە شەهباوە هاتوونەتە قامشلۆ و حەسەکە، زۆر خراپە و بەشێکیان لە شەقامەکان دەمێننەوە''. گوتیشی، بەگشتی نزیکەی شەش هەزار خێزان دەبن.