هەسەدە: هێرشکارانی سەر کەنیسەکەی دیمەشق لە کەمپی هۆل نەبوون

25-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو تۆمەتانەی حکومەتی دیمەشق رەتدەکاتەوە کە گوایە دوو هێرشکارە خۆکوژەکەی سەر  کەنیسەیەکی دیمەشق لە کەمپی هۆلەوە هاتوون و دەڵێت، ئەو زانیارییانە "نادروستن و پشتیان بە هیچ راستییەک نەبەستووە."
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025 بڵاوکراوەتەوە، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، دوای ئەو بانگەشەیەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی دیمەشق، دەزگا پەیوەندیدارەکانیان دەستیان بە وردبینی و لێکۆڵینەوە کردووە لە تۆماری دانیشتووانی کەمپی هۆل و ئەو کەسانەی لە ماوەی رابردوودا کەمپەکەیان جێهێشتووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە "هیچ کەسێک کەمپەکەی جێنەهێشتووە، جگە لەو کەسانەی کە لەسەر داوای حکومەتی دیمەشق گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانیان و هەمووشیان سووریایین، هەروەها ئەو عێراقییانەی کە بەپێی لیستێک لەلایەن عێراقەوە پێشکەشکرابوو، رەوانەی وڵاتەکەیان کراونەتەوە."
 
هەسەدە ئەوەشی روونکردووەتەوە کە کەمپی هۆل "خێزانەکانی داعشی تێدایە کە لە سووری و بیانییەکان پێکدێن و زۆربەیان ژن و منداڵن، نەک تیرۆریستی بیانی." ئەمەش بە گوتەی هەسەدە، ئەو گریمانەیە پووچەڵ دەکاتەوە کە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی دیمەشق باسی کردووە سەبارەت بەوەی دوو تیرۆریستەکە "بیانی بوون" و لە کەمپی هۆلەوە هاتوون.
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوان "تاکە هێزی سووریان کە شەڕی داعشیان کردووە و لە ساڵی 2019 لە باغۆز شکستیان پێهێناوە" و لە ئەرکە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریش بەردەوامن.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، هەسەدە سەرەخۆشی لە قوربانییانی هێرشەکەی سەر کەنیسەکەی دیمەشق دەکات و داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکات "لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و ورد بکات و ئەنجامەکانی لەگەڵ بەڵگەکاندا بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات"، چونکە ئەوە "تاکە رێگەیە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشی تیرۆریستی."
 
رۆژی 22ی حوزەیران، تەقینەوەیەک لەنێو کەنیسەی سانت ئیلیاس لە ناوچەی دوێلعەی دیمەشق روویدا. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی سووریا، لە تەقینەوەکەدا 25 کەس کوژران و 63ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، گرووپی سەرایا ئەنسار و سوننە لە راگەیێندراوێکدا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، ئەندامێکیان "لەنێو کەنیسەی سانت ئیلیاس لە ناوچەی دوێلعەی دیمەشق خۆی تەقاندەوە". 
 
نوورەدین ئەلبابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رۆژی سێشەممە 24ی حوزەیرانی 2025 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکانی سووریا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەواڵگری و وەزارەتی ناوخۆ، ئۆپەراسیۆنێکیان کە بووەتە هۆی لەکارخستنی یەکێک لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی کەنیسەی مار ئەلیاس و دەستگیرکردنی خۆکوژێکی دیکە کە پلانی بۆ کردنەئامانجی مەقامی سەیدە زەینەب دادەنا، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراودا.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوەدا "لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە شانەکە لەلایەن کەسێکی سووری بە ناوی محەممەد عەبدولئیلا ئەلجەميلی، ناسراو بە ئەبو عیماد ئەلجەميلی، سەرپەرشتی کراوە و چەند ئەندامێکی ناسووریی تێدایە، کە لە کەمپی هۆلەوە دزەیان کردووە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە