رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەی سووریا باس لە بایەخی تۆڕی هێڵی ئاسنیی وڵاتەکەی و ئاستەنگەکانی بەردەم بەکارهێنانەوەی دەکات، داوای پشتیوانی و وەبەرهێنانیش بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەرتە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و بەستنەوەی شارەکان پێکەوە دەکات.
یەعروب بەدر، وەزیری گواستنەوەی سووریا لە دیمەشق بە سۆلین محەممەدئەمین، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "دامەزراوەی گشتیی هێڵی ئاسنی لە کۆماری عەرەبیی سووریا، خاوەن تۆڕێکی هێڵی ئاسنی گرنگە کە درێژییەکەی 2850 کیلۆمەترە. ئێستا بەشێک لەو تۆڕە لە دەرەوەی خزمەتگوزاریدایە و ئاگاداری دۆخی ئەو بەشە نین کە دەکەوێتە باکووری سووریا. ئەمەش پێویستی بە زەوینەسازییە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تۆڕەکە."
ئەو وەزیرە جەختی لەوە کردەوە، "وەزارەتی گواستنەوە و دامەزراوەی هێڵی ئاسنی سووریا بە پێویستی دەزانن ئەم تۆڕە زیندوو بکەنەوە و شارەکانی سووریا بە هێڵی ئاسنییەوە گرێ بدەنەوە، هەروەها جارێکی دیکە سووریا لە رێگەی هێڵی ئاسنییەوە بە وڵاتانی دراوسێوە ببەسترێتەوە."
سەبارەت بە ئاستەنگەکان، یەعروب بەدر گوتی، "ئەمە پێویستی بە هەڵسەنگاندنە؛ هەڵسەنگاندنیش پێویستی بە لایەنی مادی و تەکنیکییە. کێشە گەورەکە بریتییە لە دابینکردنی پارە. ئێستا لە دامەزراوەی گشتیی هێڵی ئاسنی بەدەست دابینکردنی پارەوە گرفتارین. هیوادارین چارەسەرێک بدۆزینەوە و بۆ ئەم مەبەستە پشتیوانی و هاوکاری وڵاتانی دۆست و هاوڕێ بەدەستبهێنین."
وەزیری گواستنەوەی سووریا ئاماژەی بە پێویستیی وەبەرهێنان کرد و گوتی، "ئەگەر لەمە دوورتر بڕوانین، ئەو بابەتە پێویستی بە وەبەرهێنانە. پێویستە کۆمپانیا گەورە و خاوەن ئەزموونەکانی بواری گواستنەوەی ئاسنی بێن و رێکبکەون لەسەر جۆرێک لە هاوبەشی لەنێوان هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی، بۆ سەرپێخستنەوەی تۆڕی هێڵی ئاسن و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی گواستنەوە لەلایەن کۆمپانیا تایبەتمەندەکانەوە، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەردوولا."
رێگەی M4 رێگەیەکی گرنگ و نێودەوڵەتییە کە رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی دیکەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە پارێزگاکانی سووریاوە دەبەستێتەوە و ئێستا بەهۆی کۆنترۆڵی چەند گرووپێکەوە داخراوە. لەبارەی هەوڵەکان بۆ کردنەوەی ئەو رێگەیە، وەزیری گواستنەوەی سووریا گوتی، "هەوڵ دەدەین هەموو رێگەکان بکەینەوە کە دەگەنە پارێزگاکانی سووریا، بۆئەوەی هاووڵاتییان بتوانن لەنێوان هەموو پارێزگاکانی سووریادا هاتووچۆ بکەن. ئەم کارە لە سەرووی توانای وەزارەتی گواستنەوەیە؛ بۆیە لە رێگەی کارکردنی هاوبەشەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا ئاستەنگەکان لادەبرێن."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و یەعروب بەدر، وەزیری گواستنەوەی سووریا:
رووداو: لە شاری قامیشلۆ هێڵی ئاسن هەیە کە زۆر کۆن و مێژووییە. ئایا ئێستا هیچ میکانیزم یان رێگەیەکی گونجاو بۆ کارکردن لەسەری هەیە، چونکە زیاتر لە 15 ساڵە وەستاوە؟
یەعروب بەدر: دامەزراوەی گشتیی هێڵی ئاسنی لە کۆماری عەرەبی سووریا خاوەن تۆڕێکی هێڵی ئاسنی گرنگە کە دوو هەزار و 850 کلیۆمەترە؛ ئێستا بەشێکی ئەو تۆڕە لە دەرەوەی خزمەتە، ئاگاداری دۆخەکەی نین لە باکووری سووریا؛ ئەمە پێویستی بە زەوینەسازییە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تۆڕەکە. وەزارەتی گواستنەوە و دامەزراوەی هێڵی ئاسنیی سووریا بە پێویستی دەزانن ئەمە زیندووبکەنەوە و شارەکانی سووریا بە هێڵی ئاسنیی ببەسترێتەوە؛ هەروەها جارێکی دیکە بە رێگەی هێڵی ئاسنینی سووریا بە وڵاتانی دراوسێ ببەستینەوە. ئەمە پێویستی بە هەڵسەنگاندنە، هەڵسەنگاندنیش پێویستی بە لایەنی مادی و تەکنیکییە، کێشەی گەورە کێشەی دابینکردنی پارەیە؛ ئێستا لە دامەزراوەی گشتیی هێڵی ئاسنی بەدەست دابینکردنی پارەوە گرفتارین؛ هیودارین چارەسەرێک بدۆزینەوە و بۆ ئەوەش پشتیوانی و هاوکاری وڵاتانی دۆست و هاوڕێ بەدەستبهێنین، ئەگەر لەمە دوورتر بڕوانین ئەو بابەتە پێویستی بە وەبەرهێنانە، بە جۆرێک کۆمپانیانیای گەورە و خاوەن ئەزموونی گەورەی بواری گواستنەوەی ئاسنی بێن و رێکبکەون لەسەر جۆرێک لە هاوبەشی لەنێوان هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی بۆ سەرپێخستنەوە تۆڕی هێڵی ئاسنی و باشترکردنی خزمەتگوزاریی ئەم تۆڕە و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی گواستنەوە لەلایەن ئەو کۆمپانیا تایبەتمەندانەوە بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەردوولا.
رووداو: رێگەی M4 رێگەیەکی گرنگ و نێودەوڵەتییە کە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە پارێزگاکانی سووریاوە دەبەستێتەوە، ئێستا بەهۆی کۆنترۆڵی پێشووی گرووپەکانەوە داخراوە، ئایا هیچ هەوڵێک هەیە بۆ کردنەوەی ئەم رێگا گرنگە؟
یەعروب بەدر: هەوڵ دەدەین هەموو رێگەکان بکەینەوە کە دەگەنە پارێزگاکانی سووریا بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لەنێوان هەموو پارێزگاکانی سووریا هاتووچۆ بکەن. ئەم کارە لە سەرووی توانای وەزارەتی گواستنەوەیە؛ بۆیە لە رێگەی کارکردنی هاوبەشەوە لەگەڵ لایەنی دیکە ئاستەنگییەکان لادەبرێن؛ هەرکە کاتەکەی هات، دەبینن وەزارەت و دام و دەزگاکان بە هەموو توانایەکەوە ئامادەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەورەییە و بەستنەوەی شارەکانی سووریا بە یەکدییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ