12 هۆزى عەرەبی رەققە و دێرەزوور: بانگەوازى دژ بە هەسەدە ساختەیە

27-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
12 هۆزى عەرەب لە سنووری رەققە و دێرەزوور لە سووریا بڵاوکردنەوەى بانگەوازێک بە "ساختە" وەسف دەکەن کە ناوى ئەو هۆزانەى تێدایە و گوایە لە دژى هێزەکانى سووریاى دیوکرات (هەدەسە) لە رۆژئاواى کوردستان هەڵوێستیان وەرگرتووە.  
 
یەکشەممە 27ى تەمووزى 2025، ئەو هۆزانە راگەیێندراوێکیان لەبارەى ئەو بانگەوازە بڵاوکردەوە کە 26ى تەممووز بڵاوکرابووەوە.
 
 ئەو 12 هۆزە دەڵێن: "لە رۆژانی رابردوودا، بەدواداچوونمان بۆ ئەو راگەیێندراوە ساختە و هەڵبەستراوانە کردووە کە لە هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوکراونەتەوە و بە درۆ خراونەتە پاڵ هۆزەکانى دێرەزوور و رەققە، کە داوای راپەڕینی گشتی لە دژی هەسەدە دەکەن."
 
ئەو بانگەوازەى بڵاوکرابووەوە بەناوى 133 هۆزى عەرەبەوە بوو و تێیدا هۆشدارى ئەوەیان دابوو کە ئەگەر لەو ماوەیەى دەسەڵاتى وڵاتەکەیان دیاریکردووە بۆ چەکدانانى هەسەدە چەک دانەنێت هەڵوێستیان دەبێت.
 
12 هۆزەکەى رەققە و دێرەزوور ناویان لەنێو هۆزەکانى ئەو بانگەوازە هەبووە، لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێن: "ئێمە، وەک گەورە پیاوان و ریشسپییانى ئەم هۆزانە، جەخت دەکەینەوە کە هیچ پەیوەندییەکمان بەو بانگەوازە نییە و بە تەواوەتی هەوڵەکانی تێوەگلاندنی ناومان لە پڕۆژەی ئاژاوەگێڕی رەتدەکەینەوە کە لە دەرەوە بەڕێوەدەبرێن و یەکڕیزیی کۆمەڵگەکەمان و سەقامگیریی ناوچەکانمان دەکەنە ئامانج."
 
جوان عەبدولکەریم سکۆ، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە 27-7-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ چەند سەرۆک هۆزێک قسەی کردووە و پێیان راگەیاندووە، ئەو نووسراوەی 26ی مانگ بڵاوبووەتەوە دروست نییە و ساختەیە.
 
ئەو 12هۆزە داوایان لە هاووڵاتییانى سەر بەو هۆزانە کردووە دواى ئەو بانگەوازە نەکەون کە بە "هاندەر" وەسفیان کردووە و ئامانجیان "بڵاوکردنەوەی ئاژاوە و چاندنی تۆوی تائیفەگەرییە."
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێنراوەکە هاتووە: "پابەندبوونی خۆمان بە پاراستنی یەکڕیزی و پشتیوانیکردن لە هەسەدە دووپات دەکەینەوە، کە نوێنەرایەتیی رۆڵە و کەسوکارمان دەکەن، داوا لە هەمووان دەکەین واز لە ئاژاوەگێڕی بێنن و پێکەوە بۆ داهاتوویەکی ئارام و بەکەرامەت کار بکەن."
 
 
ناوى 12 هۆزەکەی دێرەزوور و رەققە:
 
عەفادلە
عەگێدات
شوعێتات
جبوور
بەکارە
بوخابوور
عوجێل
فەدعان
هاشم
بوشەعبان
بوناسر
سەردیە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە