رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە شاندێکی کوردیی هاوبەش بۆ دانوستاندن لەگەڵ دەسەڵاتی سووریا سەردانی دیمەشق بکات. بەرپرسی نووسینگەی دیمەشقی ئەنەکەسە دەڵێت: ''بڕیارە شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش بێتە دیمەشق.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 28-05-2025، مهاباد دزیانی، بەرپرسی نووسینگەی دیمەشقی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەبارەی پێکهێنانی شاندی کوردیی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بە دڵخواز محەممەد، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: ''ئامادەکارییەکان بۆ پێکهێنانی شاندەکە بەردەوامن و لە نزیکترین کاتدا پێکدەهێندرێت.''
بەگوتەی مهاباد دزیانی، تاوەکو ئێستا ئەندامانی شاندەکە دیاری نەکراون، بەڵام بڕیارە لە دیمەشق ئەو مژارانە بخەنە بەرباس کە لە ''کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' تاوتوێکران.
کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەكهەڵوێستیی کورد دوای چەند مانگ لە ئامادەکاری و چەندین کۆبوونەوەی نێوان پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، رۆژی 26ـی نیسانی 2025 لە قامشلۆ دەستی بە کارەکانی کرد و بە بڕیاری پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش کۆتاییهات.
وەک بەرپرسی نووسینگەی دیمەشقی ئەنەکەسە دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێ لەم دوو رۆژەیشدا ''شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەردانی دیمەشق دەکات، بەڵام مژاری گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەسەڵات جیاواز دەبێت لە شاندی کوردی.''
#VÎDEO - Heyeteke Rêveberiya Xweser ji bo dan û standinan diçe Şamê
— RudawKurdi (@RudawKurdi) May 28, 2025
Berpirsê Ofîsa ENKSyê ya Şamê Mehabad Tizyanî:
🎙️ ❝Mijara heyeta ku dê were cuda ji ya Heyeta Kurdî❞
🎙️ ❝Heyeta Kurdî doza mafên miletê Kurd dike❞#Rojava #ENKS pic.twitter.com/oP4Cf8lGgF
مهاباد دزیانی گوتی: ''پێویستە [لایەنە کوردستانییەکان] لە بواری سیاسییەوە هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت.''
رەشنووسی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە 25 خاڵ پێکهاتووە.
بەرپرسی نووسینگەی دیمەشقی ئەنەکەسە باسی لەوە کرد، ئەو شاندە هاوبەشەی سەردانی دیمەشق دەکات ''بەگوێرەی هەڵوێستی هاوبەشی نێو کۆنفرانسەکە گفتوگۆ دەکات، واتە داوا دەکەین دەسەڵاتێکی ناناوەندی هەبێت، هەروەها زمان و مافی کورد لە دەستووری سووریادا وەک نەتەوەیەک پارێزراو بێت''.
لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە کە رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، هێشتا لایەنە سیاسییە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی شاندێکی هاوبەشی یەکگرتوودا بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی کورد سەردانی دیمەشق بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ