رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا، راگەیێندراوێکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی لە نێوخۆی وڵاتەکە بڵاوکردەوە، کە تێیدا سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام دەکرێت، وەزارەتەکە رایگەیاندووە لێکۆڵینەوەی چڕیان لەسەر ئەو بابەتە دەستپێکردووە و تاوانباران سزادەدرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی نیسان، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "وەزارەتی ناوخۆ بەوپەڕی گرنگییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو تۆمارە دەنگییە دەکات، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا سووکایەتی بە پێگەی پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) دەکات."
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکات، "دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتییە نیشتمانییەکانییەوە، لێکۆڵینەوەی چڕیان لەسەر ئەو بابەتە دەستپێکردووە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەو کەسەی کە پەنجەی تۆمەتی ئاراستەکراوە، تۆمارە دەنگییەکەی بەسەردا نەسەلمێنرا کە ئەوبێت، وەزارەتیش دووپاتیدەکاتەوە، کارکردن لەسەر ئەو دۆسیەیە بەردەوامە، بۆ دیاریکردنی ناسنامەی خاوەن دەنگەکە، بۆ ئەوەی بدرێتە دادگە و سزای یاسایی خۆی وەربگرێت."
وەزارەتەکە سوپاسی هاووڵاتییانی سووریا دەکات و دەڵێت، "جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە سیستمی گشتیی دەکەینەوە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە هەر هەڵسوکەوتێکی تاکلایەنە یان بەکۆمەڵ لە بەرامبەر ئەو کارەدا، کە بەهۆیەوە کاریگەری بکاتە سەر ئاسایشی گشتیی، یانیش دەستدرێژی کردنە سەر گیانی هاووڵآتییان و دامەزراوەکان."
وەزارەتی ناوخۆ دڵنیایی دەدات لەوەی، رۆڵی تەواوەتی خۆیان دەگێڕن، "لە پاراستنی پیرۆزییەکان و لێپێچینەوە لە خراپەکاران." هۆشداریش دەدات لەوەی، "هەر پێشێلکاریکردنێکی یاسا، رێکاری تووند لە بەرامبەریدا دەگیرێتەبەر."
ئەم راگەیێندراوەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە کاتێکدایە، دوێنێ تۆمارێکی دەنگیی بڵاوبووەوە کە سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام دەکات، بەگوێرەی میدیاکانی سووریا، خاوەنی تۆمارەکە خەڵکی ناوچەی جرمانایە لە دەوروبەری دیمەشق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ