سووریا
منداڵێکی 12 ساڵان لە شاری غوتەی سووریا ئاسن و ئەلەمنیۆم کۆدەکاتەوە. وێنە: Emre Caylak photos for Foreign Policy
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئابووری و پیشەسازیی سووریا رایدەگەیێنێت، بۆ ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەیان پێویستیان بە لانیکەم یەک تریلیۆن دۆلارە.
محەممەد نیزال شەعار، وەزیری ئابووری و پیشەسازیی سووریا، لە لووتکەی میدیای عەرەبی لە دووبەی گوتی، خەمڵاندنەکەی بانکی نێودەوڵەتی بە 400 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی سووریا بەس نییە و ئاماژەی بەوە کرد، بەو بڕە پارەیە ناتوانن سووریا ببوژێننەوە.
ئەو وەزیرە سووریاییە هەروەها گوتیشی، "پێویستمان بە لانیکەم یەک تریلیۆن دۆلارە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی سووریایەکی نوێ."
محەممەد نیزال هەروەها دڵنیاییدا لەوەی کە وڵاتەکەی بە هەڵگرتنی گەمارۆکان جارێکی دیکە بەهێز و سەقامگیر دەبێتەوە.
پەیوەندییەکانی ئیمارات و سووریا
لە پەراوێزی لووتکەکە لە دووبەی، وەزیری ئابووری و پیشەسازیی سووریا ستایشی مۆدێلی گەشەپێدانی ئیماراتی کرد، بەتایبەتی ئەزموونی دووبەی لە بواری تەکنەلۆژیا و داهێناندا. ئەو مۆدێلەی بە ئیلهامبەخش بۆ سووریا لە قۆناخی داهاتوودا ناوبرد.
شەعار جەختیشی کردەوە، کە هاوکاری ئابووریی نێوان ئیمارات و سووریا لەسەر بنەمای پەیوەندییە مێژوویی و برایانەی نێوان هەردوو وڵاتەیە. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هاوئاهەنگییە هاندەرێکی سەرەکییە لە ئاوەدانکردنەوەی ئابووری سووریادا.
وەزیرەکە گوتی، "لێکتێگەیشتن و کۆدەنگییەک لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە کە سووریا دەبێت ببێتە وڵاتێکی سەقامگیر. هەموویان چاویان لەوەیە سووریا لە پشێویی زیاتر بپارێزن."
نەخشەڕێگەی وەبەرهێنانی حکومەت
محەممەد نیزال گوتی، "ئێستا دەتوانین باس لە سووریای نوێ بکەین و هاوبەشی نوێ دروست بکەین. لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، کردنەوەی باڵیۆزخانە بیانییەکان لە سووریا دەبینن، و هەموو ئەمانە مانای ئەوەیە کە ئاسایش بەهێزتر دەبێت و وەبەرهێنەران دەتوانن ئاسوودەتربن لە سووریا."
بەگوتەی وەزیرە سووریایەکە، حکومەت کار لەسەر نەخشەڕێگەی وەبەرهێنان دەکات بۆ کەرتی گەشتیاری و پیشەسازی، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئارەزووی وەبەرهێنانیان لە سووریا هەیە.
بۆ زیاتر پشتیوانیکردنی ئابووریی سووریا، سعودیە و قەتەر لە مانگی نیساندا رێککەوتن لەسەر پێدانی نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار بۆ دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سووریا. ئەم هەنگاوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بانکی نێودەوڵەتی بتوانێت پشتیوانی لە حکومەتی سووریا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ