رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی یەکەم هێرشی خۆی دژی هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، لە ئەستۆ گرت.
رێکخراوی داعش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بۆمبێکیان بە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا، لکاندووە.
سەرچاوە نێوخۆییەکانی سووریا رایانگەیاندووە، ئەمە یەکەم هێرشی راگەیێندراوی داعشە دژی حکومەتی نوێی سووریا.
رۆژی چوارشەممە، ئۆتۆمبێلێک لە رۆژئاوای شاری سوەیدا تەقییەوە و بەوهۆیەوە کەسێکی سیڤیل کوژرا و سێ ئەندامی فیرقەی 70ـی سوپای سووریا بریندار بوون.
رۆژی 26ـی ئەم مانگە، دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاند، ئەندامانی شانەیەکی رێکخراوی داعشیان لە نزیک دیمەشق دەستگیرکردووە و تۆمەتباریان کردوون بە ئامادەکاری بۆ هێرشکردن.
ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی حکومەت لە شاری حەلەب لە باکوور لەم مانگەدا بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی هێزەکانی ئاسایش و سێ ئەندامی داعش.
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شام بوو، حکومەتی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکی کاتییان پێکهێنا. یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکانی ئەو حکومەتە پاراستنی ئاسایشی سووریایە.
13ـی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی سعودیەی کرد و لەوێ سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت. ئەو لە بەرامبەردا داوای لە بەرپرسانی سووریا کرد رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ