سووریا
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشق پێشوازی لە یۆهان ڤادێپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەکات.
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا پێشوازیی لە یۆهان ڤادێپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کرد و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان لەگەڵ بەرلین تاوتوێ کرد، کە لە ماوەی شەڕی 14 ساڵەی وڵاتەکەدا پێشوازیی لە ژمارەیەکی زۆری پەنابەری سووری کردووە. ڤادێپول لە لێدوانێکدا رایگەیاند، سووریا پێویستی بە حکومەتێکە کە "ژیانێکی شکۆمەندانە و ئارام" بۆ هەموو هاووڵاتییان دابین بکات.
ئەمە یەکەم سەردانی ڤادێپول بوو بۆ سووریا، هەرچەندە ئانالینا بێربۆکی پێش خۆی دووجار سەردانی کردبوو، کە دواترینیان لە مانگی ئاداردا بوو بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە دیمەشق.
رۆژی پێنجشەممە 30-10-2025 وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، شەڕع پێشوازیی لە ڤادێپول و شاندێکی ئەڵمانی کردووەو تێیدا گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و "رێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و مرۆییدا" کردووە.
ڤادێپول لە راگەیێنراوێکدا، کە لەلایەن وەزارەتەکەیەوە بڵاوکرایەوە رایگەیاند: "بە رووخانی دیکتاتۆریەتی ئەسەد، گەلی سووریا چوونەتە نێو سەردەمێکی نوێوە."
"ئاڵنگاریی گەورە"
لەوکاتەوەی ئەسەد رووخاوە، سووریا لەلایەن حکومەتێکی نوێوە بەڕێوەدەبرێت، کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوادا گەرم بووەتەوە، بەتایبەتی دوای هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا. سەرەڕای ئەمە، وڵاتەکە بەردەوام رووبەڕووی نائارامی بووەتەوە، لەنێویاندا پێکدادانی نێوان گرووپە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان.
ڤادێپول گوتی: "سووریا رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە. پێویستی بە حکومەتێکە کە ژیانێکی شکۆمەندانە و ئارام بۆ هەموو هاووڵاتییان دابین بکات، بەبێ گوێدانە رەگەز، ئایین، نەتەوە یان پێگەی کۆمەڵایەتی."
ئەڵمانیا کۆمەڵگەیەکی گەورەی سووریی تێدایە و سەدان هەزار کەس دوای هەڵهاتنیان لە شەڕی ناوخۆ، لەوێ نیشتەجێ بوون.
ڤادێپول گوتی: "زۆر کەس نەک هەر پارێزراوی، بەڵکو ماڵێکی نوێشیان لە ئەڵمانیا دۆزیوەتەوە. هەندێکیشیان بیریان لە گەڕانەوە بۆ سووریا کردووەتەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان. دەمەوێت ئەم پەیوەندییە تایبەتەی نێوان وڵاتەکانمان پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە سووریا قووڵتر بکەمەوە."
سەردانەکەی ڤادێپول لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئەڵمانیا هەوڵدەدات رێوشوێنەکانی کۆچ تووندتر بکاتەوە، بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی جەماوەریی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی AfD و هەوڵی دەستپێکردنەوەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران بۆ سووریا دەدات.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای رووخانی ئەسەدەوە، یەک ملیۆن پەنابەری سووریایی لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ڤادێپول لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەردانی لوبنان و بەحرێنیش دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ