نەتەوە یەکگرتووەکان: 15.3 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە

31-05-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریاوە خەڵکی هەموو ناوچەکانی ئەو وڵاتە لەژێر گوشاری مرۆییدان؛ بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ 15.3 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی کە دەکاتە نزیکەی 70٪ـی دانیشتوانی وڵاتەکە، پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە. 
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی ئایاری 2023، ئێدیم وۆسۆرۆ، بەڕێوەبەری چالاکییەکانی ئۆفیسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند کە "دۆخە مرۆییە ترسناکەکە بەهۆی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتەوە خراپتر بووە کە باکووری رۆژئاوای وێران کرد".
 
ئێدیم ئاماژەی بەوەشکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستی بە زیاتر لە 5.2 ملیار دۆلارە بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆیی زیاتر لە 14 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی بدەن، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 10٪ـی ئەو پارەیەی کۆکردووەتەوە. 
 
ئێدیم دەشڵێت، "خەڵکی سووریا زیاتر پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبەستن، چونکە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ژێرخانە گرنگەکان لە لێواری داڕماندان. سوورییەکان ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە یارمەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە."
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا درێژبکرێتەوە، کە لە مانگی تەممووز کۆتایی دێت و رایگەیاند، "هاوکارییەکان پێویستن و پەیوەندی بە ژیان و مردنی ملیۆنان کەس لە ناوچەکەدا هەیە."
 
لیندا تۆماس، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریای بەوە تۆمەتبارکرد کە لە دوای روودانی بوومەلەرزەکەی شوبات، هەوڵدەدات دەست بەسەر پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکاندا بگرێت بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لەسەر شانۆی جیهانی بکاتەوە و گوتیشی، "دانیشتن لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لەسەر مێز هیچ بۆ خەڵکی سووریا ناکات". لیندا گوتیشی، "ئەگەر رژێمی ئەسەد دەیەوێت یارمەتیی خەڵکی سووریا بدات، دەبێت دەستبەجێ هەردوو دەروازەی باب سەلامە و راعی تا لانیکەم مانگی ئابی 2024 بە کراوەیی بهێڵێتەوە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە