رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێی حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، دانوستاندنەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای نوێی سووریا "بە بنبەست گەیشتوون،" رێککەوتنی رادەستکردنی بەنداوی تشرین لە حەلەب "بەهۆی نیگەرانیی ئەمنییەوە" جێبەجێ نەکراوە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێ ناوچە بووەتە هۆی زیادبوونی گرژی لەنێوان هێزە زۆرینە کوردەکە و هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە.
راپۆرتەکە لەلایەن پشکنەری گشتیی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، باسی کار و چالاکییەکانی چارەکی دووەمی ئەم ساڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "پێداگریی پۆڵایین" لە عێراق و سووریا دەکات.
راپۆرتەکە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا گۆڕانکاریی گەورەی لە سیاسەتی خۆیدا بەرامبەر سووریا کردووە، بە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و دەستپێکردنی هەنگاوەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی دیمەشق.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، دۆخی هەسەدە لە مانگەکانی نیسان تاوەکو حوزەیران، زۆر ئاڵۆز بووە و رووبەڕووی چەندین گۆڕانکاریی ستراتیجی بووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەو سێ مانگەدا، "دانوستاندنەکان بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای نوێی سووریا بە بنبەست گەیشتوون."
ئەمە لە کاتێکدایە کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا لە 10ی ئاداری ئەم ساڵ رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی دیمەشق، بەڵام هەردوولا دووپاتی دەکەنەوە کە هێشتا رێککەوتنەکە هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندووە، بڕیارە هەردوولا "لە داهاتوویەکی نزیکدا لە پاریس کۆببنەوە."
پشکنەری گشتیی ئەمریکا کە پێگەیەکی هاوبەشی نێوان پشکنەرەکانی وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (یوئێس ئەیدە)، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "ناکۆکییە سەرەکییەکان"ی دیمەشق و قامشلۆ لەسەر سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات و پاراستنی سەربەخۆیی و قەوارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە.
راپۆرتەکە دەڵێت: "هەسەدە دەیەوێت سووریایەکی فیدراڵ هەبێت و پارێزگاری لە یەکپارچەیی پێکهاتە و جوگرافیای یەکینەکانی هەسەدە و هێزە ئەمنییە خۆجێییەکانی بکات. حکومەتی سووریا دەسەڵاتێکی ناوەندگەرایی و کۆنترۆڵکردنی هەموو هێزە سەربازییەکانی دەوێت."
رێککەوتنی ئەمنیی حەلەب
1ـی نیسان، هەسەدە و حکومەتی سووریا گەیشتنە رێککەوتنێکی ئەمنی بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگەی حەلەب، کە بەگوێرەی راپۆرتەکە، هێزەکانی حکومەتی سووریا ئاسایش و سەقامگیری لەو شارە دابین دەکەن، کە زیاتر لە 200 هەزار کوردی تێیدا نیشتەجێن و لەکاتی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق و نزیک لە تورکیا بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، لە ماڵەکانیاندا خۆیان حەشاردابوو.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەسەدە رازی بوو بە رادەستکردنی بەنداوی تشرین بە حکومەتی سووریا، بەڵام تاوەکو نێوەڕاستی حوزەیران، پرۆسەکە "بەهۆی نیگەرانیی ئەمنییەوە لەلایەن هەسەدەوە جێبەجێ نەکرابوو".
ئەمریکا لە نێوەڕاستی نیسانی ئەم ساڵ رایگەیاندبوو کە لەبەر ئەوەی مەترسیی داعش کەمبووەتەوە، هێزەکانی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکشێنێتەوە. مانگی حوزەیران رایگەیاندبوو کە لە کۆی هەشت بنکەی هێزەکانی ئەمریکا، ئێستا تەنیا سێیان ماونەتەوە.
راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە کە سێ لەو بنکانە لە ناوچەی دۆڵی رووباری فوراتی نێوەڕاست بوون کە دووانیان رادەستی هەسەدە کراون و یەکێکیان لەنێوبردراوە.
راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە سەرەڕای کشانەوەییان، هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دژی داعش بەردەوامن، بەڵام کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێک ناوچە بووەتە هۆی زیادبوونی گرژی لەنێوان هەسەدە و هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە.
راپۆرتەکە دەڵێت: "کۆمەڵگە عەرەبەکان بێزاری و وەڕەسبوونی خۆیان بەرامبەر هەسەدە نیشان داوە، ئەوان هەسەدە بە گرووپێکی داگیرکار دەبینن کە [پێیانوایە] لە دابەشکردنی سەرچاوە و پاراستندا، لایەنگریی کولتووری دەکات."
ئاماژە بەوەش دەکات، "هێزەکانی هەسەدە دەبنە ئامانجی ئەو هێرشانەی بە چەکی بچووک و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و سنووردار دەکرێن. لە ماوەی زیادبوونی گرژییەکاندا، هێزەکانی ئەمریکا چەندین جار نێوەندگیرییان لە نێوان هەسەدە و هۆزە عەرەبەکاندا کردووە."
راپۆرتەکە پێشبینی دەکات کە لەگەڵ کشانەوە و جێگۆڕینی هێزە ئەمریکییەکان، "ئەگەر هەیە گرژییەکانی نێوان سەرکردەی هۆزە عەرەبەکان و هەسەدە لە داهاتوویەکی نزیکدا، زیاد ببن."
کەمپ و زیندانەکانی داعش
پشکنەری گشتیی ئەمریکا باس لەوە دەکات، نزیکەی نۆ هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان. هەروەها هەسەدە و ئاسایشی خۆسەر چەندین ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ ئەنجامداوە بۆ لەنێوبردنی شانەکانی داعش و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی هەڵاتن.
راپۆرتەکە دۆخی کەمپەکان بە "قەیرانی مرۆیی" پێناسە دەکات.
لە راپۆرتەکەدا هاتوەوە:
- کەمپی هۆل: نزیکەی 28 هەزار و 400 کەسی تێدایە کە زۆربەیان ژن و منداڵن. 51% سووریایین، 28% عێراقین و 21% خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
- کەمپی رۆژ: نزیکەی دوو هەزار و 400 کەسی تێدایە. 93% بیانین و ئەوانی دیکە سووریایی و عێراقین.
- لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا، دوو هەزار و 622 هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپەکانی هۆل و رۆژەوە گەڕێندراونەتەوە.
- ئەمریکا داوای لە حکومەتی نوێی سووریا کردووە بەرپرسیارێتیی کەمپەکان و زیندانەکان لە ئەستۆ بگرێت.
- هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی سووریاییەکان بۆ زێدی خۆیان دەستیپێکردووە و لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوئاهەنگی دەکرێت.
ئاستی هەڕەشەی داعش
هەڵسەنگاندنی حکومەتی ئەمریکا نیشانی دەدات، "سەرەڕای لاوازبوونی، داعش هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامە."
پشکنەری گشتیی ئەمریکا پێیوایە، هێرشەکانی داعش لە عێراق و سووریا "لە ئاستێکی مێژوویی نزمدایە،" بەڵام پاشماوەکانیان "هێشتا پاڵنەریان هەیە بۆ بەدەستهێنانەوەی هێز".
راپۆرتەکە دەڵێت: "داعش هەوڵدەدات حکومەتە نوێیەکەی سووریا ناسەقامگیر بکات."
هەروەها یەکەم هێرشی رێکخراوە پەڕگیرەکە کە لە مانگی ئایاردا کردییە سەر ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکانی سووریا، بە نموونە دەهێنێتەوە.
لە عێراق، جموجووڵەکانی داعش لە ئاستێکی نزمدان و زیاتر هەوڵی "رزگاربوون" دەدات. هۆکاری ئەوەش زیادبوونی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکانە بۆ سەر حەشارگەکانیان، ئەمە وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ