وەزیری راگەیاندنی سووریا: هیچ شتێکی نائاسایی لە دیمەشق نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری راگەیاندنی سووریا، رووداوی نائاسایی لە دیمەشق رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "پڕوپاگەندەی رێکخراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە ئیسرائیلییەکانەوە دەستیپێکردووە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، حەمزە مستەفا، وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی ئەگەری رووخانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە کۆتایی ساڵی 2025 بڵاوکراونەتەوە.
 
حەمزە مستەفا رایگەیاند، "ئەوەی چەند مانگێکە بە ناونیشانی رووخانی حکومەتی شەرع لە کۆتایی ساڵدا بڵاودەکرێتەوە بەشێکە لە پڕوپاگەندەیەکی رێکخراو کە لە هەژمارە ئیسرائیلییەکانەوە دەستیپێکردووە."
 
ئاماژەی بەوەکرد، "مەترسیی ئەم دەنگۆیانە لەوەدایە کە پەیوەندییان بە باری دەروونی ئەو سووریاییانەوە هەیە کە نیگەرانی ژیانی رۆژانە و داهاتووی خۆیانن، ئەمەش وایکردووە ئەو بانگەشانە پانتاییەکی فراوان بۆ بایەخپێدان داگیر بکەن."
 
وەزیری راگەیاندنی سووریا دەڵێ، لایەنە فەرمییەکان لە رێگەی کەناڵە حکومییەکانەوە بوونی هەر جۆرە رووداوێکی نائاسایییان لە دیمەشق رەتکردووەتەوە و "دەزگاکانی راگەیاندن ئاگادار کراونەتەوە کە ئەو هەواڵانەی بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە."
 
چەند رۆژێکە دۆخی ئەمنیی سووریا جێگیر نییە و لە چەند شارێک خۆپیشاندان و تەقە و ئاڵۆزیی هەیە. 
 
رۆژی 28ی مانگ، تەقینەوە لە مزگەوتێکی عەلەوییەکانی شاری حمسی سووریا روویدا. ئەم رووداوە عەلەوییەکانی نیگەران و تووڕە کرد. مەرجەعەکەیان رۆژی 27ی مانگ، 24 کاژێری دیاریکرد بۆ دەسەڵاتی سووریا بۆ ئەوەی چارەنووسی عەلەوییەکان دیاری بکرێت، بەڵام وادەکە کۆتاییهات و خۆپێشاندان لە حمس و لازقییە و چەند ناوچەیەکی دیکە دەستیپێکرد.
 
تەقینەوەکە لەنێو مزگەوتی "ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب" روویدا، لەکاتێکدا نزیکەی 150 کەس بۆ نوێژی نیوەڕۆ ئامادە بوون، لە کاژێر 12:30ی نیوەڕۆ.
 
دوای رووداوەکان، لینا بەرەکات، کە ئەندامی ئەمیندارێتیی گشتیی رابیتەی عەلەوییەکانی سووریایە، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "خۆپیشاندانەکە دوای ئەو وادەیە هات کە شێخ غەزال غەزال دیاریکرد بۆ دەسەڵاتی سووریا، کە ئەوەش لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە بوو کە لە مزگەوتی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب کە لە گەڕەکێکی زۆرینە عەلەوی روویدا."
 
لەبارەی داخوازیی عەلەوییەکان و قوربانییانی خۆپیشاندانەکانەوە گوتی: "خەڵک داوای مافی خۆیان دەکەن، حکومەتی دیفاکتۆ بەبێ گوێدانە داوای خەڵک هێرشیان کرد و بەداخەوە ژمارەیەک خەڵک کوژران و بریندار بوون، لانیکەم هەشت کەس شەهیدکراون و ژمارەیەکی زۆر برینداریش هەن."
 
لینا گوتیشی: "حکومەتی دیفاکتۆ دەیەوێ بیانوویەک بدۆزێتەوە بۆ پێشێلکارییەکانی، بۆیە عەلەوییەکان تۆمەتبار دەکات، ئەمە ساڵێکە پێشێلکاری لە سووریا بەردەوامە و عەلەوییەکانیش بە شێوازێکی ئاشتییانە داوای مافی خۆیان دەکەن."
 
بەڵام عەمید عەبدولعەزیز ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆ لە لازقیە رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکانمان و خۆپیشاندەران لە لایەنێکی نادیارەوە رووبەڕووی تەقەکردنی راستەوخۆ بوونەتەوە"، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی سڤیل و ئەندامانی ئاسایش.
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی 29ی کانوونی یەکەمی 2025، هەسەدە بڵاویکردەوە: "کاژێر 4:00ی دوای نیوەڕۆ، چەکدارانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە تۆپ و چەکی قورس هێرشیان کردە سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە نزیک بەنداوی تشرین و لە ئەنجامدا سێ شەڕڤان بریندار بوون."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە