رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێ، پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە زووترین کات بەپێی رێککەوتنی 10ـی ئادار، ئەرکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێگە بە هەسەدە نادەن لە ناوچەکەدا درێژە بە چالاکییەکانی بدات و هیچ دۆخێکی تایبەت دروست بکات.
یاشار گولەر شەوی رابردوو لە گوتارێکدا کە لە ئەکادیمیایەکی سەربازی لە ئەنقەرە باسی پرۆسەی چارەسەری و رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان هەسەدە و دیمەشقی کرد.
گولەر گوتی، ساڵی 2025 وەرچەرخانێکی گرنگ بوو و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە کاریگەرانەی لەنێوخۆی وڵات و دەرەوەی سنوورەکان ئەنجاممان دان، توانا و جووڵەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانمان تاوەکو رادەیەکی زۆر سنووردار کرد. لە هەمان کاتدا تواناکانیانمان لە رووی حەوانەوە، لۆجیستی و سەرچاوەی مرۆییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کرد. ئەم سەرکەوتنانەی بەدەستمان هێناون، زەوینەی دەستپێکردنی ئامانجی تورکیای بێ تیرۆری رەخساند. ئەم قۆناخەی پێی گەیشتووین، ئەنجامی تێکۆشانێکە کە باجی قورسی بۆ دراوە".
گولەر گوتی، لەو پرۆسەیەدا رێگە نەدراوە رێڕەوێکی "تیرۆر" بە درێژایی سنوورەکان دروست بکرێ و ئەو پێگەیەی لە رووی سەربازییەوە لە مەیداندا بەدەستیان هێناوە، بە هاوکاریی دیپلۆماسی پشتیوانی لێکراوە.
وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لە سووریا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ دایانمەزراندووە و هەروەها میکانیزمەکانی هاوکاری کە لەگەڵ عێراق دایانناوە، رۆڵێکی گەورەیان لە بەهێزکردنی تێگەیشتنی هاوبەشی ئەمنیدا هەبووە.
گولەر ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەسەدە بە زووترین کات بەپێی رێککەوتنی 10ـی ئادار، ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ بکات و گوتی: "هەڵوێستی دەوڵەتمان لەم بارەیەوە روونە و هیچ جێگەیەکی بۆ دوودڵی نییە. جارێکی دیکە دەمەوێ بیری بهێنمەوە کە رێگە نادەین هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی و لە سەرووی هەموویانەوە پەکەکە/یەپەگە/هەسەدە، درێژە بە چالاکییەکانیان لە ناوچەکە بدەن و هیچ ئەمری واقیعێک دروست بکەن. ئێستا بە هاوئاهەنگی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان و بە دیالۆگێکی نزیک لەگەڵ ئیدارەی سووریا، پرۆسەکە بە شێوەیەکی وریایانە و ژیرانە بەڕێوەدەبەین و کارەکانمان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بە هەستیارییەوە درێژە پێدەدەین کە لە نەریتی دێرینی دەوڵەتدارییمانەوە وەرمانگرتووە. ئامانجی کۆتاییمان، کە خواست و ئاواتی هاوبەشی 86 ملیۆن هاووڵاتیمانە، کۆتاییهێنانە بە تیرۆر، پاککردنەوەی تەواوەتیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و لەناوبردنی هەموو جۆرە هەڕەشەیەکە لەسەر وڵاتەکەمان."
لە 10ـی ئاداری ئەم ساڵ (2025) رێککەوتنێک لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە دیمەشق واژۆ کرا.
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکهاتووە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە لەگەڵ سوپای سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ