رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندان و رێپێوانی نایاسایی بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران، لە ئیستەنبووڵ نزیکەی 400 خۆپیشاندەر دەستگیرکران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران، سەرباری راگەیاندنی قەدەخە و، داخرانی تەواوی رێگەکانی چوون بۆ گۆڕەپانی تەقسیم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەڵام لە زۆربەی ناوچەکانی ئیستەنبووڵ خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەڕێوەچوو.
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، ئێوارەی ئەمڕۆ رایگەیاند، بە تۆمەتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندان و رێپێوان و گردبوونەوەی نایاسایی قەدەخەکراو، لە بەیانییەوە تاوەکو ئێستا 384 خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.
پارێزگاری ئیستەنبووڵ راشیگەیاند، 48 کاژێر پێشتر بە فەرمیی قەدەخەکردنی هەر جۆرە چالاکییەک لە گۆڕەپانی تەقسیم و شەقامی بەیئۆغڵو راگەیاندبوو. گردبوونەوە، رێپێوان، دانانی سەکۆ و خێوەت هەڵدان و هەر جۆرە چالاکییەکی دیکە بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و فەرمان بە هێزە ئەمنییەکان دراوە رێکاری ئەمنی بگرنەبەر.
پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاندبوو، بۆ رێگری لە خۆپیشاندان و هەرجۆرە چالاکییەکی دیکە، 52 هەزار و 656 پۆلیس و ئاسایش ئەرکدار کراون.
لە بەیانییەوە گرژیی زۆر لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران لە ناوچەکانی شیشلی و بێشیکتاش و کارتاڵ و کادیکۆی روویانداوە کە تێیدا خۆپیشاندەران ویستوویانە خۆیان بگەیێننە گۆڕەپانی تەقسیم. زۆرترین خۆپیشاندەر لە رێگەی سەرەکیی مەجیدییەکۆی بە ئاراستەی گۆڕەپانی تەقسیم دەستگیرکران.
لقی ئیستەنبووڵی کۆمەڵەی پارێزەرانی هاوچەرخ (ÇHD) کە کۆمەڵێکی داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ و بێبەرامبەر لە رووی یاساییەوە هاوکاری کرێکاران، قوتابییان، هەژاران دەدەن. لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی ئێکس راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکەن، تا کاژێر 13:15 خولەکی ئەمڕۆ، زیاتر لە 400 کەس دەستگیرکراون.
ئەم کۆمەڵەیە لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، نۆ پارێزەریان لە نێو دەستگیرکراوەکاندایە و هۆکاری دەستگیرکردنیشیان بۆ تۆمارکردنی سەرپێچی و ئازاردانی خۆپیشاندەرانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ