رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئیستەنبووڵی تورکیا کۆرپەیەکی تەمەن دوو مانگ بەهۆی برسێتییەوە گیانی لەدەستدا و دایک و باوکی دەستگیرکران.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 31ـی کانونی یەکەمی 2025 لە ناوچەی فاتیح روویدا. لە کاتێکدا هەموو تورکیا خۆی بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ ئامادە دەکرد، دایکێکی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی "ی.ی" پەیوەندیی بە هێڵی فریاکەوتنی بەپەلەوە کردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە گریانەوە گوتوویەتی "کۆرپەکەم هەناسە نادات" و بەمشێوەیە رووداوەکەی ئاشکرا کردووە.
دوای ئەوەی تیمی تەندروستی گەیشتە ماڵەکە، دەرکەوت ئەو کۆرپەیە کە لە رۆژی پێنجی تشرینی دووەمدا بە کێشی 3 کیلۆ و 200 گرام لەدایکبووە، لە ماوەی 2 مانگی رابردوودا نەک هەر گەشەی نەکردووە، بەڵکو بە کردەیی لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە.
لە پشکنینی تەرمەکەیدا، دەرکەوتووە، سکی کۆرپەکە چووەتەوە ناوەوە و کێشی بۆ دوو کیلۆگرام دابەزیوە.
دایکی کۆرپەکە لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا گوتوویەتی، "ماوەی سێ رۆژە خۆراکمان پێنەداوە. منداڵەکەم دوێنێ مرد."
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا داواکاری گشتی، بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دۆسیەی کردەوە و دایکی کۆرپەکە لەگەڵ دایک و باوکی و هاوژینەکەی دەستگیرکران.
تیمەکانی پشکنینی شوێنی رووداو بەڵگەکانی نێو ماڵەکەیان کۆکردەوە و گوتەی شایەتحاڵەکان و تۆمارەکانی نەخۆشخانە و سەرجەم بەڵگەنامە پزیشکییەکان خراونەتە نێو دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە.
لە پاساوی بڕیارەکەدا هاتووە "گومانلێکراوان بە رەفتاری کەمتەرخەمانە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستیان ئەنجامداوە و بە ئاشکرابوونی گوتەکانیان کە ئاماژە بەوە دەکەن کۆرپە دوو مانگانەکە لەوانەیە بەهۆی برسێتییەوە گیانی لەدەستدابێت، تاوانەکە سەلمێندراوە و پێویستە گومانلێکراوان دەستگیر بکرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ